ڕۆژنامەنووسێک ئاشکرای کرد هەراسانکراوە بەڵام سزای زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا

دادگای گوانگژۆ بە تۆمەتی "هاندانی بۆ تێکدانی دەسەڵاتی دەوڵەت" سزای پێنج ساڵ بەسەر ڕۆژنامەنووس سۆفیا شویکیندا دەرکرد.

ناوەندی هەوا

 

دەسەڵاتدارانی چین ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی بزووتنەوەی می تو، سۆفیا هوانگ شیوکینیان زیندانی کرد، دوای ئەوەی بوو بە یەکێک لە ئەندامانی بزووتنەوەی فێمینیستەکان لەو وڵاتەدا.

 

دادگای چین سزای زیندانیکردنی بۆ ڕۆژنامەنووس سۆفیا هوانگ شیوکین سەپاند، کە چالاکوانێکی بزووتنەوەی "منیش-ME TOO"ە و هەوڵی ئاشکراکردنی ئازاردەرانی سێکسی و دەستدرێژیکاران بۆ سەر ژنان دەدات، بەتایبەت دوای ئەوەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا لە بارەی ئەزموونی خۆی لەگەڵ ئازاردانی سێکسی لە شوێنی کاردا لە ڕۆژنامەی چینی نیوزدا زانیاری بڵاوکردبووەوە.

 

ئەو ڕۆژنامەنووسە لە ساڵی ٢٠٢١ دەستگیرکرا، دادگاکەش ڕایگەیاندووە کە ئەو گردبوونەوانەی کە سۆفیا هوانگ شویکین بەشدارییان لە بەڕێوەبردنیدا کردووە، ناڕەزایی بەشداربووانی لە حکومەتی چین هانداوە، بە بیانووی کێشە لەسەر پرسە کۆمەڵایەتییەکان.

 

دادگاییکردنی چالاکوانانی بەشداربوو لە گردبوونەوەکاندا لە ساڵی ٢٠٢٣ بە شاراوەیی دەستیپێکرد و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤیش نیگەرانی خۆیان لە تەندروستی ڕۆژنامەنووس سۆفیا هوانگ شویکین لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا دەربڕی.

 

ئەو ڕۆژنامەنووسە بۆ یەکەمجار لەلایەن دەسەڵاتدارانی چینەوە دەستبەسەرکرا، دوای گەڕانەوەی لە ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانە بەرفراوانەکانی لایەنگری دیموکراسی لە هۆنگ کۆنگ لە ماوەی ساڵی ٢٠١٩، بڕیاربوو لە ساڵی ٢٠٢١ دەست بە خوێندن بکات لە بەریتانیا بەڵام دەستگیرکرا.

 

لە لایەکی دیکەوە، سارا بروکس، بەڕێوەبەری چین لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، بڕیارەکانی دادگای ئیدانە کرد و بە سزای بێ بنەما باسی کردن.