تشرینی پەمەیی لە غەززە: نەخۆشانی شێرپەنجە ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی چارەسەرکردن و نەبوونی پشتیوانی دەبنەوە

لە کەرتی غەززە، تووشبووانی شێرپەنجە جگە لە نەخۆشییەکە، ڕووبەڕووی داڕمانی سیستەمی تەندروستی و کێشەی دەستڕاگەیشتن بە چارەسەر دەبن؛ لە مانگی تشرینی پەمەییشدا، هۆشیارکردنەوە لەسەر گرنگی دەستنیشانکردنی پێشوەختە و پشتگیری دەروونی بەردەوام دەکرێت.

ڕەفیف ئیسلیم

 

فەڵەستین- لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا، ڕێکخراوەکانی کەرتی غەززە لە فەڵەستین، چەند هەڵمەتێکیان دەستپێکرد بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە شێرپەنجەی مەمک بە دروشمی "گوڵی پەمەیی لەنێو داروپەردوودا" و "تشرینی پەمەیی"، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی زیادبوونی بەرچاوی حاڵەتەکان دوای سێ ساڵ لە جەنگ کە لەو ماوەیەدا ژنان بەر تیشک و پیسکەرەکان کەوتوون کە بوونە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکە.

 

نورە عشی، بە نوێنەرایەتی سەنتەری گەشەپێدانی کۆمەڵگە و میدیا لە کەرتی غەززە، ڕایگەیاند، کە مانگی تشرینی یەکەم مانگی هۆشیاری شێرپەنجەی مەمکە لە سەرانسەری جیهاندا، هەروەها وەک نەریتی کەرتی غەززە بەشداری ئەم هەوڵە دەکات بۆ پەروەردەکردنی ژنان سەبارەت بە سەختی نەخۆشییەکە و لێکەوتەکانی، هەروەها گرنگی خۆپشکنینی پێشوەختە لە دەستنیشانکردنی و دوورکەوتنەوە لە کاردانەوە مەترسیدارەکانی، هەروەها ئەمە لەڕێگەی هەڵمەتی هۆشیاری و نامەی کورتەوە ئەنجام دەدرێت.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەنتەرەکە پێشتر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیدا هەڵمەتەکەی دەستپێکردووە و ئێستا پلانی داناوە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی پشتیوانی دەروونی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەیەک لە کەرتی غەززە، دانیشتنەکانی دیکە بە تایبەتی بۆ پەروەردەکردنی ئەو ژنە ڕۆژنامەنووسانە بەڕێوەدەچن کە لەو شارە گەمارۆدراوەدا کاردەکەن، هەروەها گرنگی دەستنیشانکردنی پێشوەختە لە هەموو وۆرکشۆپ و دانیشتنەکاندا باس دەکرێت کە سەنتەرەکە بە درێژایی مانگ لە سەرانسەری کەرتی غەززە ئەنجامی دەدات.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئازارەکانی ژنان لە کەرتی غەززە بەردەوامە بەهۆی ئەو پیسبوونەی بەرکەوتوون، لە هەوا و ئاوەوە بۆ خاک، کە تیشکی کۆبووەوە بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی شێرپەنجە، بەتایبەتی لەنێو ژناندا، گرنگی و پێویستی زوو دەستنیشانکردنی لە پێش هەموو شتێکەوەیە بۆ کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە ئەگەر دەرکەوت و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی.

 

سەبارەت بەو سەختییانەی کە سەنتەرەکە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، ئاماژە بە چەند ئاڵەنگاریەک دەکات، دیارترینیان سەختی گەیشتن بە هەندێک گروپی ژنانە کە لە نزیک هێڵی سەوز دەژین، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسییەی کە لەسەر ژیانی کارمەندەکان دروستی دەکات، ئەمەش سەنتەرەکە ناچار دەکات پەیوەندی بەو ژنانەوە بکات و هانیان بدات بێنە دامەزراوەکانی، هەروەها ژنان ڕووبەڕووی کێشەی گواستنەوە دەبنەوە، جگە لە دوودڵی هەندێک لە ژنان بۆ گەڕان بەدوای خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی بەهۆی ئەو چەواشەکارییەی کە پەیوەندی بە نەخۆشییەکەوە هەیە و ترسیان لە بڕیاردانی کۆمەڵایەتی یان دابڕان لە هاوتەمەنەکانیان- قەیرانێک کە بەهۆی شەڕەوە توندتر بووە.

 

نورا عشی لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەسەر گرنگی ڕێکخستنی ڕێکارەکانی ڕەوانەکردنی پزیشکی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە بۆ دڵنیابوون لەوەی چارەسەری گشتگیر و بێ پچڕان وەردەگرن.

 

"هەموو ڕۆژێک حاڵەتێکی نوێ سەرهەڵدەدات"

هاوکات، نیهایە جەرادە، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان لە دامەزراوەی ”زەردەخەنەی هیوا” بۆ چاودێری نەخۆشانی شێرپەنجە، ئاماژەی بەوەشکرد، کە نەخۆشانی شێرپەنجە پێویستیان بە پاڵپشتی دەروونی بەردەوام هەیە بە درێژایی ساڵ، بۆیە دامەزراوەکە چالاکی جۆراوجۆر ڕێکدەخات بۆ پاڵپشتی هەم توشبووانی شێرپەنجە و هەم ژنانی بێ نەخۆشیەکە بەتایبەت لە مانگی هۆشیاری شێرپەنجەی مەمکدا، ئەم چالاکییانە سەرنج دەخەنە سەر هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە گرنگی دەستنیشانکردنی پێشوەختە و پێویستی پشکنینی تەندروستی بەردەوام.

 

جەختی لەوە کردەوە، ڕێکخراوەکە حەز دەکات چەندین خزمەتگوزاری پێشکەش بە نەخۆشەکان بکات، بەتایبەتی پزیشکی، لەوانە پشکنینی بەردەوام و ژەمی چارەسەرکردن، جگە لە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون لە کامپەکە و دابینکردنی خۆراک و جلوبەرگ و کەلوپەلی پاکوخاوێنی کەسی، بەڵام بەردەوام بەربەستیان لەسەرە بەهۆی ڕێگریکردنی هێزەکانی ئیسرائیل لە هەندێک جۆری پشتیوانی، بەتایبەتی چارەسەری پزیشکی، کامپەکە میوانداری هاوڕێیەک دەکات بۆ نەخۆشەکە بۆ ئەوەی لەو بارودۆخە سەختەدا بە تەنها نەمێنێتەوە.

 

 

ڕوونیکردەوە، نەخۆشەکان لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەدا ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکی زۆر دەبنەوە، چونکە ڕەنگە چەند مانگێک چاوەڕێ بکەن، دەیان ژن پێش وەرگرتنی چارەسەر یان ڕەوانەکردنی پزیشکی گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ژمارەی ئەو ژنانەی پێش جەنگ تووشی شێرپەنجە بوون ١١ هەزار کەس بوون، لەکاتێکدا ئەمڕۆ ئەستەمە ژمارەکەیان بە وردی دیاری بکرێت.

 

هەروەها دانی بەوەدانا کە هۆکارە دەروونییەکان ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لە زیادکردنی ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە بەهۆی قەدەغەکردنی تەواوەتی چوونە ژوورەوەی هەندێک جۆری دەرمان، وتی: هیوادارە هەموو ژنان پشکنینی پێشوەختەی دەستنیشانکردن خێراتر بکە، هەروەها پەیامێکی ئاڕاستەی توشبووانی شێرپەنجەی کرد، دڵنیای کردن کە هەمووان لەگەڵیانن و پاڵپشتییان دەکەن، بەڵام دەبێت باوەڕیان بەوە هەبێت کە ئەوە ئیرادەیە کە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکە و ڕێگری دەکات لە بڵاوبوونەوەی بۆ بەشەکانی دیکەی جەستە.