ڕووداوەکانی توندوتیژی سێکسی لە نێوان نەبوونی لێپرسینەوە لە تاوانباران لە زیادبووندایە

ئەو ناخۆشیانەی کە ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە تونس ڕووبەڕووی دەبنەوە، بە هۆی ڕاستیە کۆمەڵایەتییەکان، سیستمێک کە خاڵی لە یاسا و ئەندامێک کە مافی ژنان دەپارێزێت، زیاتر دەبێت.

ئیخلاس حەمرونی

 

تونس-لە قوڵایی ناوچەکانی ناوخۆی تونس، کە ژێرخانی ناسک لەگەڵ پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتیدا یەکدەگرێتەوە، زۆرێک لە ژن و منداڵانی کچان بە بێدەنگی دەژین، بە یاسا و لێپرسینەوە نەکردن لە تاوانباران دەورە دراون. ئەگەر ژنێک کەمئەندامی هەبێت، ئازارەکانی زیاتر دەبن، بەهۆی نەبوونی هۆشیاری کۆمەڵگە و لاوازی بەهێزکردنی دامەزراوەییەوە زیاتر بەرەوڕووی توندوتیژی سێکسی دەبێتەوە.

 

لە سیدی بوزید کە پارێزگایەکی گوندنشینی پەراوێزخراوە، زۆر چیرۆک لە پشت دیواری ماڵەکانەوە خۆیان حەشارداوە، ئەو ژنانەی کە دەنگیان براوە. لە نێو ئەم چیرۆکانەدا چیرۆکی "راووعە" هەیە، کە منداڵە کچێکی کەمئەندامی هزری هەیە، دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەر. کاتێک دایکی بڕیاریدا یاسا بپارێزێت بۆ سزادانی تاوانبارەکە، ڕووبەڕووی چەندین سەختی بووەوە.

 

شایەتحاڵییەکی پڕ لە ئازار

سوعاد خەلیفی لە سەرەتای چیرۆکەکەیدا سەبارەت بەو ڕووداوە پڕ لە ئازارەی کە شاهیدی بووە، وتی: کچەکەم لەبەردەم ماڵەکەدا یاری دەکرد، لەناکاو دیارنەما، ڕەتی کردەوە ناسنامەی خۆی ئاشکرا بکات یان وێنەی دەموچاوی بیگرێت لە ترسی لەکەدارکردنی کۆمەڵایەتی.

 

سەبارەت بە ڕووداوەکە، کە بەردەوام ئازارەکانی دایکەکە چڕتر دەبێتەوە، سوعاد خەلیفی وتی: لەبەردەم ماڵەکەدا سەیری یاری کچەکەمم دەکرد، بەڵام کاتێک چوومە ژوورەوە بۆ ئەوەی هەندێک کاری ماڵەوە بەڕێوەببەم و هاتمەوە دەرەوە، کچەکەمم نەدۆزیەوە. دەستمکرد بە گەڕان بەدوایدا لە هەموو شوێنێک، لە کۆتاییدا بینیم لە شەقامێکی نزیک ماڵەکەمانەوە دێت... بە شۆکەوە پێدەکەنی، کاتێک لێم پرسی بۆ کوێ ون بووە، وەڵامی دایەوە: لەگەڵ (فڵان) کەس بووم، هەراسانی کردم و دەستدرێژی سێکسی کردە سەرم.

 

ئەو ڕستەیەی منداڵە کچە کەمئەندامەکەی بە شۆک پێناسە دەکات. "باوەڕم بەو شتانە نەدەکرد کە بیستبووم. ئەو ڕستەیەی کچەکەم وتبووی وەک ڕەشەبایەک بوو، دوای بیرکردنەوەیەکی چڕ بڕیارمدا بەرگری لە کچەکەم بکەم، یەکسەر پەیوەندیم بە پۆلیسەوە کرد، ئەوان هاتنە ماڵەکە و ڕێکاری پێویستیان گرتەبەر. ڕۆژی دواتر، پشکنینمان بۆ کرد لە فەرمانگەی پزیشکی دادوەری، هەروەها بردمە لای پزیشکی دەروونی، دۆسیەیەکم بۆ لێپرسینەوە لە تاوانبارەکە تۆمارکرا."

 

ئەو تاوانانەی کە بە یاسا سزا نادرێن و گوێی گوێگر نابیستن

ئاماژەی بەو بێدەسەڵاتییە کرد کە ڕووبەڕووی بووەتەوە دوای ئەوەی لە "گێژەڵوکەی هۆڵەکانی دادگا"دا گیرا، کە هێشتا دۆسیەکە یەکلایی نەکراوەتەوە، چونکە ئیفادەی کچەکەی "لە ڕووی یاساییەوە متمانەپێکراو نییە"، بەهۆی کەمئەندامیەکەیەوە. "من و کچەکەم بە تەنیا لەم دادگایانە ماینەوە، ڕووبەڕووی ئەم ئالونگاریانە بووینەوە، وەک ئەوە وابوو من بە تەنیا شەڕ لەگەڵ جیهاندا بکەم، لەکاتێکدا تاوانبارەکە ئازادە و کچەکەم بە تەنیا برینەکانی هەڵگرتووە".

 

بەڵام سەرەڕای سەختی و ئاڵەنگاریەکان، سوعاد خەلیفی بەردەوامە لە خەبات بۆ دەستەبەرکردنی مافی کچەکەی و لێپرسینەوە لە تاوانبارەکە. ئاماژەی بەوەشکردووە، "پەیوەندیم بە کۆمەڵەیەکی ژنانەوە کرد لە سیدی بوزید و داوای هاوکاریم کرد، بەو مەرجەی ناوەکانیان بە نهێنی بمێنێتەوە". ئێستا دایک و کۆمەڵەکە بە ئیرادەیەکەوە کاردەکەن بۆ سزادانی تاوانبارەکە.

 

ژنان پێکەوە دژی توندوتیژی دەوەستن

لە بەرامبەر ئەم چیرۆکە بە ئازارانەدا، کۆمەڵەی "ژن یەکەم" وەک لایەنگری ژنان لە ناوچەکانی ناوخۆدا دیارە. حەیات قادری یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی ئەم کۆمەڵەیە لە ساڵی ٢٠١٩، بە ئامانجی پاڵپشتیکردنی ژنانی کرێکار لە کەرتی کشتوکاڵدا. بە خێرایی پەرەی سەند و بوو بە کۆمەڵەیەکی گشتگیر کە تایبەت بوو بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و بەرگریکردن لە مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و دەروونییەکانیان، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی سیدی بوزید، قەسڕێن و قافس. هەروەها کۆمەڵەکە کاردەکات بۆ دەستەبەرکردنی بەهێزکردنی ئابووری و کۆمەڵایەتی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی هەڵاواردن، ئەمە جگە لەوەی ئاسۆی نوێ بۆ ژنان و گەنجان بە هەمان شێوە دەکاتەوە.

 

کۆمەڵەکە لە ساڵی ٢٠٢٢دا ناوەندێکی گوێگرتن و ڕێنمایی دامەزراند بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە دەروونی و یاساییەکان بەخۆڕایی، لەوانەش پشتیوانی لە قوربانییەکان لە هەموو قۆناغەکانی دادگاییکردن و دابینکردنی پارێزەری پسپۆڕ. هەروەها کۆمەڵەکە شوێنی سەلامەتی بۆ ژنانی ڕزگاربووی توندوتیژی دامەزراند، بۆ بەشداریکردن لە خولەکانی چاکسازی و بەهێزکردنی ئابووری.

 

چەواشەکاری کۆمەڵایەتی کەیسەکانی توندوتیژی زیاد دەکات

حەیات قادری ئاماژەی بە هۆکاری زیادبوونی کەیسەکانی توندوتیژی کرد، "سەرەڕای وەرگرتنی ژمارەیەکی زۆر لە ژنان، توندوتیژی سێکسی وەک دەستدرێژی و هەراسانکردن و دەستدرێژیکردنە سەر، هێشتا وەک بابەتێکی تابو لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دەمێنێتەوە، زۆرێک لە قوربانییەکان پێیان باشترە بێدەنگ بن و پەنا بۆ دەسەڵاتی دادوەری یان تەنانەت کۆمەڵەکە نەبەن، ئەمەش دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی پرسە دەروونییەکان"، توندوتیژی سێکسی لە ناوچە ناوخۆییەکانی وەک سیدی بوزید باس ناکرێت، بەتایبەتی کاتێک قوربانییەکە ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەتە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، "زۆرێک لە کەیسەکان بەبێ ڕاپۆرتکردن دەمێننەوە، ژنانیش لە ترسی چەواشەکاری کۆمەڵایەتی بێدەنگبوون هەڵدەبژێرن. هەر بۆیە بڕیارماندا دەنگێک بین بۆ ئەو ژنانەی کە مافەکانیان لێ زەوت دەکرێت".

 

سەبارەت بە چالاکیەکانی کۆمەڵەکە لەو بارەیەوە ڕوونیکردەوە کە کۆمەڵەکە کۆبوونەوەی خولی پەروەردەی بۆ پێشکەشکارانی خزمەتگوزاری لە سیدی بوزید، قەسڕێن، و قافسە ڕێکخستووە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری

لەسەر پاڵپشتی دەروونی، تەندروستی دەروونی و سێکسی، و چۆنیەتی پاڵپشتیکردنی قوربانیانی توندوتیژی سێکسی. هەروەها ئاماژەی بە پلانەکانی داهاتوویان کرد،"لە قۆناغی داهاتوودا، هەوڵدەدەین خزمەتگوزاری پێشکەش بکەین لە چەندین ناوەندی گوێگرتن و ڕێنماییکردن، لەوانەش پەناگە، کە خزمەتگوزارییە بێبەرامبەرەکان لەلایەن پارێزەران و دەروونناسەکانەوە پێشکەش دەکرێن."

 

بەرنامەکانی چاکسازی کە کاردەکەن بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵگە و کەمکردنەوەی توندوتیژی

لە نێوان بەرنامەکانی دیکەدا کە ئامانجیان پشتگیریکردنی ڕزگاربووانی توندوتیژی سێکسی بوو، کۆمەڵەکە کۆبوونەوەی گفتوگۆی ڕێکخست بۆ ئەوەی ژنان بتوانن هەست و ئەزموونەکانیان لە توندوتیژی سێکسیدا دەرببڕن. هەروەها لە ناوچەیەکی دوورەدەست کسمپێکی ڕێکخست بۆ ڕزگاربوون لە فشارەکانی ژیانی ڕۆژانە و یارمەتیدانیان بۆ چاکبوونەوە لە کاریگەرییەکانی هێرشەکە. پاشان کاری کرد بۆ تێکەڵکردنیان لە چالاکییەکانی کۆمەڵەکە و پڕۆژەکانی بەهێزکردنی ئابووری.

 

حەیات قادری ڕوونیشیکردەوە، ژنێکمان هەبوو کە ببووە قوربانی توندوتیژی سێکسی و نەیتوانیوە ڕاپۆرتی تاوانبارەکەی بدات، نەیدەزانی چۆن بەرگری لە مافەکانی بکات، پێی باشتربوو بێدەنگ بێت لە ترسی کاردانەوەی کۆمەڵایەتی، کۆمەڵەکە پەروەردەی کرد، فێری کرد کە زانیاری و شێوازەکانی بەرگریکردن لە خۆی بەدەستبهێنێت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆمەڵەکە خولی پەروەردەی لە بواری ماف و داکۆکیکردنیشدا ڕێکدەخات، ژنێکی گەنج کە قوربانی توندوتیژی سێکسی بووە پەیوەندی بە کۆمەڵەکە کردووە و بەشداری چالاکییەکانی کردووە، بووە چالاکوان و داکۆکیکار لە مافەکانی ژنان. سەرنجمان دا بە ڕاستی و پابەندبوونی ئەو بۆ ئەو بابەتانە، زیادبوونی ئارەزووی سەرکەوتنی و هەوڵە گەورەکانی بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی توندوتیژی سێکسی."

 

ژنانی یەکەم کۆمەڵێک خزمەتگوزاری پێشکەش دەکات، بە شێوەیەکی گشتی بە ئامۆژگاری یاسایی بێبەرامبەر دەستپێدەکات، دواتر هاوڕێیەتی، تێچووی گواستنەوە و دادگاییکردن دەگرێتەوە، وەک دابینکردنی تێچووی گواستنەوەی گشتی و بەدەستهێنانی بڕوانامەی پزیشکی پێویست. پارێزەرانی ژن لە گروپی کۆمەڵەکە یاوەری ژنانی قوربانیانی توندوتیژی سێکسی دەکەن بە درێژایی دۆسیەکە، لەنێویاندا قۆناغی تانەدان ئەگەر پێویست بوو. لە هیچ قۆناغێکی پرۆسەی دادگاییکردندا بە تەنیا ناهێڵرێنەوە تا نەتوانن مافە تەواوەکانیان بەدەست بهێنن.

 

ئاڵەنگاری و بەردەوامی

حەیات قادری پێی وایە پرسی توندوتیژی سێکسی دەبێت بە ئاشکرا باس بکرێت، ئەم پرسە دەبێت لە چوارچێوەی گوندەکان یان ناوچەکانی ناوخۆدا چارەسەر بکرێت. ئەمە بە یەکێک لە دیارترین ئاڵەنگاریەکانی بەردەم ژنە چالاکوانانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵەکە دەزانێت، چونکە ئەم بیرۆکەیە و باسەکەی لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە قبوڵ ناکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش چالاکوانی کۆمەڵەکە هەوڵدەدەن بە شێوەیەکی ڕێزدارانە لەگەڵ ژنان پەیوەندی بکەن، بە شێوەیەکی سادەتر قسەیان لەگەڵ بکەن. وتی: هەوڵدەدەین ئەم دیاردەیە و ڕاستەقینەیەکەی بۆیان ڕوون بکەینەوە، چونکە هەندێکجار ژنان بەرکەوتەی ئەم دیاردەیە دەبن بەبێ ئەوەی تەنانەت درکیشی پێبکەن، ئەمە بەهۆی نەبوونی هۆشیارییەوە بۆ چەمکی ئازاردانی سێکسی، ئەوەش کە یەکێکە لە مەترسیدارترین جۆرەکانی توندوتیژی".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە ئەڵەنگاریە هەرە بەرچاوەکانی بەردەم کۆمەڵەکە، نەبوونی هۆشیارییە لە مافەکانی ژنان بۆ تەندروستی سێکسی و مافی دەربڕینی ئەم دیاردەیە. ئەو ڕوونیکردەوە، "باسکردن لەسەر دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان لەم بوارانەدا بە تابو دادەنرێت و ئەو ژنانەی کە قسە دەکەن بە سووکایەتییەوە سەیر دەکرێن، تەنانەت ڕەنگە لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە چەواشەکارییان بۆ بکرێت تەنها بەهۆی ئەوەی بە ئاشکرا قسەیان لەسەر کردووە".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئالەنگاریەکی دیکە کە ڕووبەڕووی دەبینەوە لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا، نەبوونی زانیارییە لەنێوان دابینکەرانی خزمەتگوزارییەکان لەسەر ئەو یاسا و خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە ژنان دەکرێن، ئەمە جگە لە خاوبوونەوەی ئەوپەڕی لە جێبەجێکردنی ڕێکارە یاسایی و بیرۆکراتییەکان، وەک دواخستنی دامەزراندن بۆ "سبەی" یان دانانی خشتەی دانیشتنەکانی دادگا دوای دوو مانگ. هەندێکجار، دۆسیەیەک دەتوانێت چوار یان پێنج ساڵ بخایەنێت تا دەگاتە بڕیارێک".

 

ئەو نموونەیەکی هێنایەوە کە ئەم سەختییانە دەردەخات و وتی: بۆ نموونە دۆسیەیەکی بەردەواممان هەیە کە پەیوەندی بە منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەتەوە هەیە کە تووشی توندوتیژی سێکسی بووە. تا ئەمڕۆش کەیسەکە یەکلایی نەکراوەتەوە، چونکە کەمئەندامی هەیە، نەیتوانیوە بەرگری لە خۆی بکات لە نێوان ئاڵۆزییەکانی دادگاکاندا. تاوانبارەکە کەمئەندامییەکەی بەکارهێناوە، بە بانگەشەی ئەوەی کە ئەو دووچاری نەخۆشی دەروونی و هزری بووە، بووتە هۆی لەدەستدانی مافی قوربانی، تەنها لەبەر ئەوەی نەیتوانیوە چیرۆکی خۆی بسەلمێنێت یان ڕووبەڕووی دەستدرێژیکەر ببێتەوە.

 

"کاتی ئەوە هاتووە ژنان دەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە"

لەبەر ڕۆشنایی ئەم سەختی و ئاڵەنگاریانە، ڕزگاربووانی توندوتیژی ڕوو لە کۆمەڵەکە دەکەن بۆ یارمەتیدان لە ناوەندە هاوبەشەکان، بە مەرجێک زانیارییە کەسییەکانیان بە تەواوی بە نهێنی بهێڵرێتەوە. تەنانەت ناوەکانیش بە شێوەیەکی جیاواز تۆمار دەکرێن بۆ دڵنیابوون لە تایبەتمەندی. ئەم نیگەرانییە لە هۆشیاری کۆمەڵەکەوە سەرچاوە دەگرێت بۆ سروشتی کۆمەڵگە، کە بەردەوامە لە مامەڵەکردنی توندی لەگەڵ ڕزگاربووانی توندوتیژی سێکسی. ئەوان تووشی چەواشەکاری و شەرمەزاری کۆمەڵایەتی دەبن، ئەمەش وا دەکات زۆرێک لە ژنان بێدەنگ بن، ئەزموونەکانیان ئاشکرا نەکەن، لە ترسی تێڕوانینەکانی کۆمەڵگە یان لەدەستدانی پشتیوانی خێزان و کۆمەڵایەتی.

 

بۆ شکاندنی بەربەستی بێدەنگی و ترس، چالاکوانانی کۆمەڵەکە هەوڵ دەدەن تا دەتوانن زانیارییان بۆ سادە بکەنەوە، پشتیوانی ئەخلاقی و ماددییان بۆ دابین بکەن. لە ئێستادا کۆمەڵەکە کار لەسەر پەرەپێدانی ڕێبەرێکی ڕێکارەکان دەکات بۆ ژنان، بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات لە مافەکانیان تێبگەن (ڕوونکردنەوە بۆ کوێ ڕوو لە ژنانی قوربانی توندوتیژی سێکسی بکەن، چی بکەن، هەنگاوە پێویستەکان بۆ بەرگریکردن لە خۆیان)، بزانن دەربارەی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە کۆمەڵەکە پێشکەشی دەکات لە پارێزگاکانی سیدی بوزید، قافسە، و قەسڕێن.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، حەیات قادری جەختی لە گرنگی یاساکانی پاراستنی مافی ژنانی دەستدرێژیکراو کردەوە، “کۆمەڵێک یاسا دادەمەزرێنین کە مافەکانی ژنان دووپات دەکەنەوە،ڤتیشکیان دەخەنە سەر، ئەو هەنگاوانەی کە دەبێت بیگرنەبەر بۆ دڵنیابوون لەوەی مافەکانیان لەدەست نەچێت”، بێدەنگی چیتر چارەسەر نییە. بەڵکو کاتی ئەوە هاتووە ژنان دەنگیان بەرز بکەنەوە، ڕووبەڕووی ئازاردەرەکانیان ببنەوە، ڕێگری بکەن لە دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانە بەرامبەر بە خۆیان یان ژنانی تر.