گفتۆگویەک لە بارەی ژنان و چۆنیەتی خۆپاراستن بەڕێوەچوو

هێزەکانی پاراستنی ژنانی بەس نەهرین و سۆتۆرۆ ژن لە شاری قامیشلۆ پانێڵێکیان لەسەر "خۆپاراستنی ژنان مافێکی ڕەوایە بۆ ئازادی" ساز کرد.

قامیشلۆ

 

بە پێشەنگایەتی هێزەکانی پاراستنی ژنانی بەس نەهرین و هێزەکانی پاراستنی سۆتۆرۆ ژن، پانێڵێک لەسەر تەوەری "خۆپاراستنی ژنان مافێکی ڕەوایە بۆ ئازادی" لە شاری قامیشلۆ لە کانتۆنی جزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەڕێوەچوو.

 

سەرەتای پانێڵەکە بە ڕێزلێنانێکی یەک خولەکی بۆ ئازادیخوازان دەستی پێکرد، پاشان ئیلهام مەتلێ، بەڕێوبەری یەکێتی ژنانی سووریا لە سووریا قسەی کرد.

 

ئیلهام مەتلێ باسی لەوەکرد کە ژنان لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا تێکۆشان دەکەن و بەم شێوەیە دەستی بە وتارەکەی کرد، "ئێمە دەڵێین ژن بناغەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتییە، ژن ڕۆحی ژیان بوو، ئەو خوداوەندە بوو، بێگومان ژن ئەو پایە بوو کە ژیانی کۆن لەسەری وەستابوو، هەندێک جار دەڵێین ژن پەرتوکە، مرۆڤ لە کاتی خوێندنەوەی ئەم پەرتوکەدا پێویستە هەموو لاپەڕەیەک بە وردی بخوێنێتەوە و بە خۆشەویستییەوە تێبگات هەر لە سەرەتای لە دایک بوونتەوە تا ئەمڕۆ، بەدرێژایی مێژوو ژنان ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە، بەتایبەتی لە دۆزینەوەی بەرهەم و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان، بەڵام بەداخەوە کاتێک بەرهەمەکە زیادی کرد، پیاوان هەستیان بەوە کرد کە ژن هەڕەشەیە بۆ سەریان و دەستیان کرد بە لەناوبردنی ڕۆڵی خۆیان.

 

هەروەها وتی: سەرەڕای هەموو ئەو کۆمەڵکوژی و فەرمانانەی کە لەسەر گەلی سووریا هاتە ئاراوە، ژنان بە هێز و ئیرادەی خۆیان دەیانتوانی یەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا بەدەست بهێنن، ژنە سورییەکان بەرگرییان لە کولتوور و زمانی خۆیان دەکرد، لە سەردەمی شۆڕشدا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بوونی خۆیانیان دەرخست، لە هەموو بوارەکاندا، لە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەوە بەشدارییان کرد، لە هەمان کاتدا دەتوانێ بەشداری لە هێزە سەربازییەکاندا بکات، بەشداری لە بەرگریکردن لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە تیرۆر و هێرشی دڕندەی جۆراوجۆر بکات.

 

"یەکینەکانی ئێمە پاراستنی هەموو جیهانیان کرد"

لە پانێڵەکەدا، وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) ڕوکسەن محەمەد بەشداری گفتوگۆکەی کرد و وتی: پێویستە ژنان خۆپاراستنی بوونی خۆیان بکەن، نابێت چاوەڕێی ئەوە بکەیت کە هیچ کەسێک ئەم ئەرکە بگرێتە ئەستۆ، ژنە سوورییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریاش لە بواری سەربازیدا بەرخۆدانیان کرد و لە ڕێکخستنەکەیاندا بوونە نموونە بۆ جیهان، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەموو پێکهاتەکان پاراستنی هەموو خەڵکی جیهانیان کرد.

 

"گرنگی خۆپاراستن بۆ ژنان"

بەڕێوەبەری هێزەکانی سۆتۆرۆ ژن، ڕوبا قەومێ، باسی لە گرنگی بەهێزکردنی هۆشیاری ژنان لە خۆپاراستن و گرنگییەکەی کرد و وتی: ئامانجی سەرەکیمان بەهێزکردنی هۆشیاری ژنانە لە کۆمەڵگەدا لە بواری سەربازیدا و خۆپاراستنە، پێویستە ژنان بتوانن خۆیان و کۆمەڵگە و خاکەکەیان بپارێزن، ئێمە تیشکمان خستەسەر زۆر خاڵی گرنگ، لەوانە ڕۆڵی ژن لە شکاندنی عەقڵیەتی پیاوسالاری و نەریتە کۆمەڵایەتییە دواکەوتووەکان، ئەمڕۆ دەبینین ژن و پیاو چۆن شانبەشانی یەک چەک هەڵدەگرن و دژی تیرۆر و دوژمنان دەجەنگن، ژنان بۆ پاراستن و ماف و بوونیان بوون بە شۆڕشگێڕ، پەیامی من ئەوەیە کە هەموو ژنان بچنە ناو هێزە سەربازییەکانیانەوە بۆ بەهێزکردنی کەسایەتی خۆیان و خۆپاراستنیان بە شێوەیەکی ڕەوا.

 

لە پانێڵەکەدا فیلمێک سەبارەت بە چالاکییەکانی هێزەکانی پاراستنی ژنانی بەس نەهرین و سۆتۆرۆ ژن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پێشکەش کرا، پانێڵەکە بە گفتوگۆ کۆتایی هات، ژنانی بەشداربوو بە دەڕبڕینی بیر و ڕای خۆیان بەشدای گفتوگۆکەیان کرد و جەختیان لە گرنگی بەهێزکردنی ژنانی سووریا و پاراستنی کولتوور و هونەری سووریا و پاراستنی گەل لە فەرمان و هێرشی نوێ کردەوە.