یاساکان بەس نین: ژنان لە تونس ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە

ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان لە ناوچە گوندنشینەکانی تونس بەرزە، ژنانی ناوچە جیاوازەکانی تونس ئاماژە بەوە دەکەن کە یاساکانی ئێستا جێبەجێ ناکرێن و بە تایبەتی ئەو ژنانەی کە لە ناوچە گوندنشینەکانی تونس دەژین، ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.

ئیخلاس حەمرونی

 

تونس- هەرچەندە تونس وەک یەکێک لە وڵاتە پێشەنگەکان لە بواری دەرکردنی یاسای پاراستنی ژنان و داوای دەستەبەرکردنی مافەکانیان دەبیندرا، بەڵام زۆربەی ژنانی تونس بەتایبەتی ئەوانەی لە شارەکانی باشوور و ناوەڕاستی تونس دەژین، ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، ژنانی ناوچە جیاوازەکانی تونس ئاماژەیان بەوەکرد، یاساکانی ئێستا جێبەجێ ناکرێن و بە تایبەتی ئەو ژنانەی کە لە ناوچە گوندنشینەکانی تونس دەژین، ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.

 

"ژنان سوورن لەسەر پاراستنی خۆیان لە توندوتیژی"

بەدیعە قادری بۆچوونی خۆی سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەربڕی و وتی: هۆشیاری ژنان لە باشووری تونس بۆ پاراستنی مافەکانیان کەمە، بەڵام ئێستا ژنان توندوتیژی و کردەوەی دژ بە خۆیان ڕەتدەکەنەوە و هەوڵی پاراستنی کەرامەتی خۆیان دەدەن، بەهۆی زیادبوونی ڕووداوەکانی توندوتیژی بەتایبەتی توندوتیژی هاوسەرگیری و ڕووداوەکانی دەستدرێژی و هەراسانکردن و کوشتنی ژنان، ژنانی هەرێم سوورن لەسەر پاراستنی مافەکانیان.

"سەرەڕای بوونی یاسا، توندوتیژی ئەنجام دەدرێت"

عەفیفە هانی لە شاری سیدی بۆزید وتی: بیرۆکەی پاراستنی مافەکانی ژنان لە هەندێک ناوچەی هەرێمدا بڵاوبووەتەوە، ژنان لە هەموو شارەکانی ناوەڕاست و باشوور هەوڵی پاراستنی مافەکانیان دەدەن و بە مەبەستی سەربەخۆیی لە ماڵەکانیاندا بەرەنگاری توندوتیژی دەبنەوە، هەروەها بزووتنەوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان گرنگن بۆ ئەوەی ژنان بتوانن مافەکانیان بپارێزن، چونکە لە تونس سەرەڕای هەبوونی یاسای پاراستنی مافی ژنان، هێشتا ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.

"بێدەنگی دەبێتە هۆی پێشێلکردنی مافەکان"

ئیناس عومری کە خەڵکی سیدی بۆزیدە، سەرنجی بۆ جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان ڕاکێشا و هەروەها پشتیوانی لەو ژنانە کرد و وتی: بەرزڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە ڕاستیدا پاڵپشتییەکی باشە بۆ کێشەکانی ژنان، چونکە ژنان تووشی توندوتیژی و هەراسانکردن و ئازاردان دەبن، جگە لەوەش ڕۆڵی کارای چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە بەدەستهێنان و پاراستنی مافەکانی ژنان گرنگە، زۆرجار ژنان لەبەرامبەر توندوتیژیدا بێدەنگ دەهێڵدرێنەوە بۆ پاراستنی خێزان و منداڵەکانیان و ئاگاداری مافەکانیان نین، ئەم بیرکردنەوە نەرێنیانە لە ڕووداوە توندوتیژەکە مەترسیدارترن، پێویستە خەبات لە دژی ئەمە بکرێت و ژنان لە مەترسی توندوتیژی ئاگادار بکرێنەوە، لە هەمانکاتدا بزانن بێدەنگی لە بەرامبەر توندوتیژیدا پێشێلکردنی مافەکانیان زیاتر دەکات.