لە ئێران تەندروستی ددان لە کێشەیەکی جەستەیییەوە بووەتە قەیرانێکی ئابووریی

بەرزبوونەوەی تێچووی چارەسەرکردنی ددان و سنوورداربوونی داپۆشینی بیمەی سنووردار، وایکردووە چارەسەرکردن بۆ زۆرینەی دانیشتووانی ئێران قورس بێت، هەندێک لە نەخۆشەکان لە جیاتی سەردانیکردنی پزیشک و وەرگرتنی چارەسەر، پەنا بۆ هەڵکێشانی ددانەکانیان دەبەن.

جوان شەریفزادە

 

بۆکان- کێشەی ددان لە ئێران تەنها پەیوەندی بە تەندروستییەوە نییە، تێچووی زۆری چارەسەرکردن وایکردووە دەستڕاگەیشتن بە پزیشکی ددان ببێتە ئاڵەنگاریەک بۆ زۆر کەس، بەهۆی گرانی نرخی دەرمان و چارەسەرەکان و نەبوونی بیمەی گونجاو، ئازاری ددان بۆ هەندێک لە نەخۆشەکان دەگۆڕێت بۆ تاقیکردنەوەیەکی دارایی کە پاڵیان پێدەنێت چارەسەرکردن دوابخەن یان تەنانەت ددانەکانیان دەربهێنن کە دەکرا ڕزگاربکرانایە.

 

زەینەب. م، تەمەن ٥٠ ساڵ و دانیشتووی بۆکان، کە بەهۆی نەخۆشییەکەیەوە ناچاربووە هەموو ددانەکانی شەویلگەی سەرەوەی هەڵکێشێت، ەتی: ساڵی ڕابردوو داوای قەرزێکم کرد بە بڕی ١٠٠ ملیۆن تمەن بۆ چاککردنەوەی ددانەکانم، بەڵام لەو کاتەی قەرزەکەم وەرگرتەوە، نرخەکان دوو هێندە بەرز ببونەوە، ئێستاش ئەو ١٠٠ ملیۆن تمنە بە ئەستەم بەشی چاندنی دوو ددان دەکات، بەهۆی بەرزیی نرخەکانەوە کە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار و هەڵاوسانەوە دروست بووە، تەنانەت پێکەنینیش بۆ ئەو بووەتە مایەی شەرمەزاری.

 

خزمەتگوزارییەکانی پزیشکیی ددان لە بنکە پزیشکییەکاندا لەژێر داپۆشینی بیمەدا نیین، لە کاتێکدا ڕێژەیەکی سنووردار لە کۆمپانیاکانی بیمە ئەم خزمەتگوزارییانە بە شێوازێکی بەشتەن پوشش دەکەن  بە گشتی، تاوەکو ئێستا هیچ پلانێکی گشتگیر یان بودجەیەکی گشتی بۆ ئەم کەرتە تەرخان نەکراوە.

 

خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە زیاتر لە ٥٥٪ی ئەو ئێرانییانەی تەمەنیان سەرووی ٦٥ ساڵە هیچ ددانێکی سروشتییان نییە، هەروەها ئەو کەسانەی تەمەنیان لە نێوان ٣٠ بۆ ٤٠ ساڵدایە، لانیکەم ١٢ ددانیان لەدەستداوە.

 

بەکارهێنانی چارەسەری ئازارشکێن لە جیاتی چارەسەری پزیشکی

نرخی خزمەتگوزارییەکانی پزیشکیی ددان بۆ ئاستێک بەرز بووەتەوە کە لە توانای چینەکانی ناوەڕاست و کەمداهاتدا نەماوە، کرێی پشکنینی سادە لە لای پزیشکی ددان کە تا ساڵێک یان دوو ساڵی پێش ئێستا بە تەواوی خۆڕایی بوو، ئێستا لە بنکەکاندا لە نێوان ٣٠٠ بۆ ٦٠٠ هەزار تمەندا دەبێت.

 

لە ڕابردوودا، دروشمی "چارەسەرکردنی ددان بە قست" لەسەر شوشەی زۆربەی بنکە پزیشکییەکان دەبینرا، بەڵام زۆرێک لە پزیشکانی ددان ئیتر ناتوانن تەنانەت بژاردەی قیستیش پێشکەش بکەن.

 

خەڵک پێیان باشترە بەرگەی ئازار بگرن لەوەی بەرگەی ئەم تێچووە زۆرانە بگرن، ڕۆناک. خ، تەمەن ٣٥ ساڵ، وەک زۆر کەسی دیکە ئازارەکەی بە بەکارهێنانی قەترەی سڕکەر هێور دەکاتەوە و وتی: پزیشکەکە پێی وتم ددانەکانم پێویستی بە دەماربڕین هەیە، نرخی دەماربڕینیش چەند مانگێک پێش ئێستا لە سادەترین بنکەی ددان نزیکەی ٨ ملیۆن تمەن بوو، بەڵام من وتم وازی لێبێنە، باشترە بەرگەی ئازار بگرم و بەم لایەی دەمم نان نەخۆم.

 

ئێستا تێچووی سادەترین ڕکارەکانی پزیشکیی ددان، وەک پڕکردنەوەی ددان، دەماربڕین، نەشتەرگەریی ددانی ئاقلی و هەڵکێشانی ددان، لەدوای یەک بە نزیکەی ٤ ملیۆن، ١٢ ملیۆن، ٨ ملیۆن و ٢ ملیۆن تمەنە.

 

سەبارەت بە چاندنی ددان (ئیمپلانت) کە چەند ساڵ پێش ئێستا بە تێچوویەکی گونجاو ئەنجام دەدرا، ئێستادا لە ٢٠ ملیۆن تمەنەوە دەست پێدەکات بەپێی مارکە و وڵاتی دروستکەر، لەوانەیە تێچووی وەرگێڕانی ئێسک و نەشتەرگەرییە هاوبەشەکانیشی بۆ زیاد بکرێت، کە لەوانەیە زیاتر لە ١٥ ملیۆنی تریشی بخرێتە سەر، هەروەها تێچووی تاجی ددان (کلاو) بۆ هەر نەخۆشێک لە نێوان ٥ بۆ ١٥ ملیۆن تمەندا دەبێت.

 

لە هەڵکێشانی زۆرەملێوە بۆ پاشەکشەی کوالێتیی چارەسەر

س. ئ، پزیشکی ددان لە بۆکان جەختی لەسەر بێبەشبوونی خەڵک لە وەرگرتنی خزمەتگوزارییە تایبەتمەندەکانی ددان کردەوە و پێناسەی بارودۆخەکەی کرد بەوەی کە قەیرانێکە هەڕەشە لە تەندروستیی داهاتوو دەکات، خەڵک چارەسەرکردنی ددانەکانیان دواخەن و سەردانی پزیشکی ددان ناکەن تا ئەوکاتەی بارودۆخەکە دەبێتە درێژخایەن، زۆر جار بەرزبوونەوەی تێچوونەکان وایلێدەکات نەخۆش هەرزانترین بژاردە هەڵبژێرێت، کە ئەویش هەڵکێشانی ددانە لە جیاتی چارەسەرکردنی، تەنانەت لەو حاڵەتانەشدا کە دەکرێت ددانەکە بپارێزرێت، هەندێک جاریش نەخۆشەکە ئەوەندە دواکەوتووە کە هیچ بوارێک بۆ پاراستنی ددانەکە نەمابووەوە، تەنانەت لە کاتی پشکنینەکانیشدا بەهۆی بارودۆخی ئابوورییەوە، زۆر جار پێشنیاری چارەسەرکردنی ئەو ددانانە دەکەین کە ئەگەر هەیە دۆخەکەیان بگۆڕێت بۆ حاڵەتی لەناکاو.

 

بەرزبوونەوەی زۆری نرخەکان لەم کرتەدا نەک تەنها دەستپێگەیشتنی خەڵکی بە چارەسەر سنووردار کردووە، بەڵکو کاریگەریشی لەسەر کوالێتیی خزمەتگوزارییەکانیش هەبووە. بەهۆی بەرزیی تێچووی ماددە و ئامێرەکانەوە، زۆرێک لە بنکەکان ناچار بوون پەنا بۆ بەکارهێنانی جێگرەوەی هەرزانتر بەڵام کەم کوالێتیتر بەرن.

 

لە کاتی بەکارهێنانی ماددەی ساختەدا، بە ئاسانی لە ددانەکە دەبێتەوە، نەخۆشەکە ناچار دەکات تێچووی زیاتر بدات بۆ دووبارە جێگیرکردنەوەی، هەروەها بەکارهێنانی ماددەی ساختە لە پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی دداندا دەکرێت ببێتە هۆی مردنی دەماری ددانەکە دوای نزیکەی مانگێک، کە ئەمەش سەرلەنوێ نەخۆش ناچار دەکات بچێتە ژێر باری چارەسەری دەماربڕین و نۆژەنکردنەوەوە.

 

ئازاری ئابووری

کەلێنی چینایەتی و ڕەگەزی لە بواری تەندروستیی دەم و دداندا هەر ماوە، بەڵام قەیرانی ئابووریی ئێستا بووەتە قەیرانێکی گشتگیر کە چینە جیاوازەکان دەگرێتەوە، پێشبینی دەکرێت لە ئەگەری بەردەوامبوونی ئاڕاستەی ئێستا، نرخەکانی خزمەتگوزاریی پزیشکیی ددان لە ساڵانی داهاتووشدا بەردەوام بن لە بەرزبوونەوە، لەم بارودۆخەدا، ئازاری ددان تەنها ڤە ئازارێکی جەستەیی نامێنێت، بەڵکو لە کێشەیەکی ئابووریش تێدەپەڕێت و دەگۆڕێت بۆ قەیرانێکی تەندروستی و کۆمەڵایەتی، بێ چاکسازی لە پێکهاتە ئابووری و پشتیوانییەکان، دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی ددان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە وەک ئاڵەنگاری جددی بۆ چینە گەورەکانی کۆمەڵگە دەمێنێتەوە، بە تایبەتی ژنان.