لە پانێڵێکدا ئاماری کوشتن و دەستدرێژی ژنان خرایەڕوو
لە پانێڵێکدا، کە لە زانکۆی سلێمانی پێشکەشکرا، باس لە کێشەکانی ژنان و خێزان کرا و ئاماری کوشتن و دەستدرێژی سێکسیی لە هەرێمی کوردستان خرایەڕوو.
ناوەندی هەواڵ
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە لە کامپی نوێی زانکۆی سلێمانی سلێمانی، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، بە هاوبەشی سەنتەری یەکسانی جێندەری زانکۆی سلێمانی و تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان پانێڵێکی زانستی بۆ خستەڕووی کێشەکانی خێزان و ژنان و ئامارەکانی توندوتیژی و کوشتنەکانی ژنان ڕێکخرا.
پانێڵەکە لەلایەن شەوبۆ عەسکەری، بەڕێوەبرا، هەریەک لە دکتۆر سەمیرە محەمەد، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی سلێمانی، دڵخواز عەبدوڵا، یاساناس و مافناس و موقەدەم هێمن عەبدولقادر، بەڕێوەبەری سەنتەری ڕاوێژکاری لە بەڕێوەبەرایەتی توندتیژی خێزانی و ژنان لە پانێڵەکەدا بەشدار بوون.
دڵخواز عەبدوڵا، مافناس و توێژەری کۆمەڵایەتی، ئاماژەی بەوەکرد، توندوتیژی هەر هەڕەشە و توندوتیژیەکە کە لە خێزان و چوارچێوەی خێزاندا بەرامبەر قوربانی ئەنجام بدرێت، وتیشی: زۆرێک لە کێشەکان هەڵقوڵاوی ناو خێزانەکانە، لەگەڵ هەبوونی هەر توندوتیژیەک لە ناو خێزانەکان لە کۆندا، بەردەوام پەنا بۆ کپکردنەوەی کێشەکان بە ژنان براوە، لە ڕێگەی بەشودان بە بێ خواستی ژنان لە تەمەنێکی کەمدا، کە هۆکار بووە بۆ کوشتن و توندوتیژی بەردەوامی ژنان. گونجاندنی خێزانی ڕۆڵی گەورە دەبینێت لە تێکنەچوونی شێرازەی خێزان لە کۆمەڵگەدا، زۆرێک لە هاوسەران ژینگەی کۆمەڵایەتی و خێزانیان لە یەکدی جیاوازە، پێویستە گونجاندن لە نێوان هاوسەراندا بەدی بکرێت، هەروەها پێویستە بزاندرێت کێشە خێزانییەکان لەناو دادگاکاندا لە چیدا خۆیی دەبینێتەوە، تا بتواندرێت هەوڵ بۆ چارەسەرکردن و ڕوبەڕوو بوونەوەی بدرێت.
دڵخواز عەبدوڵا وتیشی: توندوتیژی دەروونی لە لایەن پیاوانەوە هۆکارێکی دیکەی تێکدانی دەروونی ژنانە لە خێزانەکاندا، کێشە خێزانیەکان لە دادگادا زیاتر سوکایەتی پێکردنی ژنانە لە لایەن هاوسەرەکانیانەوە، کە هۆکارە بۆ تێکدانی دەروونی ژنان لە کۆمەڵگەدا.
دکتۆر سەمیرە محەمەد، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی سلێمانی، وتی: لە سەرجەم خێزانەکاندا توندوتیژی بەرامبەر یەکدی دەکرێت، ئامارەکان دەریدەخەن توندوتیژییەکان لە ڕێگەی خۆکوشتن و کوشتن و سووتانەوە، لە ئێستادا جۆرێکی دیکەی توندوتیژی زیادیکردووە، ئەویش توندوتیژی سێکسییە کە زۆرێک لە خێزانەکان بە شەرمی دەزانن باس لە هەبوونی ئەو جۆرە توندوتیژییە بکەن، توندوتیژیەکان لەسەر ئاستی شاری سلێمانی لە ساڵی ٢٠١٧ بۆ ٢٠٢٣ بەرزبووەتەوە ئەویش بە تۆمارکردنی ٣٤٢٣ کەیسی توندوتیژی، هەروەها سکاڵای خێزانی بەردەوام لە بەرزبووندایە، لە هەرێمی کوردستاندا لە ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ٢٠٢٢دا دەسترێژیە سێکسیەکان بەردەوام ڕووی لە هەڵکشان کردووە، سەرەڕای ئەوەی کە هەرێمی کوردستان زۆرێک لە هاوڵاتیانی مسوڵمانن، بەڵام ڕێژەی دەستدرێژی سێکسی لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٥٤ حاڵەت بووە، سەرەڕای هەبوونی یاساکان لە هەرێم و هەمووارکردنەوەی یاساکان، بەڵام بەردەوام ڕێژەکانی کوشتن و دەستدرێژی لە زیادبووندا دەبێت، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ بێدەنگبوونی دەسەڵات و حکومڕانی لە ئاست ئەو توندوتیژییەی هەیە.
"دەبێت هۆشیاری لە بارەی یاساکانەوە بدرێت"
مهاباد حەمەئەمین، ئەندامی دەستەی تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان، ئاماژەی بەوەکرد، لە هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی و ژناندا، بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی سلێمانی لە ڕێگەی پانێڵێکەوە هەوڵ بۆ هۆشیارکردنەوەی خوێندکاران و خێزانەکان دەدەین، وتیشی: پێویستە هەموو ئەو یاسا و ڕێسایانەی بە توندوتیژی خێزانیەوە گرێدراون بخرێتە بەردەم هاوڵاتیان، هەروەها هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی یاساکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بدرێت، هەوڵدان بۆ هۆشیارکردنەوەی خوێندکاران و چینی پەروەردە کە بناغەی دامەزراندنی کۆمەڵگەیە لە ڕێگەی چەندین کۆڕ و پانێڵی هاوشێوە پێویستە.
لە کۆتاییدا وتی: تۆڕی هاوبەشی ڕێکخراوەکان سکاڵا بەرامبەر ئەو شوێن و میدیایانە بڵاودەکاتەوە کە ژنان ڕووبەڕووی سوکایەتی پێکردن دەکەنەوە، سکاڵاکانمان گەیاندووەتە دادگای سلێمانی و هەولێر، لە ڕێگەی هەڵوێستەکردنمان لەسەر بابەتەکان هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی سەقامگیر بۆ ژنان دەدەین.