زیندانی ئەڤین؛ بەردەوامی دەستبەسەرکردن و بێبڕیار و بێبەشکردنی وریشە مورادی

وریشە مورادی چالاکوانی مافی ژنان زیاتر لە ١٠ مانگە لە زیندانی ئەڤین زیندانی کراوە و هیچ مامەڵەیەکیش لەگەڵ دۆسیەکەیدا نەکراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ئاژانسی هەواڵی هارانا ڕاپۆرتێکی لەسەر بارودۆخی وریشە مورادی-جوانا سنە، چالاکوانی مافی ژنان و ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار بڵاوکردەوە، کە لە ٣١ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ەوە دەستبەسەرە، ئاماژەی بەوەدا، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٣٢٠ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەر کردنیدا، هێشتا له زیندانی ئەڤین له دۆخێکی ​​نادیار دایە و پێداویستی پزیشکی و مافی پەیوەندیکردن لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەرەکەی سنوردار کراوە.

 

وریشە مورادی لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری ئەمساڵەوە بە فەرمانی ئەبولقاسم سەلوانی بەرپرسی لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران چاوپێکەوتن و پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی قەدەغە کراوە و سەرەڕای بەدواداچوونەکانی کەسوکار و پارێزەرانی ئەم دەسەڵاتە دادوەرییە سەبارەت بە هۆکار و ماوەی ئەم قەدەغەکردنانە، تا ئێستا هیچ وەڵامێکی ڕوونیان بۆ نەدراوەتەوە و هێشتا ڕووبەڕووی ئەم سنووردارکردنانە بووەتەوە، هەروەها سەرەڕای ئەوەی دۆسیەکەی ڕەوانەی دادگای ئینقلاب کراوە، بەڵام تا ئێستا دۆسیەی وریشە مورادی مامەڵەی لەگەڵ نەکراوە.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە وریشە مورادی بەدەست چەند نەخۆشییەکەوە دەناڵێنێت لەوانە ئازاری جومگەکان و پشت و بەزەحمەت توانای ڕۆیشتنی هەیە، هەروەها لە دوای دەستگیرکردنیەوە ڕووبەڕووی دابەزینی کێشی توند بووەتەوە، لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا بەهۆی نەخۆشییەوە دووجار ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان کراوە، بەڵام چارەسەری تایبەتمەند نەکراوە و تەنها پزیشکانی نەخۆشخانەکە سنووردار بوون بە پشکنینی.

 

وریشە مورادی لە ٣١ی ئەیلوولی ٢٠٢٣دا لە شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای ٢ هەفتە لێپرسینەوە لە ئیتلاعاتی سنە، بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئەڤین گوازرایەوە و لەگەڵ تەواوبوونی پرۆسەی لێپرسینەوە، لە ناوەندی دەستبەسەرکردنی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە گواسترایەوە بۆ زیندان ژنانی ئەم زیندانە.

 

لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا لەلایەن لقی پێنجی دادگای گشتی و ئینقلابی تارانەوە بە خیانەت تۆمەتبار کرا و دۆسیەکەی ڕەوانەی لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران کرا، بەڵام تا ئێستا دۆسیەکەی مامەڵەی لەگەڵ نەکراوە.