لە زانکۆی ڕاپەڕین هۆشیاری لەبارەی توندوتیژی دژی ژنان بڵاوکرایەوە

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە زانکۆی ڕاپەرین هۆشیاری لەبارەی توندوتیژی دژی ژنان بڵاوکرایەوە.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- لە چوارچێوەی چالاکییەکانی تایبەت بە هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە هۆڵی زانکۆی ڕاپەڕین لە شاری ڕانیە، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی ڕاپەڕین ڕیزە چالاکییەک بەڕێوەچوو.

 

سەرەتای پانێڵەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی قوربانیان دەستی پێکرد، دواتر پەیمان ڕەمەزان سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین وتارێکی پێشکەشکرد.

 

پانێڵێک لەلایەن دکتۆر ڕوخسار محەمەد، بە ناونیشانی "کاریگەرییەکانی پەروەردە و ڕاگەیاندن لەسەر توندوتیژی خێزانی" بابەتێکی پێشکەشکرد و دوو شانۆگەری بە ناوەکانی "ژیان بەردەوامە" و "جیاوازی ڕەگەزی" پێشکەشکرا.

 

پەیمان ڕەمەزان، سەرۆکی زانکۆی ڕاپەڕین، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها باسی لەوەکرد، ساڵانە لە ٢٥ی تشرینی دووەمدا کەمپەینی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەڕێوەدەچێت، ئەوەی گرنگە لە ئەم چالاکییانە بەردەوام بن و تایبەت بن بە پرسی خێزان و توندوتیژییە خێزانییەکان، وتیشی: ئەمڕۆش لەو چوارچێوەیەدا پانێڵێکمان ساز کرد و تیایدا دوو شانۆگەری، کە تایبەت بوون بە پرسی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان بەڕێوەچوون، دیارە ئەم چالاکییانە بە بیرمان دێننەوە کە ساڵانە چەندان ژن دەبنە بەرکەوتەی توندوتیژییەکان، بەپێی داتاکان لە هەر ڕۆژێکدا لە هەر کاتژمێرێکدا و لە هەر دەقەیەکدا سێ خێزان یاخود سێ ژن ڕووبەڕووی توندوتیژی خێزانیی دەبنەوە، دیارە پرسی توندوتیژی پرسێک نیە تایبەت بێ بە هەرێمی کوردستان، بەڵکو پرسێکە لە هەمو کۆمەڵگەکانی جیهاندا هەیە.