مریەم مەحمودئابادی بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

مریەم مەحمودئابادی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سیرجانی سەر بە پارێزگای کرمان، دوای یەک مانگ دەستبەسەری، بە دانانی بارمتە لە زیندانی سیرجان ئازاد کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ مریەم مەحمودئابادی، هاوڵاتی خەڵکی شاری سیرجانی سەر بە پارێزگای کرمان، بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەن و بە شێوەی کاتی تا کۆتایی ڕێکارەکان لە زیندانی سیرجان ئازاد کرا.

 

ئەم هاوڵاتییە سیرجانییە کە پێشتر لە کاتی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن زیان ئازادی" دەستبەسەر کرابوو، پاش ماوەیەک مانەوەی لە زیندانی شەهاب لە کرمان، لە زیندان ئازاد کرا بەبێ ئەوەی ئەو کەلوپەلە کەسییانەی لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا دەستیان بەسەردا گیرا، بۆی بگەڕێندرێتەوە.

 

مریەم مەحمودئابادیی تەمەن ٢٥ ساڵ، لە ١٥ی ئایاری ئەمساڵدا دووبارە بە هەڵکوتانە سەر ماڵی تایبەتی خۆی لە سیرجان دەستبەسەر و بۆ زیندانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە کرمان گواسترایەوە. پاش نزیک بە سێ هەفتە لە زیندانی تاکەکەسی لە زیندانی کرمان، لە ٥ی حوزەیران بۆ زیندانی سیرجان گوازرایەوە.

 

دامودەزگاکانی حکومەت ئەم هاوڵاتیەیان بە "بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی وێنە و بەرهەمی ناشرین و قێزەون" و "سوکایەتیکردن بە پیرۆزییەکانی ئیسلام و بڵاوکردنەوەی درۆ" تۆمەتبار کردووە.