سەرکەوتنی ژنانی کورد بۆ لوتکەکان؛ سەرکەوتن بۆ ئازادی و خەونی یەکسانی لە کۆمەڵگەدا
١١ گروپ و ڕێکخراوی شاخەوانی کۆیە، ناوەندی شاخەوانی کۆیەیان دامەزراند، دوو گروپ تایبەتن بە ژنان و لەکۆی چوار ئەندامی ناوەندەکە دووانیان ژنن، ژنانی شاخەوان دەڵێن: لە كۆیە ئەو ڕیچكەیە شكێندراوە كە بڵێن شاخەوانی بەس بۆ پیاوانە.

شیا کۆیی
کۆیە-سەرکەوتنی ژنانی کورد بۆ لوتکەکان سەرکەوتنێکە بۆ دەنگ و ئازادی و خەونی یەکسانی لە کۆمەڵگەدا، بۆ ئەم مەبەستە لە ١٨ی حوزەیران لەسەنتەری گەنجانی كۆیە، ڕێکخراو و گروپە شاخەوانیەکانی کۆیە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی تۆڕی شاخەوانی کوردستان و فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان، ١١ گروپ و رێکخراوی شاخەوانی سنوری کۆیە ناوەندی شاخەوانی کۆیەیان دامەزراند، لەناویان دوو گروپ تایبەتن بەژنان و لەكۆتایی چوار ئەندام کە دەرچوون بۆ ناوەندەكە دووانیان ژنن.
بەشداری ژنان لە وەرزشی شاخدا هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی خۆیان لە بوارە جیاوازەکانی ژیان دەرفەت دەدات بە ژنان تا تواناکانی خۆیان بسەلمێنن و لە ژینگەیەکی ئاڵەنگارییدا خۆیان دەرببڕن، لە ڕێگەی سەرکەوتن بەسەر شاخ یان پیادەڕەویی، ژنان متمانەی زیاتر بە خۆیان بەدەستدەهێنن، پەرە بە تواناکانی پێشنەگایەتی دەدەن و فێردەبن چۆن بە حیکمەت و ئارامییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخە سەختەکان بکەن، هەروەها دەبێتە باشترکردنی تەندروستی دەروونی و جەستەیی و هەستێکی قووڵی ئازادی و هاوسەنگی دابین دەکات، بەم شێوەیە وەرزشی شاخ دەبێتە ئامرازێکی کاریگەر بۆ بەهێزکردنی ژنان و بەهێزکردنی ڕۆڵیان لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی هاوسەنگتر و یەکسانی تر.
لە کوردستان شاخەوانی ڕەهەندێکی تایبەت وەردەگرێت ئەوەش پەیوەستە بە مێژووی خاک و سروشتەكەی کە بەشێکی دانەبڕاوە لە ناسنامەی گەلی کورد، ژنانی کورد چ لە پێناو بژێوی و هەم لە پێناو خەباتدا لە شاخەکاندا ڕۆیشتن و هێزێکی جەستەیی و مەعنەوی ناوازەیان هەیە، ئەمڕۆ زۆرێک لە ژنانی گەنجی کورد وەک وەرزشێکی ڕێکخراو بەشداری شاخەوانی دەکەن، خۆشەویستی خۆیان بۆ سروشت و هەوڵەکانیان بۆ شکاندنی ئەو سنووردارکردنانەی بەسەریاندا سەپێندراوە دەردەبڕن، ئەم بەشدارییانە نەک هەر دەستکەوتی کەسی بەڵکو پەیامی بەهێزی ئیرادە و سەرپێچی و مافی ژنان بۆ ئازاد و داهێنەرانە لە بوارە جیاوازەکاندا نوێنەرایەتی دەکەن. سەرکەوتنی ژنانی کورد بۆ لوتکەکان سەرکەوتنێکە بۆ دەنگ و ئازادی و خەونی یەکسانی لە کۆمەڵگەدا.
"چالاکین و زۆربەی لوتکەکانمان دیوە"
بەهرە ڕەزا، مامۆستای زانكۆی كۆیە لە بەشی جوگرافیاو سەرۆكی گروپی "شاخەوانی خانمانی كۆیە" وتی: لە ٢٠١٨ەوە گروپەكەمان دامەزراوە ومۆڵەتمان وەرگرتووە، تاكە گروپین لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستان كەتەنها گروپی ژنانین گەشت دەكەین بۆ شاخەكان وچالاكین و زۆربەی لوتكەكانمان دیووە، وەك لوتكەی هەڵگورد و سارا و چەندین شوێنی دیکە، بەشداربووین لەدامەزراندنی ناوەندی شاخەوانی كۆیە، بۆ كۆكردنەوەی گروپەكان لەژێر یەك چەتردا، و خۆشحاڵم بە كردنەوەی ئەو ناوەندە جا هەركەسیك دەربچێت بەخۆشحاڵیەوە قبوڵی دەكەین، چونكە كۆیە یەكێکە لەو شارانەی گروپی شاخەوانی زۆرە ئەوەش وایكرد داوای ناوەندێكی سەربەخۆ بكەین بۆ ئەوەی لەكاتی گەشتەكان مۆڵەتی فەرمی لەو ناوەندە وەربگرین و ئیمەش ئەندامین لەو ناوەندە.
بەهرە ڕەزا رونیشیكردەوە كە كۆیە بەراورد بەشارەكانی دیكە پیشەنگە لەبواری شاخەوانی، خۆشبەختانە لەو شارە دوو گروپی شاخەوانی تایبەت بەژنان هەیە كە ئەوە لەشارەكانی دیكە نییە وتی: لەم ڕووەوە خزمەتی زۆر بەژنان دەكەین بەبەڵگەوە دەڵێم كەچەندین ژنمان هەبووە نەخۆشی دەروونی هەبووە یان نەخۆشی درێژ خایەن كاتێك لەگەڵ ئیمە گەشت دەكەن ئەو نەخۆشیانەیان پەڕاندووە، داواكاری هێنندە زۆرە بۆ ئەندامبوون لە ئێستا وەرگرتنیان راگرتووە، بۆیە لە كۆیە شاخەوانی ژنان ئەو ڕیچكەیان شكاندووە كە بڵێن شاخەوانی بەس بۆ پیاوانە، بەنموونە كاتێك كە فێستیڤاڵی شاخ دەكرێت لەناو هەموو شاخەوانەكان گروپەكەی ئیمە شای گروپەكانە، چونكە هەموو ژنین و بەشێوەیەكی پیشكەوتوو بەشداری دەكەین بەهەموو كەلوپەلە شاخەوانیەكانمانەوە، چونكە جلوبەرگ زۆرگرنگە بۆشاخەوانی بەتایبەت (پیڵاو)كە بەدڵی شاخەوانی دادەنێین، لەگەڵ پارێزراوی، هەركات روو لە شوێنێک دەكەین دەڵێین پارێزراوی لەهەموو شت گرنترە درووشممان سەلامەتی پاشان سەلامەتی.
لە کۆتایی قسەکانیدا بەهڕە ڕەزا داوای لە لە ژنان کرد كە یەكێک لە وەرزشەكان پەیڕەو بكەن گەر لەناو ماڵەكەی خۆشی بێت، نیو كاتژمێریش بێت چونكە هەموو وەرزشەكان گرنگن بەتایبەت شاخەوانیم چونكە براوەو دۆرانی نییە تەنیا ئامانجی لوتكەیە و زۆر دڵخۆشدەبیت بەو سەركەوتنە بۆ شاخ و لە لوتكەكان.
"ئەركێكی شاخەوانان ئەوەیە دەبێت ژینگەپارێز بن"
نیگار حەمەد محمود، مامۆستای پەیمانگای وەرزشی كۆیەو بەرپرسی شاخەوانی ڕێكخراوی ئۆسكار لە كۆیە، سەبارەت بەكارەكانیان وتی: ڕێكخراوەكەمان لەساڵی ٢٠١٨ وە دامەزراوە، مۆڵەتمان هەیە و جگە بەشەكانی فێربوونی كۆمپیوتەر و دروومان و كاری دەستی، گروپی شاخەوانیمان هەیە و چەندین چالاكیمان هەیە كە خزمەتی زۆر بەژنان دەكەین لە شارەكەمان، زۆربەی شوێنە گەشتیارییەكان و شاخەكانمان دیوە، هەروەها بەشداربووین لە دامەزراندنی ناوەندی شاخەوانی کۆیە و من وەك ئەندامی ناوەندەكە هەڵبژێردرام، گرنگی ئەو ناوەندەش بۆ خزمەتكردنی گروپە شاخەوانیەكان و ڕێکخستنیانە لە ژێر یەك چەتر، پێشتر ژە گەشتمان دەكرد دەبوو لە ناوەندەكانی فیدراسونەكانی شارەكانی دیكە مۆڵەت وەربگرین.
دەربارەی گروپەکان کە چەندە خزمەت بە ژنان دەکەن لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: بێگومان هەمو گروپەكان خزمەتی باشدەكەن بەژنان ئێمە وەك گروپی شاخەوانی ئۆسكارو گروپی شاخەوانی خانمانی كۆیە چونكە كاتێك تێكەڵ بەو سرووشتە جوانە دەبیت هەست بە دڵخۆشی دەكەیت و هەرخەمێكت هەبێت لەو شاخە جێی دەهێڵیت، ئەركێكی شاخەوانان ئەوەیە دەبێت ژینگەپارێز بن و ئەركە لەسەر هەموو تاكێكی لەكاتی گەشتەكانماندا كۆمەڵگە ژینگە بپارێزین، شاخەوانی وەرزشێكە لەهەموو وەرزشەكانی دیكە خۆشترە، بەپێی ئەزموونم كەخۆم مامۆستای بالەم لەساڵی هەشتاكانەوە، یاری بالەش زۆر بەسودە، بەڵام شاخەوانی لەسەرووی هەمووانە بەتایبەت بۆ ژنان چونكە ژنان زۆربەی كات لەماڵەوە، بۆیە داوادەكەم لە هەموو ژنان كە گرنگی بەخۆیان بدەن وبەشداری بكەن لە گەشتە شاخەوانییەكان.