ژنان ڕوو لەوەرزشی کاراتی دەکەن و پاڵەوانن

هەرچەندە ژنان ڕێگەیان پێنەدراوە ڕوو لە وەرزشە جۆراوجۆرەکان بکەن، بەڵام لە هەڵەبجە ژنانی گەنج خۆیان فێری کاراتی دەکەن و وەک یاریزان و ڕاهێنەر خۆیان بەرەوپێش دەبەن.

میهرەبان سەلام 

 

هەڵەبجە- هەڵەبجە لەڕووی وەرزشیەوە لەپاش بە پارێزگا بوونی ئاوڕی جدی لێ دراوەتەوە بەڵام تاوەکو ئیستا ژنان بەتەواوی نەیانتوانیوە ڕوولە وەرزشە جۆراو جۆورەکان بکەن، فێرگەی کاراتی یانەی سیروانی هەڵەبجە، چەندین ژنی گەنج لە ئێستادا وەک یاریزان و ڕاهێنەر  لەو فێرگەیە برەو بەو وەرزش کاراتی کە وەرزشێکی بەرگرییە دەدەن. 

 

یانەی سیروان هەڵەبجە لە ئێستادا خەریکی ئامادەکارییە بۆ بەشداری کردن لە پاڵەوانیتی ئاسیاو چەندین ژنی گەنج لە پاڵەوانیەتیەکە بەشدارن و خوازیارن زۆربەی نازناوەکان بۆخۆیان مسۆگەر بکەن. 

 

ئایندە محەمەد، ڕاهینەر لە کاراتی یانەی سیروانی هەلەبجە وتی: من ماوەی حەوت ساڵە لەم فێرگەیە راهێنان دەکەم بەشداریم کردووە لە هونەری بەرگری کردوەو لە ئێستادا خاوەنی پشتوێنی رەش و بروانامەی یابانیم، خۆم بەخۆشحال دەزانم کە لە ئێستادا زۆرترین یاریزان روو لەیانەکەمان دەکەن و بەشداری زۆرترین پاڵەوانیتی کردوە، هەمووکات بەپلەی بەرز بەدەستدەهینین کە تیمیکی ٤٨ کەس بووین. 

 

سەبارەت بە بەربەستەکانی بەردەمیان ئایندە وتی: بەداخەوە لە کوردستان کەمترین پاڵەوانیتی ئەنجامدەدەریت بۆ ژنان، ئەگەر هەبوونی پاڵەوانێتی زیاتر بێت، یاریزانان زیاترهان دەدرێن و هەموو کارێکیش ئامانجی لە پشتە، ئامانجی من ئەوەیە ببم بە ڕاهێنەریکی باش و بتوانم یاریزان باشتر پێ بگەیەنم و ئەو هەڵانەی کە من کردوومە وا لە یاریزانەکانم بکەم هەڵەکانی من دووبارە نەکەنەوە بتوانم ببم بە دادورەیکی باش. 

 

"کاراتی وەرزشی ژنانیشە"  

ئایندە محەمەد ئاماژەی بەوەشکرد، زۆرترین ئاستەنگ دیتە بەردەم ژنانی وەرزشوان، ئەوەیە لەکۆمەڵگە تانەیان لی دەدرێت کە ئەمە وەرزشی کوڕانەو کچان نابێت بیکەن، بەڵام ئایندە لەبەر ئەوەی خاوەنی پشتێنی ڕەشەو خاوەنی چەندین پلەیە لەپاڵەوانیەتیە جیهانیەکان، لەئێستادا هەوڵ دەدات ببێت بەدادوەرو ڕهێنەر وتی: زۆرترین خێزان ڕێگری دەکەن لە کچەکان بێنە وەرزشی کاراتی، چونکە بەیاریەکی رەق و زبری ناودەبەن، بەڵام  وەرزشێکە وا دەکات متمانە بەخۆبوونی زیاد ببێت و وادەکات بەسەر تورەیی زاڵ بیت، هەروەها سودی جەستەیی هەیەو داواکارم خێزانەکان هاوکار بن تاوەکو بەوەرزشەکە ئاشنابن. 

 

یاریزانانی یانەی سیروانی هەڵەبجە بەردەوامن لە ڕاهینانەکانیان 

 پەری نیازی ماوەی پینج ساڵە لە یانەکەیەو خاوەن پشتینی رەشەو وتی ؛بەسەرپەرشتی مامۆستاکانمان توانیومانە ببین بە خاوەنی چەندین خەڵات لەسەر ئاستی جیهانی و لە عێراق بەگشتی گرنگی بەم وەرزشە نادرێت و پاڵپشتی نەکردنی کچان وایکردووە ئاشنا نەبن ،کاراتی هونەری بەرگرییەو ئامانجم هەبوو بگەمە ئاستی یەکەم لە پاڵەوانیەتیەکان ولە لیستی هەلبژاردەی عێراق یاریزانی هەلبژێردراوم و هیواخوازم بتوانین بەشداری پاڵەوانیتی ئاسیا بکەم، کچانیش وەک کوران دەتوانن بەشداری یاریەکان بکەن و خەڵات و پاڵەوانیەتیەکان ببەنەوە. 

 

قسەی خەڵک وایکردووە ژنان ڕوو لە وەرزش نەکەن  

ڕێژیار محەمەد تەمەنی ١٧ ساڵەو لە حەوت ساڵییەوە یاری کارارتی دەکات و بەشداری چەندین پاڵەوانێتی کردووە وتی: سوپاسی خێزانەکەم دەکەم کە توانیم چەندین مەدالیا بەدەستبهینم و ئامانجمە بڵێم کچان دەتوانن هەبن و سەرکەوتوو بن و راهینەرەکەمان زۆر پشتگیرمانە، لە کۆمەڵگەی کوردی قسەی خەڵک زۆر زاڵەو نابێت بڕۆنە دەرەوە، بەڵام بنەماڵەکانمان بیرکردنەوەیان جیایەو داوا دەکەین گوی بە قسە نەدەن و بەشداری یاریەکان بکەین.