پێشێلکارییەکان بەردەوامن؛ وێنەیەکی تاریکی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە تورکیا
رێکخراوی مەکەگە،تایبەت بە پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسان ئاشکرای دەکات، لانیکەم ٣٤ ژنە ڕۆژنامەنووس لە تورکیا ڕووبەڕوویدادگاییکردن بوونەتەوە و پێنجی دیکەش لە پشت شیشی زیندانەکانەوەن، دۆخێک کە بە تاریکترین قۆناغی ئازادی ڕادەربڕین وەسف دەکرێت.
ئامەد
بەئامانجکردنی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە تورکیا یەکێکە لە دیارترین دەرکەوتەکانی سەرکوتکردنی ئازادی میدیا لە ساڵانی ڕابردوودا. ئەو ژنانەی کە لە بواری ڕۆژنامەگەریدا، کاردەکەن ڕووبەڕووی زیادبوونی پێشێلکارییەکان دەبنەوە، لە توندوتیژی جەستەیی و هەڕەشەی ڕاستەوخۆوە تا دەگاتە هەراسانکردنی یاسایی و سانسۆری دیجیتاڵی کە توانای جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان سنووردار دەکات.
کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنانی میزۆپۆتامیا"مەکەگە" ڕاپۆرتی خۆی بۆ مانگی نیسان بڵاوکردەوە، تێیدا بەردەوامی هێرشە سیستماتیک و فرەلایەنەکان بۆ سەر ڕۆژنامەنووسانی ژن ئاشکرا دەکات.
لە کاتێکدا، هێرشی جەستەیی ڕاستەوخۆ و دەستگیرکردن لە ماوەی مانگەکەدا کەمیکردووە، پێشێلکارییە ناڕاستەوخۆکان بە شێوەیەکی بەرچاو سەریان هەڵدا، وەک ڕێگریکردن لە ڕووماڵکردنی مەیدانی، دەرکردنی هەڕەشە و بە شێوەیەکی کاریگەر ڕێگریکردن لە پرسیارکردنی ڕۆژنامەنووسانی ژن، ئەمەی بە نیشاندەرێکی مەترسیدار بۆ بەردەوامی سنووردارکردنی کاری ڕۆژنامەوانی زانی.
ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئەو بڕیارانەی پێش یەکەمی ئایار دراون، بەتایبەتی قەدەغەکردنی چوونە ژوورەوەی ڕۆژنامەنوسەکان بۆ هەرێم و سەرکوتکردنی هەوڵێک بۆ لێپرسینەوە لە ڕۆژنامەنووسێک لەناو پەرلەماندا، ڕەنگدانەوەی بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی چالاکیی ڕۆژنامەوانییە. هەروەها پشتڕاستی کردەوە کە هەڕەشە و هەراسانکردنی ڕەگەزی لە دژی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە هەمان ماوەی ساڵدا بەردەوام بووە.
ڕوونیکردووەتەوە، ئەو هەراسانکردن و هەڕەشە زارەکییەی کە ئۆزنور دەگەر، بەڕێوەبەری هەواڵ لە ژننیوز و بەرپرسی لقی کۆمەڵەکە لە وان، لە کاتی ئەنجامدانی چاوپێکەوتنێکی مەیدانیدا تووشی بووە، جارێکی دیکە ڕادەی ئەو مەترسییە ناوازانە ئاشکرا دەکات کە ڕووبەڕووی ئەو ژنە ڕۆژنامەنووسانە دەبنەوە کە لەو بوارەدا کاردەکەن.
ڕاپۆرتەکە بە وردی کۆمەڵێک پێشێلکاریی خستۆتەڕوو، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو سزایەی شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانی بەسەر ڕۆژنامەنووس حەمدیە تشيفتشی ئۆکسوز بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە ڕێکخراوێک"دا سەپێنراوە، نموونەیەکی ئاشکرایە بۆ ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری بۆ تاوانبارکردنی کاری ڕۆژنامەوانی بەکاردەهێنرێت.
ڕوونیشی کردەوە، کە فشاری دادوەری لەسەر ئازادی ڕادەربڕین لە ماوەی مانگی نیساندا، بەشێوەیەکی بەرچاو بەردەوام بووە و ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان بە تۆمەتی وەک "ئەندامبوون لە ڕێکخراوێک"، "پڕوپاگەندەی ڕێکخراوی"، "بێڕێزیکردن" و "ناوزڕاندنی دەوڵەت" کەوتوونەتە بەر لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن.
جەختی لەوە کردووەتەوە، کە زیادبوونی ژمارەی دۆسیە کراوەکان لە دژی ڕۆژنامەنووسان و دادگاییکردنی بەردەوامیان بە ڕوونی ئەوە دەردەخات کە دەسەڵاتی دادوەری وەک ئامرازێکی سەرکوتکردن دەقۆزرێتەوە، هەروەها ئەو سزا زیندانیانەی دەردەچن ڕەنگدانەوەی ڕەوتێکی سیستماتیکن بەرەو تاوانبارکردنی چالاکی ڕۆژنامەوانی، بەردەوامی دووبارە دادگاییکردنەکان و دووبارەبوونەوەی سزاکان، سەرەڕای بڕیارەکانی دادگای دەستووری کە پێشێلکارییەکان پشتڕاست دەکەنەوە، بەڵگەی یەکلاکەرەوەیە لەسەر جێبەجێکردنی سیستماتیکی بڕیارە دادوەرییەکان دژی ڕۆژنامەنووسان.
لە ڕاپۆرتەکەدا، ئاشکرای کردووە، کە کەشی دیجیتاڵی لە ماوەی مانگی نیساندا شەپۆلێکی نوێی سانسۆر بەخۆیەوە بینیوە، بە قەدەغەکردنی چەند هەژمارێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ڕۆژنامەنووسان و داخستنی هەندێک ماڵپەڕی هەواڵ و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە چەندین بابەت، ڕاپۆرتەکە ئەمەی بە هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ سەر مافی دەستگەیشتن بە زانیاری زانیوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو ڕێوشوێنە قەدەغەکردنانەی کە جێبەجێکراون، بەتایبەتی ئەوانەی لەسەر داوای کۆمیسیۆنی تەکنەلۆژیای زانیاری و پەیوەندییەکان دەرکراون یان بەپێی یاسای ژمارە ٥٦٥١ جێبەجێکراون، ڕەنگدانەوەی هەوڵێکی ڕوونن بۆ کۆنترۆڵکردنی کەشی دیجیتاڵی.
جەختی لەوە کردەوە، کە نەبوونی پێشێلکاری تۆمارکراوی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژنامەنووسان نیشانەی باشتربوون نییە، بەڵکو ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری لە شێوازەکانی سەرکوتکردن، لەبری دەرکردن یان هەڵوەشاندنەوەی کارتی ڕۆژنامەوانی، ئێستا ڕێگریکردن لە کار لە ڕێگەی میکانیزمی دادوەری و سانسۆرەوە جێبەجێ دەکرێت.
داتاکانی مانگی نیسانی ڕابردوو ئاماژە بەوە دەکەن، کە سەرکوتکردنی ڕۆژنامەنووسان چیتر سیاسەتێکی یەک ڕەهەندی نییە، بەڵکو سیستەمێکی فرە چینە کە سانسۆر لەسەر زەوی و دادگاییکردنی دادوەری و سنووردارکردنی دیجیتاڵی لە یەک کاتدا یەکتر دەبڕن، ئەمەش دەبێتە هۆی پێشێلکردنی جددی لە مافی ڕۆژنامەنووسان بۆ پراکتیزەکردنی پیشەکەیان و مافی گشتی بۆ دەستڕاگەیشتن بە زانیاری.
پێشێلکردنی ئازادی بیرکردنەوە و دەربڕین
ڕوونیکردووەتەوە، کە بە لانیکەم دوو ڕۆژنامەنووس لە ژێر لێکۆڵینەوەدان، ڕۆژنامەنووسێک هەڕەشەی لێکراوە، هەروەها ڕێگری لە دوو ڕۆژنامەنووس کراوە کە ڕووماڵی ئەو هەواڵە بکەن، سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتن بە میدیای دیجیتاڵی بەردەوام بوو و پێشێلکردنی مافی ڕۆژنامەنووسان بۆ ژیان و پارێزراوی و بارودۆخی کارکردن بەردەوامە.
بەگوێرەی داتای بڵاوکراوە، بە لانیکەم ڕۆژنامەنووسێک هەڕەشەی لێکرابوو، هەروەها ڕێگری لە دوو ڕۆژنامەنووسێکی دیکە کراوە کە ڕووماڵی ئەو هەواڵە بکەن. جگە لەوەش هێرش کرایە سەر دوو دەزگای میدیایی، سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی ئازادی بیرکردنەوە و ڕادەربڕین، بە لانیکەم دوو ڕۆژنامەنووس لەژێر لێکۆڵینەوەدان، ڕۆژنامەنووسێکیش دادگایی کراوە، تا ئێستاش ١٢ حاڵەت بەردەوامە و ٣٤ ڕۆژنامەنووس بەشدارن، دوو ڕۆژنامەنووس سزای حەوت ساڵ و شەش مانگ زیندانییان بەسەردا سەپێنراوە. بەپێی داتاکانی ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣، بە لانیکەم پێنج ڕۆژنامەنووس زیندانی کراون.
سەبارەت بە پێشێلکردنی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، هیچ داتایەک لەسەر حاڵەتەکانی دەرکردن یان هەڵوەشاندنەوەی کارتی ڕۆژنامەوانی بڵاونەکرایەوە، هەروەها فشارەکان لە کەرتی میدیای دیجیتاڵیدا بەردەوام بوون، بە لانیکەم سێ هەژماری داخران و دەستڕاگەیشتن بە ١٦ پلاتفۆرمی میدیای دیجیتاڵی بلۆک کران.
لیستی ڕۆژنامەنووسانی زیندانیکراو بریتین لە:
ئەلیف بايبورت ، پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی ئەتکین "ETHA". خەدیجە دومان، خاوەن و سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئەتڵەم. نادیە گوربوز، سەرنووسەری ئاژانسی هەواڵی ئەتکین "ETHA". ئۆزدن کینیک، کارمەندی "TRT". پینار گایب، سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئەتکین نیوز ئاژانس "ETHA"