پەروەردە بێ خەمە لە بایکۆتی خوێندن و مامۆستا و خوێندکار ڕاپێچی تاقیکردنەوە دەکات

١٣ی ئەیلوول زەنگی دەستپێکردنی قوتابخانە لێدرا و مامۆستایان بایکۆتی خوێندنیان دەستپێکرد و ڕایانگەیاند تا پێدانی مووچەکانیان بەردەوام دەبن لە نەچوونە هۆڵەکانی خوێندن، بەڵام لێدوانێکی وتەبێژی پەروەردە، مامۆستا و خوێندکار ڕاپێچی تاقیکردنەوە دەکات.

سلێمانی

 

پێنەدانی مووچە و خراپی دۆخی ئابووری هەرێمی کوردستان، مامۆستیایانی ناچار کردووە کە لەگەڵ دەستپێکردنی زەنگی خوێندنی ئەمساڵ، بایکۆتی چوونە هۆڵەکانی خوێندن ڕابگەیەنن و ماوەی مانگێکە پڕۆسەی خوێندن لە قوتابخانە حکومییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و گەرمیان وەستاوە، سەرەڕای ئەوەش داواکاریی مامۆستایان، کە پێدانی مووچەکانیانە، جێبەجێ نەکراوە و مامۆستایان دەڵێن، بەبێ مووچە چۆن بتوانن پێداویستی منداڵەکانیان و خۆیان پڕبکەنەوە و بچنە هۆڵەکانی خوێندنەوە.

 

سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردە لە ١٤ی ئەم مانگەدا ڕایگەیاندووە، ساڵنامەی خوێندن ناگۆڕدرێت و بۆ تاقیکردنەوەی نیشتیمانیی نۆی بنەڕەتی و تاقیکردنەوەی وەزاریی ١٢ی ئامادەییش، هیچ یەکێک لە پرۆگرامەکانی خوێندن کەم ناکرێتەوە و دەستکاری ناکرێن و وەک ساڵی رابردوو دەبێت، هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، کەمکردنەوەی پرۆگرامی خوێندن، گەورەترین زیان لە قوتابیان دەدات و پرۆسەی وەرگرتن لە زانکۆکان زۆر ئەستەم و ئاڵۆز دەکات، بەو جۆرەش کە ساڵنامە دانراوە ئینجا ١ی ٧ دوا تاقیکردنەوەی وەزاری دەبێت و بە هیچ شێوەیەک ناتوانین دەستکاریی کات و رێکەوتی تاقیکردنەوەکان بکەین.

 

ئەم لێدوانەی وتەبێژی پەروەردە مامۆستایان ملکەچی گەڕانەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن دەکات، و لەم هەفتەیەدا بەشێکی زۆری خوێندنگاکان دەرگای هۆڵەکانیان کردەوە تا مامۆستایان بەبێ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان، دەست بە وانە وتنەوە بکەن، زەرەرمەندی سەرەکی لە تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر خوێندن و بایکۆتی وانە وتنەوەدا تەنها خوێندکارانن، بەتایبەت خوێندکارانی پۆلە سەرەتاییەکان کە بنچینەی زانست و زانیارییانە، خوێندکارانی قۆناغەکانی دیکەش لەگەڵ دەستکردن بە خوێندن، دەچنە ناو تاقیکردنەوەکان و بەبێ ئەوەی زانستێکیان پێبێت، بەشێکی ئەمساڵی خوێندن تێدەپەڕێنن.