ژنان بەرهەمەکانیان لە فێستیڤاڵی هەنار بە بازاڕ دەکەن

فێستیڤاڵی هه‌نار و پایزی هەڵەبجە ساڵانە لە وەرزی پێگەیشتنی هەناری هەڵەبجەدا بەڕێوە دەچێت، زۆرترین ئەو بەرهەمانەی پێشکەش دەکرێت هەنار و بەرهەمەکانییەتی، بەڵام فێستیڤاڵەکە سەرچاوەیەکی باشە بۆ ژنان تا کارەکانیان بە بازاڕ بکەن.

هەڵەبجە

 

دەیەمین فێستیڤاڵی هه‌نار و پایزی هه‌ڵه‌بجه، لە ڕۆژی ٣١ی تشرینی یەکەم دەستی پێکرد و ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی فێستیڤاڵەکەیە، کە ساڵانە لە وەرزی پێگەیشتنی هەناری هەڵەبجەدا‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و بەرهەمەکانی هەنار و خواردنە کوردەوارییەکان و بەرهەمی ناوخۆیی و کاری دەستی ژنان و چەندین بەرهەمی دیکەی تیادا ساغ دەکرێتەوە.

 

فێستیڤاڵەکە ساڵانە بە دەیان هەزار کەس ڕووی تێدەکات، ماوەی ١٠ ساڵە بەردەوامە و دەرفەتێکی باشە بۆ ژنان تا بەرهەم و کارەکانیان بە سەردانیکاران بناسێنن و بازاڕی کار و فرۆشیان بۆ بکرێتەوە.


         


        

پرشنگ غەفور، خاوه‌ندی براندی سركه‌ی سێوی چیا، له‌ شاری سلێمانییەوە شەشەم ساڵە بەشداری فێستیڤاڵەکە دەکات و بەرهەمەکانی ساغ دەکاتەوە، بەرهەمەکانی پێکهاتوون لە سرکەی سێو و سرکەی هەنگوین، دەشڵێت: ئێمە هەڵەبجە بە شاری خۆمان دەزانین و هەموو ساڵێک بەشداری فێستیڤاڵەکە دەکەین.

 

لە بارەی بەرهەمەکەیەوە دەڵێت: به‌رهه‌مه‌كه‌م به‌رهه‌می كورده‌وارییه ‌و فێستیڤاڵەکەش گرنگی خۆی هەیە بۆ ناساندنی بەرهەمەکانمان، ساڵانه‌ گه‌شتیاران دێن و سه‌رجه‌م به‌رهه‌مه‌كان لێرەدا دەبینرێن.

 

چیا عه‌زیز، وه‌ك براندی چای سعدالدین بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکە کردووە و ناساندن بۆ چاکەیان دەکەن، لەو بارەیەوە دەڵێت: وه‌ك ڕیكلامێك بۆ چاكه‌ هاتووین به‌شدارین لە فێستیڤاڵەکەدا و ناساندن بۆ به‌رهه‌مه‌كه‌مان ده‌كه‌ین و فرۆشیاری باشمان هه‌یه‌.

 

فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە، ئەمساڵ بە دروشمی (ڕەسەنایەتی و شوناسی نەتەوەیی، پاراستن و پەرەپێدانی بەرهەمی خۆماڵی و گەشەپێدانی چالاكی كولتوری و هونەری) بەڕێوە دەچێت و ٧٠٠ خاوەن بەرهەم تیایدا بەشدارن، ساڵانە دەیان هەزار گەشتیار سەردانی فێستیڤاڵەکە دەکەن و بە پێی ئەو ئامارانەی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەڵەبجە بڵاوی کردووەتەوە، تەنها لە ڕۆژی یەکەمدا ٨٠ هەزار گەشتیار و لە ڕۆژی دووەمیشدا ١١٠ هەزار گەشتیار ڕوویان لە شاری هەڵەبجە و فێستیڤاڵی هەنار کردووە.