ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان: ئامانجمان بونیادنانی كۆمەڵگەی دیموكراتیكە
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە پەیامەکێکیدا بۆ کۆنفرانسەی ئینگلتەرا دەڵێت: ئازادی ژنان پایەی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسییە، یەکگرتن پێچەوانەی ئاسمیلەکردنە و داهاتوویەکی ئارامتر نابێت بەبێ چارەسەری پرسی کورد.
ناوەندی هەواڵ
ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان پەیامێكی بۆ كۆنفرانسی ئاشتی و ئەنتێگراسیۆنی دیموكراتیك لە لەندەن ناردو ڕایگەیاند، تێپەڕاندنی شەڕی چەكداریی بۆ ئاشتییەكی هەمیشەیی، پێویستی نە وەرچەرخانێكی سیاسیی، یاسایی، ڕێكخستنی و كۆمەڵایەتیی ماوەدرێژ هەیە و ئامانجی بنەڕەتیی ئەم وەرچەرخانە بونیادنانی كۆمەڵگەی دیموكراتیكە.
پەیامەکەی ڕێبەر بەم شێوەیەیە:
“بانگەوازەکەم کە لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ڕامگەیاند، دەرگای قۆناغێکی نوێی کردەوە. تەڤگەری پەکەکە، سیاسەتی دیموکراتیک، ئەو پارتانەی لەناو پەرلەمانی تورکیادان و بە گشتی کۆمەڵگەی تورکیا خاوەندارێتییان لەم بانگەوازە کرد. ئێستا کاتی ئەوەیە لەم دەرگا کراوەیەوە بەرەو پێشەوە بچین. ئەو بابەتانەی ئێوە لە کۆنفرانسەکەدا گەنگەشەی دەکەن، ڕێک تەوەرەکانی ئەم دەستپێکەن. ئێوە باس لەوە دەکەن کە چۆن دەکرێت لە ڕێگەی ئەزموونە نێونەتەوەییەکان و تێڕوانینەکانی کوردەوە، دەستپێکی سیاسی بگۆڕدرێت بۆ ئاشتییەکی بەردەوام. ئەم گفتوگۆیانە کردەیکردەنەوەی ئەم بانگەوازەیە.
ئاشتی تەنیا بە ڕێککەوتنامەیەک یان بە یاسایەک نایەتە ئاراوە. دانانی چەک تەنیا دەستپێکێکە. ئەوەی دەمێنێتەوە بونیادنانی کۆمەڵگەیە. تێپەڕین لە شەڕی چەکدارییەوە بۆ ئاشتییەکی بەردەوام، پێویستی بە گۆڕانکارییەکی سیاسی، یاسایی، دامەزراوەیی و کۆمەڵایەتیی درێژخایەنتر هەیە. ئامانجی بنەڕەتیی ئەم گۆڕانکارییەش بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکە. بە بڕوای من، شۆڕش گۆڕینی دەسەڵات نییە، بەڵکو شۆڕش گۆڕانکارییە لە ڕێگەی بونیادنانەوە. ئەو ‘ئازادییە’ی لە ڕێگەی توندوتیژییەوە بەدەست دێت، لە ماوەیەکی کورتدا دەبێتە دژبەری ئەو بەهایانەی کە لە پێناویدا شەڕ کراوە. بەبێ ئاشتییەکی بەشکۆ، دیموکراسی و ئازادی بەردەوام نابن؛ نە دیموکراسی و نە ئاشتی کۆمەڵایەتی ناتوانن لەژێر سێبەری چەکدا ڕەگ داکوتن.
پەیوەندیی هەزار ساڵەی نێوان کورد و تورک، کورد و فارس، کورد و عەرەب، پەیوەندییەکی دژبەیەک نییە؛ بەڵکو دیالەکتیکێکە کە سەرەڕای هەوراز و نشێوەکانی، لەسەر بنەمای پشتگیریی یەکتر بونیاد نراوە. ئەمڕۆ دەکرێت ئەم پەیوەندییە بەبێ تواندنەوە (ئاسیمیلاسیۆن) یان جیابوونەوە، لە ڕێگەی ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیکەوە نۆژەن بکرێتەوە. چارەسەرە جیاخوازەکان لەگەڵ ڕاستیی ئەم جوگرافیایەدا ناگونجێن. چونکە گەل، کولتوور و بیروباوەڕەکان لەم جوگرافیایەدا پێکەوە دەژین. یاسای خوشک-برایەتیش لەسەر بنەمای مێژوویی و سۆسیۆلۆژی دامەزراوە.
پەیوەندیی کورد لەگەڵ تورک، فارس، عەرەب و گەلانی تری سەر ئەم خاکە بە کێشانی سنوور چارەسەر نابێت. بەملیۆنان کورد لە مێترۆپۆل و شارە گەورەکانی وڵاتانی ناوچەکەدا دەژین. وەک نموونە، ئەگەر بگوترێت ‘با کورد بڕۆن بۆ باکوور و تورک بڕۆن بۆ باشوور’، ئەمە نە لەگەڵ دابەشبوونی مێژوویی و نە لەگەڵ پەیوەندی کۆمەڵایەتیدا یەکناگرێتەوە.
ئەنتێگراسیۆن پێچەوانەی ئەسمیلاسیۆن و تواندنەوەیە. ئەسیمیلاسیۆن پەرە بە تواندنەوە و دووژمنکاری دەدات، بەڵام ئینتێگراسیۆن یەکێتی دروست دەکات و ئاشتی بونیاد دەنێت. ئەم تەواکارییە وادەکات کە کۆمەڵگەی دیموکراتیک بوونی خۆی بپارێزێت و لە چوارچێوەی مافە کۆمەڵەییەکاندا، بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە بەشداری لە کۆماری دیموکراتیکدا بکات.
پەکەکە کە من داممەزراند، وەک ‘تێکۆشانێکی هەبوون’ بەپێی هەلومەرجی سەردەمی خۆی سەریهەڵدا. پەکەکە بوونی کوردی سەلماند و زنجیری نکۆڵی پساند. لە جیهانی ئێستای ٢٠٢٥دا، گەلی کورد ڕاستییەکی مێژووییە و چیتر نکۆڵی لێ ناکرێت. لەبەر ئەوە، ئەرکە مێژووییەکەی تەڤگەرەکەمان کۆتایی هاتووە. وەک هەر پێکهاتەیەکی شۆڕشگێڕ، پێویستە ئەویش کاتێک ئەرکەکەی تەواو کرد، خۆی بگۆڕێت بۆ شێوازێکی نوێ. کۆتایهێنان بە کار و چالاکییەکان لەژێر ناوی پەکەکەدا بە واتای کۆتایی یان خۆبەدەستەوەدان نییە، بەڵکو گواستنەوەیە بۆ قۆناغێکی نوێی مێژوویی. ئەگەر ئێمە لەسەر شێوازە کۆنەکە پێداگری بکەین، گەورەترین زیان بەر گەلی کورد دەکەوێت.
نابێت چیتر ستایشی چەک بکرێت؛ دەبێت کۆمەڵگە بونیاد بنرێت. سیاسەتی دیموکراتیک جێگەی ستراتیژیی شەڕی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی گرتووەتەوە. بەهێزترین چەکی ئێمە گوتار، یاسا و کۆمەڵگەی ڕێکخراوە.
سیاسەتێکی دیموکراتیک تەنیا لەسەر بنەمایەکی ئاسایی دەکرێت. لەسەر ئەم بنەمایە، نەک هەر چەک دادەنرێت، بەڵکو توندوتیژی و هەڕەشەی شەڕیش بە شێوەیەکی دوولایەنە لەناو دەبرێن.
ئەو تورکیایەی کە کورد بە هۆشیارییەکی دیموکراتیکەوە بەشداری تێدا بکات، بە ڕاستی دەبێتە کۆمارێکی دیموکراتیک. لە تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئامانج پارچەکردن نییە، ئامانج پێکەوە بونیادنانی دیموکراسییەکی ڕاستەقینەیە.
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕێگەی دەربازبوون لە قەیرانەکان لە دروستکردنی دەوڵەت-نەتەوەی نوێدا نییە کە سنوورەکان وێران بکەن، بەڵکو لە زیندووکردنەوەی خاڵە هاوبەشەکانی نێوان گەلاندایە؛ واتە لە گفتوگۆی ئاوێتەکەرانە و بونیادنانی کۆمۆناڵی دیموکراتیکدا کورت دەبێتەوە.
دەستپێکی سیاسی تەنیا بە بڕیاری لایەنێک ناتوانێت ببێتە ئاشتییەکی بەردەوام. بۆ ئینتێگراسیۆن؛ هەنگاوی هاوبەش، ڕێککەوتن و ناسین و داننان بە ئازارەکانی یەکتر پێویستە. ئەگەر پرۆسەکە بە پەیمانی یاسایی مسۆگەر نەکرێت، لە ئاگربەستێکی کورتخایەن زیاتر تێناپەڕێت. ئاشتی بەردەوام ئەوەیە کە سیاسەتی دیموکراتیک لە ژیانی ڕۆژانە، گەڕەک، شار و دامەزراوەکاندا بڵاو ببێتەوە.
بەبێ یاسا، بوون ناتوانێت پێگەیەکی یاسایی بەدەست بهێنێت؛ تێکۆشانی دیموکراتیکیش بەبێ بنەما دەمێنێتەوە. گەرەنتی پێویست، بریتییە لە ناسینی کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پەرەپێدانی ئازادانەی زمان و کولتوور، فراوانکردنی یاسای بەڕێوەبەرایەتیی خۆجێیی و تەواوکردنی هاوڵاتیبوونی دەستووری لەگەڵ هاوڵاتیبوونی ئازاددا. ئەگەر یاسای یەک لایەنە و ناوەندیی دەوڵەت-نەتەوە لە ڕێگەی چاکسازیی دەستووری و یاساییەوە سەرلەنوێ ڕێکنەخرێتەوە، متمانە بونیاد نانرێت. ئەگەر کۆمار دیموکراتیک نەبێت، ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیکیش بەدی نایەت.
پێویستە ئەو کەسانەی خەباتی چەکدارییان کردووە بتوانن بگەڕێنەوە بۆ ژیانی سیاسی و مەدەنی، دەرفەتی ئەوەیان هەبێت لەناو سیاسەتی دیموکراتیکدا بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ. کاتێک پرۆسەکە تەواو دەبێت، ئەم هەڤاڵانەمان دەبنە کاراکتەری گفتوگۆی دیموکراتیک، یاسا و ژیانی مەدەنی. بە ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک دەبنە بەشێک لە کۆمەڵگە و دەبنە کاراکتەری چالاکی قۆناغی بێ توندوتیژی و بێ چەک.
شێوازەکانی بەشداربوون کە گۆڕانکاری لە سیاسەتی ململانێوە بۆ سیاسەتی دیموکراتیک پێکهێنن، تەنیا بە سیاسەتی نوێنەرایەتی و هەڵبژاردنەکانەوە سنووردار نین. کۆمین، ئەنجومەنی گەڕەک و شارەکان، هەروەزی، پارتە سیاسییەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکان ڕەگەکانی ئەم گۆڕانکارییەن. سیاسەتی دیموکراتیک بۆ سیاسییکردنی کۆمەڵگە، هەموو جۆرە ڕێکخستن و چالاکییەکە.
ڕێساکانی دەستووری و دامەزراوەیی پێویستە فرەڕەنگیی سیاسی، ناوچەیی، زمانی و کولتووری نەک لە ڕێگەی پڕۆژەی نەتەوەی یەکپەرستەوە، بەڵکو لە ڕێگەی تێگەیشتنێکی دیموکراتیک بۆ نەتەوە چارەسەر بکەن. نەتەوەی دیموکراتیک مۆدێلێکی سیاسییە کە تێیدا ناسنامە جیاوازەکان مافی یەکسانی، ئازادی و یەکێتی بەش دەکەن. جیاوازیی زمان، بیروباوەڕ، کولتوور و ناوچەیی دەوڵەمەندین. سەپاندنی یەکسانیی زۆرەملێ لەم ناوچەیەدا قەیرانی خوڵقاندووە؛ ناسینی فرەڕەنگی بنەمای دەستووریی چارەسەرییە.
لەبەر ئەوەی بوون لە زمان و کولتووردا بەرجەستە بووە، بۆ ناسینی بوون پێویستە ڕێگرییەکانی بەردەم پەروەردە و گەشەپێدانی کولتووری لابرێن.
لە چارەسەرێکی بەردەوامدا، بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێییەکان تەنیا باری ناوەند سووک ناکەن، بەڵکو بەڕێوەبەرایەتییە دیموکراتیکە خۆجێییەکان بوونی کۆمەڵگە ڕێکدەخەن. ڕێکخراوی کۆمەڵایەتیی دیموکراتیک؛ لەگەڵ دەوڵەت-نەتەوەدا لەژێر هەمان چەتری سیاسیدا، بە بەشداریی ڕاستەوخۆی کۆمەڵگە کار دەکات. قورسایی چارەسەری لە دەسەڵاتی ناوەندیدا نییە، بەڵکو لە یاسا و ڕێکخستنی دیموکراتیکی خۆجێییدایە. لە بوارەکانی پەروەردە، تەندروستی، کولتوور، ئابووری و سیاسەتدا بونیادنانی ئەنجومەنەکان، خانە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک زیندوو دەکاتەوە.
ژن، کەمینەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا کێشەی پاشخراو نین کە ‘دواتر چارەسەر بکرێن’، ئەوان کاراکتەری ئێستای پرۆسەکەن. پرسی ژن کێشەی بنەڕەتیی کۆمەڵگەی دیموکراتیکە. ئازادیی ژنان و هۆشیاریی ئیکۆلۆژی کۆڵەکەی بونیادنانی کۆمەڵگەی دیموکراتیکە. ناسنامە، بیروباوەڕ و گروپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان پێویستە ببنە بابەتی کاری کۆمۆناڵی. بەبێ بەشداربوونی ڕاستەقینەی ئەوان، نە چاکسازیی یاسایی ڕەگ دادەکوتێت و نە تەبایی کۆمەڵایەتیش پێکه دێت.
بانگەوازی من بۆ گەلانی تورکیا و بۆ ئەم کۆنفرانسە ئەمەیە: ئامانج دابەشکردن نییە، ئامانج پێکەوە بونیادنانی دیموکراسییەکی ڕاستەقینەیە. پرسی کورد چیتر تەنیا کێشەی گەلێک نییە؛ بەڵکو پرسی داهاتووی هاوبەشی تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ئەوەی لە ئێوە چاوەڕوان دەکرێت ئەوەیە کە ئەم گۆڕانکاری و کۆکراوە تیۆرییانە دابەزێننە گۆڕەپانەکە و ئەزموونی نێونەتەوەیی بە بنەمای مێژوویی یەکێتی لەم ناوچەیەدا ببەستنەوە.
گەر پرسی کورد چارەسەر نەکرێت، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا مەحاڵ دەبێت بۆ هەر کەسێک داهاتوویەکی ئارامتر، بێوەیتر و شیاوتر بۆ ژیان بونیاد بنرێت.
ڕێگا بە هەنگاوی هاوبەش، گەرەنتی یاسایی و بە ڕێکخستنی دیموکراتیکی هەموو لایەنەکانی کۆمەڵگە بەرەو پێش دەچێت. لە بەردەم دەرگای قۆناغێکی نوێدا، ئامانجی بنەڕەتی ڕووخاندنی دەوڵەت نییە، ئامانج بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی ئازادە.
ئەم پرۆسەیە دژی هیچ گروپێک نییە و بۆ گروپێکی تایبەتیش نییە. بۆ هەموو ئەو کەسانەی لایەنگری چارەسەری، ئاشتی و بەها دیموکراتیکەکانن، بانگەوازی دەستپێشخەری و جوڵانەوەی هاوبەشە.
سڵاو و ڕێز…
عەبدوڵا ئۆجالان – ئیمراڵی.