چۆن گرژی ماسولکەکانت کەمدەکەیتەوە لە ڕێگای خۆراکەوە؟

پزیشک هەڤین کەمال، پسپۆڕ لە زانستی ئازار و بەنج، ڕێنمایی دەکات بە کۆمەڵێک خۆراک گرژی ماسولکەکانی جەستە کەم بکرێتەوە

ناوەندی هەواڵ

 

هه‌ڤین که‌مال شا محەمەد، پزیشکی پسپۆڕ له‌ زانستی ئازار و به‌نج و شاره‌زا له‌ چاره‌سه‌ری فه‌قه‌رات و نه‌خۆشی جومگه‌کان بێ نه‌شته‌رگه‌ری، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی لە فەیسبووک زانیاری لە بارەی ئەو خۆراکانەوە بڵاودەکاتەوە کە یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی گرژی ماسولکەکان.

 

ئەو پزیشکە دەڵێت: یەکێک لە هەرە کێشە باوە تەندروستییەکانی ئەم سەردەمە، دروستبوونی گرژی ماسولکەکانە، بەتایبەت ماسولکەکانی پوز و شان و مل، کە زۆربەی جار هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ماندووبوون و لایف ستایلی خراپ، کەمی خواردنەوەی ئاو و زیاد خۆری لە خواردنی فاست فوود و ناتەندروست.

 

ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا نێرگەلە کێشان و جگەرەی ئەلەکترۆنی و جگەرەی ئاسایی بەهەمان شێوە کاریگەری زۆریان هەیە و خواردنەوەی ڕێژەیەکی زۆریش لە چا و قاوە و خواردنەوە گازییەکان کاریگەری خراپیان هەیە ، ئەمانە و چەندەها هۆکاری تر و نەخۆشی ماسولکەکان لەوانەیە گرژی دروست بکەن.

 

پزیشک هەڤین کەمال باس لەو خواردن و خواردنانەوە دەکای کە پێویستە زیاد بکرێت بۆ ژەمە خۆراکیەکان بۆ کەمکردنەوەی ئەو گرژییە:

-پەتاتەی شیرین، لەبەرئەوەی ماددەی کالسێۆم و مەگنیسێۆم و پۆتاسێۆمی تیادایە کە گرژی و ڕەقبوونی ماسولکە ناھێڵێت.

-ئەڤۆکادۆ کە ڕێژەیەکی زۆر پۆتاسێۆمی تیادایە کە ماسولکە خاوکەرەوەیە.

-پاقلەمەنیەکان، فاسۆڵیا، لۆبیا، کەڕێژەیەکی زۆر مەگنیسێۆمی تیادایە کە ئازاری ماسولکە ناھێڵێت .

-شووتی یاخود شەربەتەکەی کە ناھێڵێت ماسولکەکان وشک بنەوە چونکە ڕێژەیەکی زۆر ئاوی تیادایە .

-شیر یاخود شیرەمەنیەکان کە ڕێژەیەکی زۆر پرۆتینی تیادایە کەیارمەتی دروست بوونەوەی خانە تێکشکاوەکانی ماسولکە دەدات .

-سرکەمەنی یاخود ترشیات و خەیار شۆر ، کاریگەری ھەیە لەسەر تەحفیز کردنی دەمارەکان کەئەویش دەبێتە ھۆی نەھێشتنی ئازار و ڕەقبوونی ماسولکەکان .

-سەوزە گەڵا تۆخەکانی وەکو سڵق و کاھوو و سپێناغ و ..ھتد ، کەڕێژەیەکی زۆر کالسێۆم و ماگنیسێۆمیان تیادایە .

-پرتەقاڵ و نارنج و سەندی ، ڕێژایەکی زۆر ئاو پۆتاسێۆمیان تیادایە کەیارمەتی خاوکردنەوەو باشتر بوونی ماسولکەکان دەدەن .

-چەرەزات ،بەھەموو جۆرەکانیەوە سەرچاوەیەکی باشن بۆ مەگنیسێۆم .

-ماسی، بەتایبەتی جۆری سەلمۆن کە چەوریەکەی هانی چالاک بوونی سوڕی خۆێن دەدات کە کاریگەری ھەیە لەسەر کاری ماسولکەکان .

-تەماتە ، کە ڕێژەیەکی زۆر پۆتاسێۆمی تیادایە ، کە یارمەتی خاوکردنەوەی ماسولکەکان دەدات .

 -ئاو ، خواردنەوەی ئاو بەڕێژەی زۆر ١٢ پەرداخ و زیاتر لەڕۆژێکدا، ڕێگری دەکات لە ووشکبوونەوەی ماسولکەکان و ئیش وکاریان چالاک دەکات .