"٧٩ ژن و کچ لە عەفرین ڕفێنران و ئەشکەنجە دراون"

ناوەندی لێکۆڵینەوە و داکۆکی لە مافی ژنان لە قامیشلۆ ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی لە نێوان ساڵانی ٢٠٢١-٢٠٢٣دا ٧٩ ژن و کچیان لە عەفرین ڕفاندووە و ئەشکەنجەیان داون، ٢١ کەسیان کوژراون.

سیرین محەمەد

 

قامیشلۆ- لەو کاتەوەی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی لە ساڵی ٢٠١٨ کانتۆنی عەفرینیان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا داگیر کرد، چەندین تاوان و پێشێلکاری بەڵگە کراون، لەوانە کۆمەڵکوژی، هێرش، دەستدرێژی و ڕفاندنی ژنان و کچان.

 

شیرین کۆلی، بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوە و داکۆکی لە مافی ژنان لە قامیشلۆ وتی: تورکیا و چەتەکانی لە ناوچەکانی وەک عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە داگیری کردوون، کردەکانی وەک کوشتن و ڕفاندن و دەستدرێژی و سووکایەتیکردن و ئەنجامدانی تاوانی زۆر دژ بە مرۆڤایەتی ئەنجام دەدەن، وەک ناوەندەکەمان کارمان بەڵگەکردنی تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیایە لە ناوچەکە.

 

شیرین چۆلی باسی لەوەشکرد، خەڵکی ناوچە داگیرکراوەکان تووشی قورسترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دەبنەوە، زۆربەی پێشێلکاری و تاوانەکان دژ بە ژنان و کچان ئەنجام دەدرێت، وتیشی: ئامانجی دەوڵەتی تورکیا کوشتنی ژنان و پێشێلکردنی مافەکانیان لە ناوچە داگیرکراوەکان، شکاندنی ڕۆح، کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە، کۆچکردنی خەڵکی ناوچەکە لە ڕێگەی گۆڕانکاری دیمۆگرافییەوەیە.

 

٧٩ ژن ئەشکەنجە دراون، ٢١ ژن کوژراون

شیرین چۆلی ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەستەمە بتوانین بگەینە خاکە داگیرکراوەکان بۆ بەڵگەکردنی تاوانەکان، بەڵام سەرەڕای ئەو سەختییانەی ڕووبەڕوومان دەبنەوە، کاردەکەین بۆ بەڵگەکردنی تاوانەکان و ڕەوانەکردنی بۆ دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ ئەوەی تاوانباران بدۆزرێتەوە، سەنتەرەکە لە دوای داگیرکردنی ساڵی ٢٠١٨ەوە زۆر پێشێلکاری و تاوانی لە عەفرین بەڵگە کردووە، لە ساڵی ٢٠٢١دا ٤٨ ژن ڕفێنراون و ئەشکەنجە دراون، ١٧ ژنیش کوژراون، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ٢٧ ژن و کچ ڕفێنراون و ئەشکەنجە دراون و ٣ ژنیش کوژراون، لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٢ ژن و ٢ کچ ڕفێندراون، ١ ژنی دیکە کوژراوە.