"ئەو سیستمەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتدا دەگوزەرێت بە سیستمێکی مەزهەبی دەناسرێت"
شیرین تاهیر، نووسەر دەڵێت: یاساکان بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان و هاوڵاتیان داندراوە، بەڵام لە ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان و باشووردا بۆ زەوتکردنی ماف و چالاکی چالاکوانان بەکاردەهێنرێت.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- یاسای باری کەسێتی لە دوای پێشنیاری هەمووارکردنەوەی لە پەرلەمانی عێراقدا زۆرترین ناڕەزایەتی بەدوای خۆیدا هێنا، چونکە ئەگەر چاوێک بخشێنین بە دۆخی ژنان لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا، دەبینین سەرباری کۆمەڵێک یاسای بەکاربەر بەڵام ئاستی کوشتنی ژنان بەرزە و ئەمەش لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیشدا هاوتای باشووری کوردستانە.
ژنان لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش ڕووبەڕووی قڕکردنی فیزیکی دەبنەوە، لە زیندانەکانی ڕۆژهەڵاتدا ژنانی وەک زەینەب جەلالیان، پەخشان عەزیزی، ساروناز ئەحمەدی، ساکینە پەروانە، حەورا نیکبەخت و وریشە مورادی و چەندین چالاکوانی دیکەی سیاسیی، کە ئامانجیان بەدەستهێنانی ماف و ئازادبوونی ژنانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەواوی جیهاندا لە زیندانەکاندا ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و فشار دەبنەوە، لە باکووری کوردستان دانانی قەیوم بەشێکە لە شکاندنی ئیرادەی گەل و بە تایبەت ژنان و ئاستی کوشتنەکانیش بەرزە، لە باشووری کوردستانیشدا ئەگەرچی ڕۆژ نییە هەواڵی کوشتنی ژنان نەبیستین، لەگەڵ ئەوەشدا ژنانی ئازادیخواز لەلایەن دەوڵەتانی داگیرکەرەوە بە ئامانج دەگیرێن و ڕێگرییەکان بۆ سەر ژنانی ئازادیخواز بەردەوامی هەیە.
"یاسا بۆ داکۆکیکردن لە مافەکان داندراوە، بەڵام ئێستا بە یاسا ماف لە هاوڵاتی زەوت دەکەن"
شیرین تاهیر، چالاکوان و نووسەر و سەرنووسەری گۆڤاری تەوار، باس لەوە دەکات، هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە عێراقدا و یاساکان بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ بەرامبەر ژنان دەرگای توندوتیژییەکان دەکەنەوە، دەڵێت: کاتێک ژنان توندوتیژیان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت، ئاستەنگی لە بەردەم کارکردن و ژیانکردندا دروست دەکات، هۆکار دەبێت بۆ تێکدانی سەقامگیری خێزانەکان، هەموواری یاسای باری کەسێتی دەرفەت دەکاتەوە بۆ باسکردنی کێشەکانی دیکەی ژنان و کۆمەڵگە لەسەر یاساکانی دیکە، هەروەها پاڵنەرەکانی توندوتیژی بەردەوامی ژنان، وەک پاڵنەری سیاسیی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و ئایینی بوونی هەیە، بەڵام لە ئێستادا پاڵنەرە یاساییەکان مشتومڕی زیاتری لەسەر ئەنجام دەدرێت، چونکە هەبوونی ئەو یاسایانە و هەمووارکردنەوەی یاساکان لە دادگادا چاوەڕوانی کاری باشی لێناکرێت، لە کاتێکدا دەبێت یاسا بۆ مافەکان و یەکسانی و ئازادی دادپەروەر بێت.
ئەو چالاکوانە وتیشی: هەبوونی یاسا لە لای کۆمەڵگە بۆ دادپەروەری، پارێزگاری لە مافەکانی مرۆڤ، یەکسانی و ئازادی لە نێوان کۆمەڵگەدایە، بەڵام کاتێک یاساکان خۆیان دەرگا دەکەنەوە بۆ ئەنجامدانی توندوتیژییەکان هاوڵاتیان لە یاساکان بێ هیوا دەکات، هەروەها هەموواری یاسای باری کەسێتی و بڕیاردان لە جێبەجێ کردنی تەواوی یاساکان بەرەو خراپتر دەبات، لە کاتێکدا بانگەشەی دیموکراسی دەکرێت، بەڵام دەرگا ئاوەڵا دەکرێت بە ڕووی توندوتیژی خێزانی بەرامبەر ژنان و منداڵان، هەروەها دەبێتە بەربەست لە بەردەم گەشەکردنی کۆمەڵگەی عێراقیدا.
"داواکردن و دەنگ هەڵبڕینی ژنان لە هەر جێگایەکدا بن وزە دەدەن بە ژنانی پەرچەکانی دیکە"
شیرین تاهیر، ئاماژەی بەوەکرد، ئەو سیستمەی لە باکوور و ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستاندا دەگوزەرێت، هەبوونی سیستمێکی مەزهەبی لە خۆیدا دەبینێتەوە، دەڵێت: ئەو سیستمەی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتدا دەگوزەرێت بە سیستمێکی مەزهەبی دەناسرێت، ئەگەر چی تورکیا وڵاتێکی سوونییە بەڵام بە سیستمی ئیسلامی یاسای باری کەسێتی دەبات بەڕێوە، زۆرێک لە یاسای باری کەسێتی لە وڵاتانی ئیسلامیدا تەنها شەرع یاساکە دادەنێت، هەروەها یاسای سزادان، بازرگانی، ئابووری هەندێک سەرچاوەی دیکە لە یاساکانیاندا دەور دەبینێت، بە نمونە ڕێکەوتنە جیهانییەکان، بنەما گشتییەکان، عورف و جیهادی قەزائی، بەڵام یاسای باری کەسێتی لە کۆمەڵگەدا تەنها لەسەر بنەما شەرعیەکان دادەندرێتەوە، هەبوونی ئەو یاسایە لەسەر تەنها بۆچوونێک دابندرێت دەرگا بە ڕووی توندوتیژییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هاوشێوەی باشووری کوردستان دەکاتەوە.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەکرد، ئاسۆی ڕزگاربوونی ژنان لە هەر جێگایەکدا بێت تەواوی ژنانی جیهان ڕوناک دەکاتەوە، بۆ ڕێگریکردن لە سەرکۆنەکردنی ژنان پێویست بە خەباتی جیهانی دەکات، وتی: داواکردن و دەنگ هەڵبڕینی ژنان لە هەر جێگایەکدا بن وزە دەدەن بە ژنانی پەرچەکانی دیکە، بە هۆکاری ئەوەی ئێمەی ژنانی باشوور سەر بە عێراقین، هەروەها ئەو پڕوپاگەندانەی بۆ دیموکراتی بوون دەکرێت، وای لە ژنانی باشووری کوردستان و ژنانی پارچەکانی دیکە خەباتی مەدەنیانە بگرنە بەر بۆ چارەسەری مەدەنیانە، بەڵام ئێمەی ژنان لە هەر جێگایەکدا بین پێویستمان بە ڕێباز و ئاڕاستەیەک هەیە بۆ تێکۆشانی ژنان.