بۆردوومان و بەدخۆراکی و برسێتی؛ سێگۆشەی مردن لە غەززە
سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان (یونیسێف) ئاشکرایکردووە، بەهۆی بۆردوومان، بەدخۆراکی، برسێتی، یان نەبوونی یارمەتی و خزمەتگوزارییە گرنگەکان، ڕۆژانە ٢٨ منداڵ لە غەززە دەکوژرێن.

ناوەندی هەواڵ
لەگەڵ بەردەوامی شەڕدا، دانیشتوانی غەززە تووشی قەیرانێکی مرۆیی سەخت دەبنەوە، بۆردوومانی ڕۆژانە و برسێتی و بەدخۆراکی بەرفراوان کاریگەری لەسەر ژیانی منداڵان هەیە، ئەمە جگە لەو گەمارۆ توندانەی کە هێزەکانی ئیسرائیل دەیسەپێنن، لە ٢ی ئادارەوە هێزەکانی ئیسرائیل دەروازە سنوورییەکانیان داخستووە و ڕێگرییان لە چوونە ناوەوەی هاوکارییەکان کردووە، ئەمەش برسێتییەکی بێ وێنەی لێکەوتووەتەوە.
سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان "یونیسێف"، ڕۆژی سێشەممە ٥ی ئاب ڕایگەیاند، کە ڕۆژانە نزیکەی ٢٨ منداڵ لە غەززە دەکوژرێن بەهۆی سیاسەتی بۆردومان و برسێتی کە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە بۆ زیاتر لە ٦٦٠ ڕۆژە سەپێنراوە، ئاژانسەکە پشتڕاستی کردەوە کە منداڵانی غەززە بەهۆی بۆردومان و بەدخۆراکی و برسێتی و نەبوونی یارمەتی مرۆیی و خزمەتگوزارییە گرنگەکانەوە ڕووبەڕووی مردن دەبنەوە.
ئەو ڕێکخراوە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بە تێکڕا ڕۆژانە ٢٨ منداڵ لە غەززە دەکوژرێن کە یەکسانە بە یەک پۆلی خوێندنگەیەک، جەختی لەوەش کردەوە کە منداڵانی غەززە پێویستیان بە خۆراک و ئاوی پاکی خواردنەوە و دەرمان و پاراستن و لە هەمووی گرنگتر ئاگربەست هەیە.
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، کە لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوەوە زیاتر لە هەزار و ٥٠٠ کەس لە غەززە لە کاتی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی خۆراک لە خاڵەکانی دابەشکردنی یارمەتییەکان لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە بە درێژایی ڕێگاکانی یارمەتییە مرۆییەکان کوژراون.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، لە سەرەتای دابەشکردنی یارمەتییەکان، ژمارەی کوژراوانی فەلەستینی گەیشتووەتە هەزار و ٥١٦ فەلەستینی و زیاتر لە ١٠ هەزار و ٦٧ بریندار، ئەمەش لە ئەنجامی دووبارەبوونەوەی تەقەی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ ئامانجی وەرگرانی یارمەتییەکان بووە.
لە دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، هێزەکانی ئیسرائیل سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی مەدەنیان چڕتر کردۆتەوە، لە ٢ی ئاداریشدا، هەموو دەروازەکانیان بەڕووی یارمەتییە مرۆییەکان و فریاگوزاری و پزیشکییەکان داخست، ئەمەش بووە هۆی بڵاوبوونەوەی برسێتی و گەیشتە ئاستێکی "کارەساتبار".
ئەو شەڕە بەردەوامە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە ٢١٠ هەزار هاوڵاتی مەدەنی کوژراو و بریندار بوون کە زۆربەیان منداڵ و ژنن، زیاتر لە ٩ هەزارکەسیش بێسەروشوێنن، سەدان هەزاری دیکەش ئاوارە بوون و برسێتی ڕۆژانە گیان لە خەڵکی سڤیل و بەتایبەت منداڵان دەبات.
"هەموو ئەوەی دەچێتە ناو کەرتی غەززە بەس نییە"
وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا کە ئەو یارمەتییە مرۆییانەی کە دەچنە ناو کەرتی غەززە کەمترە لە نیوەی پێداویستییە سەرەتاییەکانی کەرتی غەززە، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو یارمەتییە بەس نییە.
جەختیشی لەوە کردەوە کە کێشە بنەڕەتییەکە لەوەدایە کە هێزەکانی ئیسرائیل کۆنتڕۆڵی سەرجەم دەروازە سنوورییەکان و خاڵە پشکنینەکان دەکەن، ئاماژەی بەوەشدا کە پڕۆسەی پشکنین لە دوو دەروازە ڕێگەی بە نەتەوە یەکگرتووەکان داوە لە ڕێگەی ئەوانەوە هاوکاری بگەیەنێت، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی غەززە پێویستی پێیەتی، گەڕانەوەیە بۆ تۆڕی دابەشکردن کە پێشتر لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوەدەبرا، "دەبێت بگەڕێینەوە بۆ دابەشکردنی هاوکارییەکان لە غەززە لەڕێگەی بارهەڵگرەکانەوە کە لەڕێگەی دەروازە وشکانییەکانەوە دەچنە ژوورەوە".