شەهرزاد ئەکبەر خەڵاتی مافی مرۆڤی ئێبەرد ستیفتونگی وەرگرت

خەڵاتی مافی مرۆڤی ساڵی ٢٠٢٣ی دامەزراوەی "فریدریش ئێبەرد ستیفتونگ" بەخشرایە شەهرزاد ئەکبەر.

ناوەندی هەواڵ

 

شەهرزاد ئەکبەر، سەرۆکی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی مافی مرۆڤی ئەفغانستان، خەڵاتی مافی مرۆڤی ساڵی ٢٠٢٣ی دامەزراوەی "فریدریش ئێبەرد ستیفتونگ"ی ئەڵمانی لە بەرلین وەرگرت.

 

وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە شەهرزاد ئەکبەر وەک "دەنگێکی بێلایەن" بۆ دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ ڕەخنەی لە تاڵیبان و حکومەتی پێشووی ئەفغانستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرتووە، ڕاگەیەندرا، کە بەهۆی پابەندبوون و هەوڵی ئازایانەی ئەم چالاکوانە لە بواری مافەکانی مرۆڤ، وەک دوا سەرۆکی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی مافی مرۆڤی ئەفغانستان خەڵات کرا.

 

دامەزراوەی ئێبەرد ستیفتونگ بە ئاماژەدان بەوەی کە شەهرزاد ئەکبەر لەگەڵ خێزانەکەی لە دەرەوەی وڵاتەکەی خۆی دەژی، بەڵام بە شێوەیەکی متمانەپێکراو بەرگری لە "پابەندبوون بە مافەکانی مرۆڤ"ی هاوڵاتیانی ئەفغانستان دەکات، لە ئێستاشدا لەگەڵ خانەوادەکەی لە ئاوارەییدا دەژی و وەک سەرۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "راڤادری" بەردەوامە لە گرنگیدان بە "دۆخی وێرانبوو"ی وڵاتەکەی و بەرخۆدانی ژنانی ئەفغانستان دژی ڕژێمی تاڵیبان.

 

دامەزراوەکە لە درێژەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، بەخشینی خەڵاتی مافی مرۆڤ (FES 2023) بە شەهرزاد ئەکبەر نیشانەی "هاودەنگیی بەردەوام"ە لەگەڵ خەڵکی ئەفغانستان، کە لە دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان لە مانگی ئابی ٢٠٢١ەوە لە بارودۆخێکی مرۆیی کارەساتباردا دەژین.