ژنانی کارمەندانی چاودێری تەندروستی سودان ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری و خۆڕاگری لە کاتی جەنگدا دەبنەوە
لە بواری چاودێری تەندروستیدا، ژنان بەهۆی هەوڵە ناوازەکانیانەوە جیاوازن، جا چ وەک پزیشک، پەرستار، یان خۆبەخش، ئەم چیرۆکانە تیشک دەخەنە سەر ئەو ڕۆڵە گرنگەی کە ژنان دەیگێڕن لە پێشخستنی تەندروستی گشتی و پێشکەشکردنی چاودێری پێویست بۆ کۆمەڵگەکان.
مەیسا قازی
سودان- چیرۆکی ژنانی کارمەندانی چاودێری تەندروستی، تیشک دەخاتە سەر ئیلهامبەخشی ژنە نمونەییەکان لە بواری پزیشکیدا کە ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری بەرچاو بوونەتەوە، هەروەها سەرکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە و بەشدارییان لە هۆشیاری تەندروستیدا کردووە و دووپاتی دەکەنەوە، کە ژنان ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە خزمەتکردنی کۆمەڵگە و پێشخستنی چاودێری تەندروستی.
ئالا قاسم، پسپۆڕی شێرپەنجەی منداڵان لە یەکەی شێرپەنجەی منداڵان لە شاری پزیشکی مێرۆوە، گەشتە ئیلهامبەخشەکەی خۆی بۆ پیشەیەک لە بواری پزیشکیدا گێڕایەوە، وتی: پزیشکی بەشێک نەبوو لە پلانەکانم، ویستم لە قۆناغی ئامادەییدا ئەندازیاری بخوێنم، لەکاتێکدا خێزانەکەم پێیان باشتر بوو ناوم تۆمار بکەم لە کۆلێژی دەرمانسازی.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ماوەیەک لە بیرکردنەوەیەکی قووڵ، دەستیکردووە بە هەستکردن بە نزیکایەتییەکی ڕاستەقینە لەگەڵ پزیشکیدا، دواتر خولیای خۆی بۆ ئەو بوارە دۆزیەوە، وتی: ئێستا لە کارکردن وەک پزیشکی منداڵان، هەست بە ڕازیبوون و دڵخۆشی دەکەم و خۆمم لەو شوێنە دۆزیەوە کە سەر بە خۆمە.
ئالا قاسم لە یەکەم ڕۆژی نیشتەجێبوونیدا تووشی کەیسێکی سەختی ژنێکی گەنجی تەمەن ١٩ ساڵ بوو کە تووشی گیرانی ڕیخۆڵە بوو، کە دواتر نەشتەرگەری بۆ کراوە سەرەڕای ئاڵۆزییەکان، بەڵام دوای چارەسەرکردن باشتر بووە، هەروەها دوای دەرچوونی لە نەخۆشخانە، لەگەڵ خێزانەکەی گەڕایەوە بۆ پێشکەشکردنی دیارییەک وەک پێزانینێک بۆ هەوڵەکانی تیمە پزیشکییەکە، ئەمەش کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر بەجێهێشت و ئامانجی سەرەکی خۆی لە بواری پزیشکیدا بیرخستەوە: ''یارمەتیدانی خەڵک و دابینکردنی چاودێری''.
''کەمی سەرچاوە: دیارترین ئاڵەنگاری''
ئالا قاسم ئاماژەی بەوەدا، کە دیارترین ئاڵەنگاریەکان لە چاودێری تەندروستیدا توانای سنووردار و کەمی سەرچاوەکانن، بەتایبەتی لە وڵاتانی تازەپێگەیشتودا، کە ئەمەش ڕێگری دەکات لە دابینکردنی چاودێریکردنی نەخۆش بە شێوەیەکی گونجاو، ئەم گرفتانە لە دواکەوتنی هاتنی نەخۆشەکانەوە دەست پێدەکات بەهۆی نەبوونی گواستنەوە یان تێچووی، و تەنانەت دوای گەیشتنیان بەردەوام دەبێت، چونکە تیمە پزیشکییەکان تووشی کێشە دەبن لە ئەنجامدانی پشکنینی پێویست بەهۆی بەردەست نەبوون یان تێچووی زۆری ئامێرەکان.
ڕوونیشیکردەوە، دوای ئەنجامدانی پشکنینەکان هەندێکجار ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری دەبینەوە لە دابینکردنی چارەسەری پێویست و دەرمان، ئەویش بەهۆی کەمی یان گرانبوونی نرخەوە کە ناتوانین دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشەکان دابین بکەین، ئەمەش دەبێتە هۆی دواکەوتنی چارەسەر و زیادبوونی ئازار.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە بەدواداچوون بۆ نەخۆشەکان دوای دەرچوونیان لە نەخۆشخانە ئاڵەنگاریەکی گەورەیە، چونکە پێویستی بە سەردانی وەرزی هەیە بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە و ڕێکخستنی چارەسەرکردن، بەڵام تێچووی دارای بەربەستێکە بۆ زۆرێک لە نەخۆشەکان بۆ پابەندبوون بەم بەدواداچوونە.
''سەرکەوتنەکان لە یەکەی پزیشکی منداڵان''
شاری پزیشکی مێرۆی بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری پزیشکی کوالیتی بەرز بۆ منداڵان جیا دەکرێتەوە، کە چارەسەرکردن بەبێ بەرامبەر بەردەستە و هەموو پسپۆڕییە پزیشکییە پێویستەکان لەخۆدەگرێت، بەڵام نەخۆشخانەکە ڕووبەڕووی ئاڵەنگاریەکی بەرچاو دەبێتەوە، کە نوێنەرایەتی دەکرێت بە زیادبوونی بەردەوامی ژمارەی ئەو منداڵانەی لە ناوچە جیاوازەکانی سودانەوە دێن بەهۆی کاردانەوەکانی ململانێکان و داخستنی ناوەندەکانی تری چارەسەری ئۆنکۆلۆژی، ئەمەش فشارێکی زیاتر دەخاتە سەر توانای نەخۆشخانەکە.
هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٤ دەستمان بە کارکردن کرد لە بەشی پزیشکی منداڵان لە ناوەندی ئۆنکۆلۆژی لە شاری پزیشکی مێرۆوە، لەو کاتەوە ژمارەیەکی زۆر منداڵی نەخۆشمان لە سەرانسەری وڵاتەوە بینی، سەرەڕای توانای نەشتەرگەری بەرزی نەخۆشخانەکە، بەڵام ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری دەبینەوە لە دابینکردنی پێداویستییەکانی هەموو منداڵان بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی بەردەوامی ژمارەیان، هەروەها ژمارەی ئەو منداڵە نەخۆشانەی کە چارەسەر وەردەگرن لە یەکەی پزیشکی منداڵان بە نزیکەیی گەیشتوەتە ٦٧٠ منداڵ.
''ئاڵەنگاریەکان لە هەڵبژاردندا''
زەینەب هاشم، پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی، ئەزموونی خۆی لە بواری پزیشکیدا دەگێڕێتەوە، وتی: لە خواستەوە بواری پزیشکیم هەڵبژارد، خێزانەکەشم هەر لە تەمەنی گەنجیەوە هانیان دام بۆ ئەوەی بەدوایدا بگەڕێم، حەزم لە زانست و پزیشکی بوو، لەم بوارەشدا دەرفەتێکم بینی بۆ خزمەتکردنی خەڵک و باشترکردنی ژیانیان، هەڵبژاردنی پزیشکی لە خۆیدا ئاڵەنگاریەک نەبوو، بەڵام ئاڵەنگاریەکە هەڵبژاردنی نەشتەرگەری بوو وەک پسپۆڕییەک، خەڵک نەشتەرگەری بە قورس دەزانن بۆ ژنان و کاریگەری لەسەر ژیانیان هەیە، ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ دواکەوتنی پسپۆڕیم لە نەشتەرگەریدا، هەرچەندە لە خوێندنی زانکۆمەوە ئەم بوارەم خۆشدەویست.
لە قسەکانیشیدا گرنگی ڕەخنەگرانەی ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگەدا باس کرد، وتی: کە ژنان نەک تەنها نیوەی کۆمەڵگەن، بەڵکو نوێنەرایەتی تەواوی پایەکانی کۆمەڵگە دەکەن، هەروەها هۆشیارکردنەوە لەناو خێزاندا دەستپێدەکات و کاریگەری ژنان لە وشەکان تێدەپەڕێت، وە جەختی لەسەر ڕۆڵی سەرەکییان کردەوە لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە شێرپەنجەی مەمک
سەبارەت بەو ئاڵەنگاریانەی ڕووبەڕووی بووەتەوە، بەتایبەتی لەکاتی ململانێ و کۆچکردنیدا، وتی: ئەو ململانێیە ئاڵەنگاریەکی گەورە بوو، خەڵک شوێن و ژینگەی ژیانیان وەک پزیشک گۆڕی، پێشتر ڕووبەڕووی پەتای کۆڤید-١٩ بووینەوە، کارەکانمان لەو ماوەیەدا ئاڵەنگاریەک بوو، بەڵام کۆچکردن ئاڵەمگاریەکی گەورەترە.
هەروەها باسی گرنگی ئیرادە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان کردەوە، وتی: ئاواتێکی دڵسۆزانە مەحاڵەکان دەکاتە دڵنیای، گرنگ نییە ئاڵەنگاریەکان هەبن دەتوانرێت تێپەڕێنرێن، جگە لەوەش پیشەی پزیشکی سەرەڕای سەختی و تێچووی خوێندنەکەی وەک پیشەیەکی بەرز دەمێنێتەوە کە مرۆڤ و کۆمەڵگە بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
لە درێژەی قسەکانیداباسی لەو ئاڵەنگاریانە کرد کە کەرتی تەندروستی لە سودان ڕووبەڕووی دەبێتەوە و ڕوونیکردەوە، کە پەتاکان بارگرانی لەسەر هاوڵاتیان و پزیشکان و نەخۆشخانەکان زیاد دەکەن، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ئاوارەبوونی بەرفراوان و کەمی سەرچاوەکان، سەرەڕای ئەمەش ستایشی ئارامی و بەرگەگرتنی هەمووانی کرد، وە هاوڵاتیانی سودان، لە هەموو چین و توێژەکانی ژیانەوە، بە ئارام و خۆڕاگرییەوە بەرگەی ئەو بارودۆخە سەختانەیان گرت، جا چ پزیشک بن یان هاوڵاتی.
''ڕۆڵێکی سەرەکی لە کاری خۆبەخشی و هۆشیاریدا''
نەوال سەمیر، خوێندکاری قۆناغی چوارەمی پزیشکییە، نموونەیەکی نایابی ژنێکە کە ژیانی خۆی بۆ خزمەتکردنی کەسانی دیکە تەرخان دەکات، ڕوونیشیکردەوە، لە خواست و قەناعەتێکەوە لە گرنگی ڕۆڵی پزیشک لە کۆمەڵگەدا پزیشکی هەڵبژاردووە، ئەو خۆبەخشانە لە زۆرێک لە هەڵمەتەکانی هۆشیاریدا کاردەکات، بەشداری لە چەندین هەڵمەتدا کردووە، لە ئێستادا خۆبەخشانە لەگەڵ پزیشکی شاری مێرۆو لە هەڵمەتێکی هۆشیاری شێرپەنجەی مەمکدا کاردەکات.
جەختیشی لەو ڕۆڵە گرنگە کردەوە کە ژنان لە هۆشیاری و پەروەردەدا دەیگێڕن، بەتایبەتی سەبارەت بە شێرپەنجەی مەمک، وتی: ژنان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری، بەتایبەتی سەبارەت بە گرنگی زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک.
نەوال سەمیر ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری دەبێتەوە، دیارترینیان ناچاربوون بووە بەوەی ڕوو لە شارێکی نوێ بکات بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە خوێندن، دوای ئەوەی ململانێکانی پایتەخت بووە هۆی ئەوەی زانکۆکەی خوێندن ڕابگرێت، وتی: گواستنەوەکە ئاسان نەبوو، ڕێگاکە پڕ بوو لە سەختی، بەڵام پشتگیری باوکم و هاوڕێکانم زۆر یارمەتیدەر بووم.
لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەتا نیگەران بووە لە کۆمەڵگە و کولتووری نوێ، بەڵام ساڵێک ژیان لە شارە نوێیەکەدا گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە، ئێستا دوای ساڵێک لە نیشتەجێبوونم، خۆم گونجاندووە و دڵخۆشم بەو کەسانەی لێرە ناسیومن، ئەزموونەکەی ڕەنگدانەوەی ئیرادەی بەهێز و توانای خۆگونجاندنە سەرەڕای بارودۆخی سەخت.