فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان سەرکوتی میدیایی ڕژێمی ئێران شەرمەزار دەکات

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان، بە بڵاوکردنەوەی ناوی چەند ڕۆژنامەنووسێکی زیندانیکراو، بە توندی سەرکوتی میدیایی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە شەرمەزار کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان، بە بڵاوکردنەوەی لیستی ناوی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو، بە توندی ڕەخنەی لە سەرکوتی میدیایی ڕژێمی ئیسلامی ئێران گرت و وێڕای شەرمەزارکردنی "تۆمەتە بێ بنەماکان" بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان، داوای لە دەسەڵاتدارانی ڕژێمی ئیسلامی کرد، هەموو تۆمەتەکانی دژی ڕۆژنامەنووسەکان هەڵبوەشێننەوە.

 

دومینیک پرادالیە، سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان، گرتن و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسانی بە هۆشدارییەکی جددی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە قەڵەمدا و جەختی لەوە کردەوە: ڕۆژنامەگەری تاوان نییە و کۆماری ئیسلامی دەبێ هەموو ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی ڕاگەیاندنی زیندانیکراو ئازاد بکات.

 

ئەم فیدراسیۆنە بە ئاماژەدان بەوەی کە لە ئێستادا ١٣ ڕۆژنامەنووس لە زیندانەکانی ڕژێمی ئیسلامی زیندانی کراون، ڕایگەیاند کە بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی چالاکیی و ئامانجەکانی، هەفتانە لیستێکی نوێکراوی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراوی ئێران بڵاو دەکاتەوە.

 

و لە کۆتاییدا بە ئاماژەدان بە نیلوفەر حەمیدی و ئیلاهە محەمەدی، دوو ڕۆژنامەنووسی زیندانیکراوی ئێران، کە زیاتر لە ڕۆژنامەنووسانی دیکە ناسراون و بە هۆی هەواڵی کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن ڕژێمەوە، سەرنجی خەڵک و میدیاکانیان ڕاکێشا، ناوی ١١ ڕۆژنامەنووسی دیکەی هێنایە ئاراوە، کە لە ئێستادا لە زیندانەکانی ڕژێمدان، ئەوانیش؛

 

عەلیرەزا جەباری دارستانی، پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی مێهر

ئیمان بەپەسەند، ڕۆژنامەنووسی ئازاد

ریدا ڕەبانی، ڕۆژنامەنووسی ئازادی ڕۆژنامەی شەرق

فەرزانە یەحیا ئابادی، ڕۆژنامەنووسی ئازادی ناوخۆیی لە شاری ئابادان

فەرخوندە عاشووری، ڕۆژنامەنووسی ئازاد و پەیامنێری پێشووی ئاژانسی هەواڵی فارس

هاشم موزنزادە، ڕۆژنامەنووسی ئازاد

مەرال دار ئافرین، ڕۆژنامەنووسی ناوخۆیی لە پارێزگای گیلان

ئەمیر مەسکەنی سەرنووسەری گۆڤاری "سبزوار امروز"

سیامەند مهتەدی، ڕۆژنامەنووسی ئازاد

ژینا مودەرس گورجی، ڕۆژنامەنووسی ئازاد

کامیار فکور، پەیامنێری خبرئۆنلاین