بەرنامەی خوێندنەوە و نووسین لە جەزائیر دەرفەتێک دەدات بە ژنانی نەخوێندەوار

ئامارەکانی خوێندەواری لە جەزائیر ئامادەبوونی بەرچاوی ژنان نیشان دەدەن، کە ژنان لەسەدا ٩١ی سەرجەم خوێندکارانی ناونوسراو پێکدەهێنن، ئەمەش نیشاندەرێکە کە تیشک دەخاتە سەر بۆشایی خوێندن و پێویستی بەردەوامی ژنانی بەتەمەن بۆ پڕکردنەوەی دەرفەتەکانی خوێندن.

جەزائیر

 

 بەپێی داتاکانی فەرمانگەی نیشتمانی پەروەردە و ڕاهێنانی گەورەساڵان، ڕێژەی نەخوێندەواری لە جەزائیر لە سەدا ٧.٤ لە ساڵی ٢٠٢٦ بۆ لەسەدا ٤.٧ لە ساڵی ٢٠٢٢ دابەزیوە. لە هەمان کاتدا ئامارەکانی سودمەندانی بەرنامەکە بوونی بەهێزی ژنان لە دەستپێشخەرییەکانی خوێندەواریدا نیشان دەدەن.

 

بەوتەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی نیشتمانی پەروەردە و ڕاهێنانی گەورەساڵان، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ساڵی خوێندنی ڕابردوودا بەشدارییان لە پۆلەکانی خوێندەواریدا کردووە گەیشتووەتە ٢٦٢ هەزار و ٤٤٣ خوێندکار کە لەسەدا ٩١یان ژن بوون.

 

ئەم ژمارەیە نەک هەر ڕەنگدانەوەی ئاستی بەرزی بەشداری ژنانە لە بەرنامەکانی خوێندەواریدا، بەڵکو پرسیار لەبارەی بۆشایی مێژوویی دەستڕاگەیشتن بە خوێندنەوە دەوروژێنێت. بە تایبەتی بۆ ئەو ژنانەی کە لە تەمەنی منداڵیدا بێبەش بوون لە خوێندن و دواتر بەرنامەکانی پەروەردەی گەورەساڵانیان وەک دەرفەتێک دەبینی بۆ دەستپێکردنەوەی ڕێڕەوێکی پەروەردەیی کە پچڕابوو.

 

لە پەروەردەی خوێندەوارییەوە بۆ گەڕاندنەوەی دەرفەتەکانی ژیان

بەرنامەکانی خوێندەواری لە جەزائیر ئامانجیان ئەوەیە کە لە فێرکاری سەرەتایی خوێندەواری تێپەڕن، لەبری ئەوە هەوڵدەدەن سودمەندان بەهێز بکەن بۆ بەردەوامبوون لە گەشتەکانی ڕاهێنانی پەروەردەیی و پیشەیی خۆیان.

 

لەو چوارچێوەیەدا لە ساڵی ٢٠٢٦دا ٢ هەزار و ٤٣٤ کەس چوونەتە ناو پرۆگرامەکانی خوێندنی دوورەوە و ٣١٣ خوێندکار لە مەشقی پیشەیی ناویان تۆمارکراوە. ئەمەش ڕێگایەک بۆ سودمەندان دەکاتەوە بۆ ئەوەی لە پەروەردەی خوێندەوارییەوە بگوازرێنەوە بۆ خوێندنی فەرمی و ڕاهێنانی پیشەیی.

 

هەروەها پرۆگرامەکە خزمەت بەو کەسانە دەکات کە پێویستی تایبەتیان هەبووە، لەنێویاندا  ٩١٩  خوێندکار لە ناوەندەکانی هاوپشتی نیشتمانی لە سەرانسەری ٢٦  پارێزگا، هەروەها  ٣٠٦ نابینا کە لەڕێگەی فێرکاری لەسەر بنەمای برێل سوودمەند بوون لە پرۆگرامەکە. جگە لەوەش بەرنامەکانی خوێندەواری سوودمەند بوون لە زیادکردنی تەکنەلۆژیا بە دیجیتاڵکردنی بەشێک لەو کتێب و پرۆگرامانەی کە لە پرۆسەی فێرکردن و فێربووندا بەکاردەهێنرێن.

 

سێتیف ئاهەنگی فەرمی ساز دەکات

بۆ ڕۆژی جیهانی خوێندەواری کە ساڵانە لە ٨ی ئەیلولدا بەڕێوەدەچێت، ناوەندی ڕۆشنبیری هواری بومێدیێن لە سێتیف دوێنێ یادی فەرمی بەڕێوەبرد. لە چالاکییەکەدا زیاتر لە ٨٠٠ بەشداربوو لە بواری خوێندەواری لە دە پارێزگا جیاوازەکانەوە بەشداربوون.

 

ئەمساڵ چالاکییەکە لە ژێر تەوەری "خوێنەواری بۆ مرۆڤ و هەسارە و سەرکەوتن" بەڕێوەچوو. داتا فەرمییەکان دەریدەخەن کە خوێندەواریی چیتر تەنیا لە توانا سەرەتاییەکانی خوێندنەوە و نووسیندا سنووردار نییە؛ بە پێچەوانەوە ئێستا بەدەستهێنانی زانست و لێهاتوویی و هەروەها زیادکردنی توانای تاکەکان بۆ بەشداریکردن لە کۆمەڵگا و گەشەپێدان لەخۆدەگرێت.

 

هەرچەندە جەزائیر دابەزینێکی بەردەوامی ڕێژەی نەخوێندەواری تۆمار دەکات، بەڵام ژنان لە ناوەندی ئەم پرۆسەیەدا ماونەتەوە و زیاتر لە نۆ لەسەر دەی ئەو کەسانە پێکدەهێنن کە لە پرۆگرامەکانی خوێندەواریدا ناویان تۆمارکردووە. ئەم پرسە پرسی پەروەردەکردنی ژنانی بەساڵاچوو لە دەرەوەی پرسێکی پەروەردەیی دەوروژێنێت، بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییە ناوەکییەکەی بە سەربەخۆیی و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و خزمەتگوزارییەکان و توانای بەشداریکردن لە ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا.