ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی کەنەدا: ملیۆنان کەس بەهۆی دوکەڵەوە دەمامک دەکەن

ملیۆنان کەس لە ئەمریکای باکوور ئامۆژگاری دەکرێن دەمامکی N95 بەکاربهێنن بەهۆی خراپی ئاستی جۆری هەواوە کە بەهۆی ئاگری دارستانەکانی کەنەداوە دروستبووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە دەست بە دابەشکردنی دەمامک دەکرێت و ئامۆژگاری خەڵک دەکرێت کە پێویستە دەمامک بەکاربهێنن ئەگەر نەتوانن لە ماڵەوە بمێننەوە.

 

کاربەدەستان هۆشداری دەدەن لەوەی کە پێشبینی دەکرێت دۆخی مەترسیداری دوکەڵ تا کۆتایی هەفتە بەردەوام بێت و چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە ١٥ هەزار کەس ناچار بکرێن بڕۆنە دەرەوەی ناوچەکە، بەرپرسان ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند، ئەمە خراپترین وەرزی ئاگرکەوتنەوەیە.

 

کەیت هۆچوڵو، پارێزگاری نیویۆرک ڕایگەیاند، ڕۆژی پێنجشەممە یەک ملیۆن دەمامک بەسەر دانیشتوانی ویلایەتەکەدا دابەش دەکات، ناوەندی ژینگەی کەنەداش ئاماژەی بەوەکرد، ڕۆژی پێنجشەممە بارودۆخەکە لە تۆرۆنتۆ خراپتر دەبێت لە کاتێکدا دووکەڵی زیاتر دەڕژێت.

 

لە بەیاننامەیەکی تایبەتی کەشوهەوادا ڕۆژی چوارشەممە، ئاژانسەکە پێشنیاری ئەوەی کرد کە هەرکەسێک لە دەرەوە دەمامک ببەستێت، لە هەمان کاتدا، ئاژانسی پاراستنی ژینگەی ئەمریکا "EPA" جۆرایەتی هەوای لە زۆربەی باکووری ڕۆژهەڵات بە "ناتەندروست" پۆلێن کرد بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە کێشەی هەناسەدانیان هەیە.

 

ملیۆنان کەس لە سەرانسەری ئەمریکای باکوور لەژێر جۆرێک لە ئاگادارکردنەوەی جۆری هەوادان، لە نیویۆرک، تەمێکی پرتەقاڵی ئاسمانی شارەکە و پەیکەری ئازادی داپۆشیوە.