"فێربوونی زمان، هەناسەی ئازادییە"

مامۆستا فاتمە مەمۆ، زمانی کوردی لە پێش و پاش شۆڕش هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند، شۆڕش لە زۆر ڕووەوە پێکهات، یەکێکیان شۆڕش و خودی شۆڕشی زمان بوو.

ڕۆناهی نودا

 

قامیشلۆ- هەر نەتەوەیەک بە کولتوور و زمانی خۆی دەناسرێت، یەکێکە لە نەتەوەکان گەلی کوردە کە ساڵانێکە ڕووبەڕووی قڕکردن دەبنەوە، سەرەڕای ئەوانە، گەلی کورد توانیویەتی زمانی دایکی خۆی بپارێزێت و شۆڕشی زمان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام بدات، مامۆستا فاتمە مەمۆ، مامۆستا لە قوتابخانەی کچان، سەختی و سەرکەوتنی لە بواری پەروەردەدا پێش شۆڕش و دوای شۆڕشی ١٩ی تەمموز هەڵسەنگاند.

 

"نەخوێندن بە زمانی خۆت توندوتیژییە"

فاتمە مەمۆ ئاماژەی بەوەکرد، ئەو یەکێک بوو لە خوێندکارانی سەردەمی ڕژێمی بەعس و بەهۆی ئەوەی سرودی ڕژێمی بەعسی نەوتووەتەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی ڕژێم بووەتەوە و وتی: کاتێک بە زمانی خۆت نەخوێنیت، زەحمەتی و سەختی بۆ مرۆڤ دروست دەکات، دەتوانم نموونەی خۆم بێنمەوە کە کاتێک لە قوتابخانەی ڕژێم دەمخوێند، لەبەر ئەوەی سرودم نەوتەوە، لەسەر ئەژنۆ و ئانیشک لە قوتابخانە وەستێندرام، ئەم سزایە قەت لە بیرم ناچێتەوە، کاتێک لە قوتابخانە دەخوێنیت، پەروەردە دەبیت، بەڵام ڕژێمی بەعس بەدوای ڕێبازی سەربازیدا دەگەڕا، بەتایبەتی دژی خوێندکارانی کورد، زۆر زەحمەت بوو کە ئێمە نەماندەتوانی وشەیەکی کوردی بڵێین و لێمان دەدرا، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دەروونمان هەبوو.

 

"بە نهێنی لە ماڵەوە خۆمان فێری کوردی دەکرد"

فاتمە مەمۆ ئاماژەی بەوەدا بۆ ئەوەی فێری زمانی کوردی ببێت، بە نهێنی زمانی کوردی لە ماڵەکەی خۆیدا فێر دەبوو، وتی: ڕژێمی بەعس لە دژی ئێمە توندوتیژی ئەنجام دەدا، بە هەموو شێوەیەک هێرشی دەکردە سەرمان، بۆ ئەوەی گەلێک قڕبکات لە ڕێگەی پەروەردەوە قڕکردنەکەی دەکرد، ڕژێم هەوڵی له ناوبردنی هەرێمەکانی ڕۆژئاوای کوردستانی دەدا و هەموو شێوازەکانی بەکارهێنا، وەک گەلی کورد ئێمە لە ماڵەکانماندا خۆمان فێری زمانی کوردی کرد، کاتێک دایک و داپیرەمان فێری زمانی کوردی بوون، ئێمەش خۆمان فێر کرد، تا ئەمڕۆش ئێمە بەو هێزەوە دەژین، لە دژی ئەم زەحمەتییانە ئێمە لە خەبات و بەرخۆدان داین، وەک گەلی کورد بەرگری لە شۆڕشێک دەکەین.

 

"لەگەڵ شۆڕشدا، شۆڕشی زمان پێکهات"

مامۆستا فاتمە ئەوەی خستەڕوو، کاتێک شۆڕشی ١٩ی تەمموز دەستیپێکرد، لە منداڵانەوە تا گەورەکان، قوتابخانە و دەرگاکانی ڕژێمیان شکاند و گۆڕیان بۆ شوێنی فێربوونی زمانی دایک و وتی: ئەو هەستەی کە ئێمە لەگەڵ شۆڕشدا تییدا ژیاین بە وتن دەرنابڕدرێت، زمان خۆی شۆڕشێکی دروستکرد، کاتێک شۆڕش ڕوویدا و ڕژێم قوتابخانەکانی بەجێهێشت، نەک تەنها خوێندکارە گەورەکان قوتابخانە و دەرگاکانیان شکاند، هەموو کەسێک هەستی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری بۆ دروستبوو، منداڵان داهاتووی ئێمەن، بۆیە گرنگیمان بە پەروەردە دا و خەبات و تێکۆشانێکی گەورە لە بواری پەروەردەدا پێشکەش کرا.

 

"بنەمای تەندروست، بەڕێکخستنکردنی تەندروست پێکدێت"

فاتمە مەمۆ هەڵسەنگاندنی بۆ ڕێکخراو و ئامانجی بواری پەروەردە کردو وتی: کاتێک کۆمەڵگە خاوەنداری لە زمانی تایبەتی خۆی دەکات، پەروەردە دەبێت، کاتێک کۆمەڵگە پەروەردە دەبێت، کولتوور، زمان و دۆزی خۆی دەناسێنێت، کاتێک کەسێک خۆی دەناسێت کاریگەری لەسەر ژینگەش هەیە، لە کاتی شۆڕشدا سەرەتا کلیلەکانی دەرگای قوتابخانە شکێندران، دواتر قوتابخانەکان ڕێکخران و سیستمیان پێدرا و ئێمە بە خۆشییەکی زۆرەوە دەستمان بە وانەکان کرد، لە سەرەتادا ئێمە کەم بووین، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات هەموو قوتابخانەکان کەوتنە دەستی ئێمە و سیستمەکەمان فراوان بوو.

 

"شۆڕشی ١٩ی تەمموز لە نەبوون، هەبوون و لە مردن، ڕۆحی دروستکرد"

فاتمە مەمۆ ساڵیادی ١٩ی تەمموزی پیرۆز کرد و ئاماژەی بەوەکرد، زمان سەرکەوتنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان بوو، وتی: شۆڕش لە زۆر ڕووەوە پێکهات، یەکێک لەوانە شۆڕش و خودی شۆڕشی زمان بوو، هەروەها زمان وەک ئازادی وایە کاتێک دەیخوێنیت، ئەمڕۆ، دەروونی گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان ئاسوودەیە، چونکە بە زمانی خۆی دەخوێنێت و دەنووسێت، شۆڕشی ١٩ی تەمموز ڕۆحێکی نوێ و ژیانێکی نوێی بۆ کۆمەڵگە دروستکرد، ساڵیادی ١٩ی تەمموز نزیک بووەتەوە و جارێکی دیکە پیرۆزبایی ساڵیادی شۆڕشەکەمان دەکەین، شۆڕشی ١٩ی تەمموز لە نەبوون هەبوون و لە مردن ڕۆحی دروستکرد، ئێمە هەمیشە لە تێکۆشان و بەرخۆدانداین.