"مافی منداڵان لە سوەیدا پێشێل دەکرێت"
فاتیمە بۆزان، بەرپرسی نوسینگەی پاراستنی منداڵ لە شاری کۆبانێ، سەرنجی بۆ ئەو کارانە ڕاکێشا کە منداڵانی سوەیدا لەسەر دەستی جیهادییەکانی هەتەشە ڕووبەڕووی دەبنەوە وتی: لە سوەیدا مافی منداڵان پێشێل دەکرێت.

نورشان عەبدی
کۆبانێ-سووریا لە دۆخێکی نائارامی گەورەدایە و پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی کوشتن و ئەشکەنجە و توندوتیژی بوونەتەوە. لە ئەنجامی ئەم هێرش و پێشێلکاریانەدا، کوتلە و پێکهاتە جیاوازەکان، بەتایبەتی منداڵان و ژنان، ئازار دەچێژن.
نوسینگەی پاراستنی منداڵ لە لیژنەی ژنان لە کۆبانی کانتۆنی فوراتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هێرش و پێشێلکاری و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان و ژنانی لە شاری سوەیدای سووریا لەلایەن گروپە چەکدارەکانی سەر بە حەیات تەحریر شام "هەتەشە" شەرمەزار کرد.
ژنان و منداڵان زۆرترین زیانیان دەبێت
فاتیمە بۆزان، بەرپرسی نوسینگەی پاراستنی منداڵان لە کۆبانێ باسی لەو پێشێلکارییانە کرد کە منداڵانی سوەیدا ڕووبەڕووی دەبنەوە لە ڕووی تەندروستی و خۆراک و پەروەردە و تێکچوونی دەروونی و کۆمەڵایەتی و وتی: ئەو شەڕ و ململانێ و قەیران و ئاستەنگانەی لە سوریا ڕوویانداوە کاریگەرییەکی بەرچاو و نەرێنییان لەسەر دەروونی کۆمەڵگا و دۆخی دەروونی خەڵکی مەدەنی بەتایبەتی ژنان و منداڵان هەبووە. کاتێک ئیدارەی کاتی بە سەرۆکایەتی هەتەشە دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت. کۆمەڵکوژی لە دژی پێکهاتەکانی سووریا ئەنجامدرا، وەک کردەوەکانی کەناراوەکانی سووریا و شاری سوەیدا دەبینین کە ژنان و منداڵانی سوەیدا ڕووبەڕووی کوشتن و دەستدرێژی و ڕفاندن و ئەشکەنجەدان بوونەتەوە ئێمەی ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هاوسۆزی خۆمان لەگەڵ گەلی دروز دەردەبڕین.
ئاماژەی بەوەشکرد، منداڵان و ژنان زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی ئەم شەڕەوە، ژنانی دروز کوژراون و تووشی توندوتیژی و ئەشکەنجەدان بوون، منداڵانیش بارودۆخێکی سەختیان بەسەر بردووە و لە ژینگەیەکی تەندروست بێبەش کراون.
"ئەوەی منداڵانی سوەیدا تووشی دەبن، پێشێلکردنی یاساکانی مافی منداڵانە"
فاتمە بوزان جەختی لەوە کردەوە کە منداڵەکانی سوەیدا بەهۆی بێبەشبوونیان لە ژیانێکی شایستە و پەروەردە و سەلامەتی تووشی پرسی دەروونی دەبن، جگە لەوەش کۆمەڵکوژی لە دژی ئەوان دەکرێت، ڕاست لەبەردەم چاوی بێتاوانیان، ئەوەی منداڵانی سوەیدا تووشی دەبن، پێشێلکردنی یاسا و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە مافەکانی منداڵانە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت منداڵان لە کاریگەرییەکانی شەڕ دوور بخرێنەوە، وتی: لەکاتی جەنگدا پێویستە منداڵان بێلایەن بمێننەوە، ژینگەیەکی پارێزراویان ابین بکرێت، چاودێری تەندروستی و کۆمەڵایەتییان بۆ دابین بکرێت، منداڵان لە هەموو لایەنەکان بپارێزرێن، پاڵپشتی دەروونیشیان بۆ دابین بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن بەسەر ئەو شتانەدا زاڵ بن کە ئەزموونیان کردووە یان شایەدحاڵی بوون، لەگەڵ کوژرانی ئەندامانی خێزانەکەیان ڕاست لەبەردەم چاویاندا.
ئەو پێشێلکارییەکانی دژی منداڵانی سوەیدا، بەناوی دەزگای پاراستنی منداڵان لە پارێزگای فورات شەرمەزار کردو وتی: ئێمە هێرشەکانی سەر منداڵان شەرمەزار دەکەین و هیوادارین ئەم شەڕانە لە سەرانسەری ناوچەکانی سووریا کۆتایی پێبێت، بەو هیوایەی منداڵەکانمان لە دۆخێکی سەقامگیری کۆمەڵایەتی و دەروونیدا بژین.
ڕوونیشیکردەوە، هیچ چارەسەرێک لە سووریادا نییە بەبێ بونیادنانی سووریایەکی ئازاد و لامەرکەزی و دیموکراتیک کە هەموو پێکهاتەکانی لە باوەش بگرێت و لەخۆبگرێت، بەبێ گوێدانە پێکهاتە و ئایینەکەیان، ئەزموونی پرۆژەی نەتەوەی دیموکرات چارەسەری ئایدیاڵە بۆ ئەو ئاڵەنگاریانە، لەپێناو یەکخستنی گەلی سووریا و پاراستنی هەموو پێکهاتەکان و ژنان و منداڵان، و بتوانن منداڵانی سوریا بە سەلامەتی و سەقامگیری بژین، هەروەک چۆن منداڵانی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ژێر دەستیدا دەژین، چەتری خۆبەڕێەبەری و پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک.
فاتمە بوزان داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە پاراستنی مافەکانی منداڵان کرد، ڕۆڵی ڕاستەقینە لە پاراستنی مافەکانی منداڵان بگێڕن، وتی: جیهان و ڕێکخراوە مرۆییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی منداڵان دەبێت پارێزگاری لە منداڵانی سوریا بکەن، بەتایبەت ئەوانەی لە سوەیدا و ناوچە کەناراوییەکانن، کە بەدەست پێشێلکاری و هێرشەکانەوە دەناڵێنن کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی حکومەتی گوازراوە لە سووریا دژیان دەکرێت.