"منداڵ هەیە دایكی نەناسیوەتەوە تا كاتی وەرگرتنی مافی لە خۆ گرتنی دەرچووە"
پاریزەر ساكار شەهید بورهان دەڵێت: پێویستە زوو كێشە خێزانیەكان یەكلایی بکرێنەوە، بەتایبەت لە مافی وەرگرتنەوەو دایەنی كردنی منداڵ. چونكە نمونەی زیندوومان هەیە جاری واهەبووە منداڵەكە دایكی خۆی نەناسیوەتەوە چونكە یەك ساڵ بووە دایكی نەبینیووە.

شیا كۆیی
کۆیە- مافی سەرپەرشتیکردنی منداڵ لە یاسای عێراقدا: پاراستنی بەرژەوەنییەکانی منداڵ، لەبەر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانەی لە کۆمەڵگەکەمان روودەدەن، پرسەکانی سەرپەرشتیکردنی منداڵ وەک پرسێکی هەستیار سەریهەڵداوە کە پێویستی بە هاوسەنگییەکی ناسک هەیە لە نێوان مافی دایک وباوک و بەرژەوەندییەکانی منداڵدا.
سەرپەرشتیکردن تەنها پەیوەندی بە مافی دایک وباوکەوە نییە، بەڵکو ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر داهاتووی منداڵ و سەلامەتی دەروونی و جەستەیی هەیە، ئەوەش بەهۆی قەرەباڵغی و زۆری دۆسیەكان دانیشتنەكانی دادگا زۆر دوادەكەون و لەم وایەدا دایكان بەتایبەت لە ناو گیژاوی خەم و بێ هیوایی دەخولێنەوە. دووری منداڵەكەیان جەرگیان لەت دەكات وخەم دایان دەگرێت بۆئەوەش پێویستە دادگاكان لەم كەیسانە خەمساردنەبن و زۆر دوایان نەخەن.
سەرپەرشتیکردن بەپێی یاسا چییە؟
سەرپەرشتیکردن، بە پێ یاسای باری کەسێ عێراقی ژمارە(١٨٨)ی ساڵی ١٩٥٩ و هەموارەکانی، بریتییە لە: چاودێریکردنی منداڵ لەو قۆناغەی کە ناتوانێت پشت بەخۆی ببەستێت، لەڕووی پەروەردەکردن و پاڵپشتی و پەروەردە وچاودێریکردنی جەستەیی ودەروونییەوە. پێش هەموو شتێک مافی دایکە، پاشانبەپێی ڕێکوپێکی یاسایی دەگوازرێتەوە بۆ نزیکترین خزمی داهاتوو، لە ئەگەری نەگونجاوییەکەی، دەستبەرداربوونی، یان بوونی بەربەستێکی یاسایی.
کێ مافی سەرپەرشتیکردنی هەیە؟
ساكار شەهید بورهان پارێزەر لەبواری كێشە خێزانیەكان، سەبارەت بە سەرپەرشتی كردنی منداڵ دوای جیابوونەوەی دایك وباوك و ئەوگرفتانەی درووست دەبن وتی: سەرەتا هەمو ئەوە دەزانین یاسا ئەركی ڕێكخستنی كۆمەڵگایە. لەوانەیەسەرپەرشتیکردن، بەپێی یاسای باری کەسیی عێراقی ژمارە (١٨٨)ی ساڵی ١٩٥٩ و ولەو یاسایەشدا مادەی ٥٧ كە باسی مافی دایەنی یان بڵین سەرپەرشتی كردنی منداڵ دەكات. ئەوەی لێرە گرنگە باسی بكەم مافی دایەنی بۆ (دایك) ژن لە پیشترە لە پیاو، تا منداڵەكە تەمەنی دەبێتە ١٥ ساڵ ئەوكاتە بژاردەكە لای خودی منداڵەكەیە ئایادەیەوێت لای دایكی بێت یان باوكی، وئەو یاسایە مافی بینینشی داوە كە بۆ منداڵی شیرە خۆرە لە یەك هەفتەدا تەنیا دوو كاتژمێرە و لە دوای تەمەنی شیرەخۆریدا ٢٤ كاتژمێرە.
مەرجەکانی سەرپەرشتیار بەپێی یاسا چین؟
كە دادگا مافی دایەنی منداڵ دەدات بەدایك ئەوها بە شێوەكی رەها پێی نەداوە ئەوەش مەرجی خۆی هەیە بەڵكوبۆ ئەوەی دایک وباوکێک مافی سەرپەرشتیکردنیان پێ بدرێت، دەبێت مەرجە یاساییەکان جێبەجێ بکات،کە گرنگترینیان بریتین لە: توانای تەواو توانای جەستەیی و ئەخلاقی بۆ چاودێریکردنی منداڵ هەبێت و عاقڵ بێت بالغ بێت تا لەروی پەروەردەیی و تەندروستی ودەرونیەوە هیچ زیان بەرمنداڵەكە نەكەوێت، هاوكات باوكەكەش بێ بەشنەكراوە لە بینینی وەك لەسەرەوە باسمان كرد.
ئەو گرفتانەی چین لەدادگان لەبارەی دایەنی منداڵ دوای یەكلایی كردنەوەی كەمنداڵەكەلای كامیان دەبێت؟
بێگومان گرفتەكان زۆرن دوای بڕیاری دادگا كە منداڵەكە دەدرێت بەدایكەكە یان باوكەكە، لەوانە جاری وایە یەكیان كەمتەرخەم دەبن ومافی بینینەكە نادات بە بەرامبەردا یان بیانو دەبینێتەوە كەمنداڵەكە نەخۆشە یان خوێندنی هەیە... و گرفتێكی دیكە دووری نێوان دایك وباوكەكە كە هەریەكەولە شارێك بن هەمو ئەوانەش رێگردەبن لە دانیشتنی بینینی منداڵ.
ڕۆڵی دادگا لە دۆسیەکانی سەرپەرشتیكردنی منداڵ چیە؟
سەبارەت بەڕۆڵی دادگا لەكاتی جیابونەوەكانی ژنو مێردێك كار لەسەر نەوەیەكی دوارۆژ دەكات و نابێ جیابونەوە ببێتە هۆی ئەوەی منداڵ جیابێتەوە لە سۆزی دایك وباوك.
پێویستە ژنان چ بكەن كاتێك ژیانیان دەكەوێتە ناخۆشی وجیادەبنەوە لە هاوژینەکانیان؟
ئەوەی گرنگە لێرەدا پیویستە ژنان هۆشیاربن لەسەر ئەومافانەی كەهەیانە تا مافەكانیان لەدەست نەچێت وكێشەكانیان بە پێی یاسا بەڕیوە بچێت وچارەسەربكەن، نەك وەك ئەوەی زۆر جار دەبینین كێشەكان بە ڕێگای عەشایەری لەدەرەوەی دادگا چارەسەر دەكرێن ئەوەش زۆركات مایەی زیانە بۆ ژن.
ئەگەر یاسای دایەنی منداڵ هەمواربكرێتەوە پێویستە چ خاڵێك لاببرێت یان زیادبكڕێت؟
گەر یاسای باری كەسی هەمواربكرێتەوە یەكەم شت پێویستە ماوەی دیتنی منداڵ ڕیكبخرێتەوە وكاتەكانی بینین لە ٢٤ كاتژمیر بكرێت بە ٤٨ كاتژمێر و دابینكردنی شوێنی گونجاو بۆدیتنی منداڵ چونكە تا ئێستا شوێنێكی گونجاو نیە بۆ ئەو دیتنە كە گونجاو بێت بۆمنداڵەكە.
گەورەترین گرفت دریژكردنەوەی بڕیارەكانی دادگایە لەوەی كە كامیان لەدایك وباوك منداڵەكە دەگرنەخۆ ئەوە چ زیانێكی بەدایكەكان گەیاندووە؟
پارێزەر ساكار،راستە بەداخەوە تا یەكلایی كردنەوەی دۆسیەكە كەجاری وایە دووساڵ دەخایەنێت دایكەكە بێ بەشە لەمافی بینینی منداڵەكەی، ئەوەش بەهۆی قەرەباڵغی دادگاكان زۆری كێشەكان، ئەوەش وادەكات دایكەكە بێ هیوایی لا دروستبێت وتوشی نەخۆشی ببێت بەهۆی ئەوەی دەمێكی زۆرە منداڵەكەی نەبینیوە، لەكاتێكدا لەوانەیە لە بەرژەوەندی دایكەكە بڕیاربدرێت.
بۆیە پێشنیاردەكەین دادگای باری كەسی زیاد بكرێن و زوو كیشە خێزانیەكان یەكلایی بكرێنەوە بەتایبەت لە مافی وەرگرتنەوەو دایەنی كردنی منداڵ،چونكە نمونەی زیندومان هەیە جاری واهەبوە ساڵێكی خایاندووە تا دۆسیەكە یەك لایی بۆتەوە وبڕیاری دادگا دەرچووە دایكی سەرپەرشتی منداڵەكەی بكات لەوكاتەدا منداڵەكە داكی خۆی نەناسیوەتەوە چونكە یەك ساڵ بووە دایكی نەبینیوە، ئەوەش یەكە لەگرفتەكان.
لەكۆتایی قسەکانیدا پارێزەر ساكار وتی: پێویستە ئاماژە بەوەبكەم كە پێویستە ژنان شارەزای مافەكانی خۆیان بن كاتێك كیشەی خێزانیان بۆ درووست دەبێت راوێژ بە پارێزەر و كەسی یاسایی بكەن تا ئەو مافەی بە پێی یاسا بۆیان دیاری كراوە لەدەستی نەدەن.