باران کەوسەری لە ئامادەبوون لە نمایشی فیلمەکەی قەدەغەکرا

دەرهێنەری فیلمی "شاری بێدەنگ" ڕایگەیاند، باران کەوسەری ڕێگەی پێنەدراوە بەشداری نمایشکردنی فیلمەکەی بکات.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەحمەد بەهرامی، دەرهێنەری فیلمی "شاری بێدەنگ" لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسێکی هەواڵی ناوخۆیی ڕایگەیاند، باران کەوسەری ڕێگەی پێنەدراوە کار بکات و بەشداری نمایشکردنی فیلمەکەی بکات.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەداخەوە باران کەوسەری نەک هەر قەدەغەی کارکردنی لە سەرە، بەڵکو ئاگاداریان کردمەوە کە بەشداریکردنیشی لە نمایشکردنی فیلمەکە قەدەغەکراوە.

 

وتیشی: ئێمە سێ پۆستەرمان دیزاین کرد، کەپۆلیسی ڕەوشت لایبردن و دواجار گەیشتینە پۆستەرێکی تر و تابلۆکانمان لەدەستدا، یەکەمجار بوو لەگەڵ ئەکتەرێک لەم ئاستەدا کارم دەکرد، ئەو هەمیشە کاتژمێرێک پێش من دەهاتە سەرکار.

 

باران کەوسەری، ئەکتەری سینەمایی و تەلەفزیۆنی ئێرانی، یەکێکە لەو هونەرمەندانەی کە پشتیوانی لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" کرد و ناڕەزایەتی بەرامبەر بە توندوتیژی بەرامبەر بە خۆپیشاندەران لە سەردەمی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" دەربڕی.

 

باران کەوسەری بە بەشداریکردنی بە بێ حیجابی زۆرەملی  لە کۆبوونەوەی پێداچوونەوەی فیلمێک، بووە هۆی ئەوەی داواکاری گشتی تاران تاوانێک لە دژی ڕابگەیەنێت.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتریش بە هۆی پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی" ژن، ژیان، ئازادی" قەدەغەی کار و چوونە دەروەی وڵاتی لە سەر بوو.