چالاکوانانی عێراق پشتیوانی بۆ یەپەژە نیشان دەدەن
چالاکوانانی عێراقی جەخت لەسەر گرنگی داننان بە ڕۆڵی یەپەژە وەک سیمبولی خەباتی ژنان لە دژی توندوتیژی و تیرۆر دەکەنەوە، هەروەها پشتیوانی لە مافی بەشداری چالاکانەیان لە هەر سیستەمێکی بەرگری یان سیاسی داهاتوودا دەکەن.
ڕەجا حەمید ڕەشید
عێراق- ژنانی عێراق هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ ئەو هەڵمەتە ڕاگەیاند کە لەلایەن پلاتفۆرمی چالاکی هاوبەشی تەڤگەرو ڕێکخستنەکانی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ پاڵپشتی یەپەژە دەستیپێکردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی پەرەسەندنی بزووتنەوەی ژنان دێت کە داوای بەشداریکردنی مسۆگەر کراو لە پرۆسەی یەکگرتن لە ناو دامەزراوە ئەمنی و بەرگرییەکاندا دەکات، بە پشتبەستن بە ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ کە لە نێوان قەسەدە و حکومەتی کاتی سووریا واژۆکراوە. چالاکوانان پشتیوانیان بۆ مافەکانی ژنان و بەشداریکردن و بڕیاردان دووپاتکردەوە، هەروەها دانیان بە ڕۆڵ و بەخۆدانت ئەو یەکانەدا نا.
چالاکوان بوشرا ئەبو عەیس هاوسۆزی خۆی لەگەڵ هەڵمەتی پشتیوانی یەپەژە لە ڕۆژئاوای کوردستان دووپات کردەوە و وتی: بە پشتبەستن بە بنەماکانی دادپەروەری و یەکسانی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بەرخۆدانە بێئەندازەی یەپەژە بە درێژایی خەباتیان داویانە، پشتگیری لە بەشداری ژنان لە یەکخستنی ئەو یەکانە دەکەم، بە پێی ڕێککەوتنی مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ و بە فەرمی لە لایەن حکومەتی کاتییەوە.
بەهەمان شێوە چالاکوانی سیاسی دینا تائی وتی: ئەمڕۆ وەک عێراقییەک قسە دەکەم، هەروەها وەک ژنێک کە باوەڕم وایە پرسی ژنان لە هەرێمەکەماندا بەیەکەوە گرێدراون، هەروەها بەرگریکردن لە ژیان و کەرامەت و مافی پاراستن لە ژنان پرسێکی ناوخۆیی و زوو تێپەڕ نییە، بەڵکو دۆزی دادپەروەرانە و مرۆڤدۆستانەیە.
هەروەها هاوسۆزی خۆی لەگەڵ هەڵمەتی پشتیوانی یەپەژە و لەگەڵ مافی ژنان بۆ ئەوەی بەشێکی دانەبڕاو بن لە هەر پرۆسەیەکی سیاسی، ئەمنی یان بەرگری سەبارەت بە داهاتووی سووریا و ناوچەکە ڕاگەیاند.
ئاماژەی بەوەشکرد، سووریا بەرگەی یەکێک لە خەمناکترین ئەزموونەکانی گرتووە لەم ساڵانەی دواییدا، ژنان دوو هێندە باجیان داوە لە توندوتیژی و ئاوارەبوون و ڕفاندن و ئامانجگرتن و هەوڵدان بۆ شکاندنی ئیرادەیان، هەروەها لە بەرامبەر ئەم ڕاستیەدا ژنان تەنها زیانبەرکەوتووان نەبوون، بەڵکو لە پێشەنگی بەرگریکردن لە ژیان و کەرامەت و کۆمەڵگە بوون.
جەختیشی کردەوە، کە یەپەژە تەنها پێکهاتەیەکی سەربازی نییە، بەڵکو بۆتە سیمبولی ئیرادەی ژنان کاتێک بڕیاری پاراستنی خۆیان و پێکهاتەکانیان دەدەن، هەروەها ڕووبەڕووی تیرۆر و توندڕەوی و توندوتیژی ڕێکخراو دەبنەوە، ئەم یەکانە بەشدارییان کردووە لە پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ڕزگارکردنی ژنان و منداڵان و بەرگریکردن لە بەهاکانی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری.
دینا تائی جەختی لەوە کردەوە، کە هەر ڕێگایەک بەرەو یەکگرتن یان بونیادنانی دامەزراوەی بەرگری لە سووریا ناتوانێ ئەم ڕۆڵە پشتگوێ بخات، هەروەها ناتوانێت بەرخۆدانی ژنان وەک پەراوێز یان بێ بایەخ مامەڵەی لەگەڵدا بکات، وتی: بەشداری ژنان و دانپێدانان بە ڕێکخراو و ئەزموونەکانیان، چاکەیەک نییە کە هیچ کەسێک پێی بەخشیبێت، بەڵکو ماف و پێویستییە بۆ مسۆگەریکردنی ئاشتییەکی دادپەروەر و سەقامگیر.
ڕوونیشیکردەوە، ئێمە وەک ژنان لە عێراق و ناوچەکەدا، بەباشی ئاگادارین کە پاڵنانی ژنان بۆ هێڵەکانی دواوە دوای ئەوەی لە پێشەنگی بەرخۆدانەکاندا بوون، واتای چییە و ئاشتی ڕاستەقینە بە دوورخستنەوەی ژنان و پشتگوێخستنی دەنگیان یان سڕینەوەی دەستکەوتەکانیان بەدیناهێندرێت.
دووپاتی کردەوە، کە هاودەنگی لەگەڵ یەپەژە هاودەنگییە لەگەڵ مافی ژیان و پاراستن و بەشداریکردن و بڕیاردانی ژنان، هاودەنگییە لەگەڵ هەموو ژنێک کە بەرەنگاری توندوتیژی بووەوە و ڕەتیکردەوە خۆی ڕادەست بکات و بەرگری لە کۆمەڵگەکەی و کەرامەتی خۆی کرد.
جەختی لە گرنگی پشتگیریکردنی ئەو هەڵمەتە کردەوە کە داوای دانپێدانانی یەپەژە و دڵنیابوون لە بەشداریکردنی لە هەر سیستەمێکی بەرگری داهاتوودا، لە هەمان کاتدا پاراستنی سیما و ڕۆڵ و مێژووی ناوازەی، داوای لە حکومەتی کاتی سووریا کرد وەڵامی ئەم داواکارییە بداتەوە و لە کۆتاییدا، بە ئازادی بۆ ژنان، ئاشتی بۆ هەموو گەلان و کەرامەت بۆ هەموو ئەوانەی بەرگریان لە ژیان کردووە لە بەرامبەر نادادپەروەری و تیرۆردا.
پشتیوانیکردن لە یەپەژە بەرگریکردنە لە مافی پاراستن و بەشداریکردن و بڕیاردانی ژنان و دووپاتکردنەوەی ئەوەیە کە بونیادنانی ئاشتییەکی دادپەروەرانە بە دوورخستنەوەی نیوەی کۆمەڵگە بەدی نایەت، داننان بە بەرخۆدانی ژنان هەنگاوێکی بنەڕەتییە بەرەو داهاتوویەکی ئازادتر و دادپەروەرتر بۆ هەموو گەلان.