دوو ژن کوژران و ژنێکیش بە شێوەی گوماناویی گیانی لەدەستدا
لە باکووری کوردستان و تورکیا بەهۆی توندوتیژیی ڕەگەزی بەرانبەرەوە دوو ژن کوژران و ژنێکیش بەشێوەی گوماناویی گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ
لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانلەدەستدانی گوماناوی و کوشتنی ژنان بەهۆی زیهنیەتی پیاوسالاری، توندوتیژی سیستەماتیک و سیاسەتی بێ سزاییەوە بەردەوامە.
لە ناوچەی چوکرۆڤای ئەدەنە، پیاوێک بە ناوی ئەیوب ڤەریم هاوژینەکەی بە ناوی “مەڕوە ڤەریم” و کچەکەی بە ناوی “ئەلیف ڤەریم” بە دەستڕێژی گوللە کوشتووە، هەروەها لە کاتی ڕووداوەکەدا منداڵێک لە ماڵەوە بووە و خۆی ڕزگار کردووە، دواتر تاوانبارەکە دوای ڕووداوەکە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
هاوکات، لە ناوچەی یەنیشەهیری ئامەد، مەلیحە کایا دایکی پێنج منداڵ لە هەلومەرجێکی گوماناویدا گیانی لەدەستدا، بەڵام دەوترێت مەلیحە کایا ماوەیەکی زۆرە لە لایەن هاوژینەکەیەوە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە، هەربۆیە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. سەرەڕای ئەوەش منداڵەکانی مەلیحە کایا لەسەر گۆڕەکەی وتیان “باوکمان بکوژی دایکمانە".
جێگای ئاماژەیە، بە پێی ئامارەکانی پلاتفۆڕمی تاوانەکانی سەر ژنان ڕاوەستێنین – کەجەدەپە، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لە باکووری کوردستان و تورکیا ١٣٦ ژن کوژراون و ١٤٥ ژنی دیکەش بەشێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.