خانووی هاوڵاتییەکی مەدەنی لە گوندی مژێ لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بۆردوومانکرا
فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیا خانووی هاوڵاتییەکانی لە گوندی مژێ تەقاندەوە و تا ئێستا زیانەکانی نەزانراوە.
![](https://test.jinhaagency.com/uploads/so/articles/2025/02/20250207-photo-2025-02-07-17-11-38-jpg8d72f8-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی کوردستانی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمریکی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاوی کردووەتەوە، لە کاتژمێر ٣:٤٠ خولەکی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆدا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای تورکیا بۆردوومانی خانووی هاوڵاتییەکی مەدەنییان لە گوندی مژێی بەری گارا، لە شارۆچکەی ئامێدی لە پارێزگای دهۆک کرد.
بە پێی زانیارییەکانی بڵاو کراوەتەوە، تاوەکو ئێستا زیانە گیانییەکانی ئەو بۆردوومانە نەزانراوە.
کامەران عوسمان ئەوەشی خستەڕوو، لە ١٥ی حوزەیرانی ساڵی ڕابردووەوە، سوپای تورکیا ئۆپەراسیۆنی بۆ سەر گوندەکانی دەڤەری نهێلێ و بەری گارا و بەشێک لە گوندەکانی بەرواری باڵا دەستپێکردووە. هاوکات گوندەکانی مژێ، کەفنە مژێ، سپیندارێ و گرگاشێ لەگەڵ دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای تورکیادا لە دانیشتوانەکەیان چۆڵکراون.