بیرانین: لە پاریس گێڕانەوەی بیرەوەری کوردی بە وێنە، مۆسیقا و مێژوو
پێشانگای ”بیرانین”، کە لە ئەنجامی سێ مانگ کارکردن لە باکووری کوردستان ئامادە کراوە، دەرگاکانی لە پاریس کردەوە، پێشانگاکە، لەسەر بیرەوەری، ژیانی ڕۆژانە و بەسەرهاتی خەڵکی کوردستان، لەلایەن دوو ژنە ڕۆژنامەنووسەوە ئامادە کراوە.
پاریس
پێشانگای ”بیرانین” کە لەسەر کوردستان لە ڕوانگەی ڕۆژنامەنووسانەوە ڕادەوەستێت، لە ”Maison de la Conversation”ـی پاریس کرایەوە، پڕۆژەی پێشانگاکە لەلایەن ڕۆژنامەنووسان و دامەزرێنەرانی میدیای سەربەخۆی ”نەسالی”، ئالیس مۆریتز (Alice Moritz) و نەسرین شەریفاتی (Nesrine Cherifati) ئامادە کراوە.
ئالیس مۆریتز و نەسرین شەریفاتی سێ مانگیان لە باکووری کوردستان بەسەر بردووە بۆ ئەوەی کێشەی کوردی، ژیانی ڕۆژانە و بەسەرهاتی خەڵکی ناوچەکە تۆمار بکەن و پیشان بدەن، ئەم ژنانە لێکۆڵینەوەیان کردووە، فیلمیان گرتووە، بەڵام ”بیرانین” تەنها ئەنجامی ئەم ڕاپۆرت و بەڵگانە پیشان نادات، بەڵکو لەسەر ئەو شتانەش ڕادەوەستێت کە لە پشتی پەردەی ڕۆژنامەگەریدا دەمێننەوە.
ئەو شتانەی کە لە ڕاپۆرتەکەدا نابینرێن
لە پێشانگاکەدا وێنە، مێژووی ناوچەکە، کارتۆگرافیا، ڤیدیۆی دۆکۆمێنتاری و ئەرشیف جێگیر دەبن، ئامانج ئەوەیە کە بینەر تەنها ئەنجامی کۆتایی ڕاپۆرتێک نەبینێت، بەڵکو ڕاستی و بەسەرهاتەکانیش ببینێت کە لە کاتی کارکردن لە مەیداندا دەژین، بە گوێرەی ڕێکخەران، لە پشت هەر بەڵگەکردنێک و هەر ڕاپۆرتێکەوە سەدان کاتژمێر کاری مەیدانی، شەوانی ماڵی خەڵکی ناوچەکە، قسەکردن و بینینی ڕۆژانە هەن، ئەم ڕووداوە بچووکانەی کە جاروبار لە ڕاپۆرتە کلاسیكەکاندا جێگر نابن، لە ”بیرانین”دا دەبن بە بەشێک لە چیرۆکەکە.
مۆسیقا، هەڵپەرکێ و بیرەوەریی کۆمەڵایەتی
ناوی پێشانگاکە خۆشی گرنگە، لە زمانێ کوردیدا بیرانین پەیوەندی بە بیر، هێنانەوەی شتە ڕابردووەکان و پاراستنی بەسەرهاتەکانەوە هەیە، لەبەر ئەوە، پڕۆژەکە بیر تەنها وەک ئەو شتانە نادات کە لە ئەرشیفدا ماونەتەوە، بەڵکو پەیوەندی لەگەڵ مۆسیقا، هەڵپەرکێ و چیرۆکی مرۆڤەکانیش دا پیشان دەدات.
لە مەڕاسیمی کردنەوەکەدا مۆسیقاژەنێکی کورد هەبوو
دەزا ئامەد کە مۆسیقای نەریتیی کوردی پێشکەش دەکات، بە گۆرانی و مێلۆدییەکان بیرەوەری و چیرۆکی گەلی کورد دەگەیەنێتە نەوە نوێیەکان، هەروەها سەماکار، ئەکتەر و چالاکوانی کورد ژوان-گۆلان ئیلبێگ هەڵپەرکێی پێشکەش کرد.
ژن لەناو چیرۆکی بیرانیندا
یەکێک لە لایەنە سەرنجڕاکێشەکانی پڕۆژەکە ئەوەیە کە لە پشت ئەم کارەوە، دوو ژنە ڕۆژنامەنووس هەن، ئالیس مۆریتز و نەسرین شەریفاتی تەنها بینەری چیرۆکی کوردستان نین، ئەوان خۆیان سێ مانگ لە مەیداندا کاریان کردووە، لەگەڵ خەڵکدا دانیشتوون، گوێیان گرتووە و بەسەرهاتی ئەوانیان تۆمار کردووە، لەم واتایەدا، ”بیرانین” دەکرێت وەک هەوڵێک ببینی کە ئەو دەنگانەی جاروبار لە میدیای کلاسیك دوور دەخرێنەوە، بگەڕێنێتەوە ناو چیرۆکی سەرەکی.
پێشانگاکە تا کۆتایی ئەیلوول کراوەیە
”بیرانین” لە ١٧ی ئابەوە تا ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ لە ”Maison de la Conversation” ی پاریس کراوەیە، لە چوارچێوەی پێشانگاکەدا لە ٥ی ئەیلوولدا بازاڕی بەرهەمهێنەرانی کورد بەڕێوەدەچێت و لە ١٠ی ئەیلوولیشدا بەشەکانی دۆکۆمێنتارییەکان نمایش دەکرێن و کۆبوونەوەیەک لەسەر بابەتەکانی کوردستان بەڕێوەدەچێت.