کۆرپە لە ئێران ڤاکسینی ڕۆتاڤایرۆس وەرناگیرێت
لە ئێران ڤاکسینی ڕۆتاڤایرۆسی کۆرپە لە مانگی شوباتی ٢٠٢٦ەوە دابەش نەکراوە و سەرەڕای بەڵێنی فەرمی بۆ دابینکردنی، هێشتا زۆرێک لە کۆرپەکان یەکەم ژەمی خۆیان وەرنەگرتووە.
زیلان ئیتمانی
ورمێ-لە ئێران کەمیی یان نەبوونی تەواوەتی هەندێک کوتانی کۆرپە کێشەیەکی نوێ نییە، نیگەرانییەکانی دایک و باوکان سەبارەت بە دواکەوتنی کوتان ئێستا لە جاران زیاترە.
لە سەرانسەری وڵاتدا کەمیی گەورەی ڤاکسینی ڤایرۆسی ڕۆتا هەیە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە ڤاکسینی ڕۆتاڤایرۆس لە مانگی شوباتی ٢٠٢٦ەوە لە وڵاتدا بەرهەم نەهاتووە و دابەش نەکراوە، هەرچەندە ڤاکسینەکە بە شێوەی زارەکی دەدرێت بە کۆرپە لە تەمەنی دوو، چوار و شەش مانگیدا، بەڵام زۆرێک لە کۆرپەکان لەم ساڵدا تەنانەت جارێکیش ڤاکسینەکەیان وەرنەگرتووە.
”ئێمە لە کۆگادا نییمانە”
شەیدا کەمالی (ناوی خوازراو)، پەرستار لە ناوەندێکی تەندروستی ناوچەکە، باسی لە نەبوونی کوتانی ڤایرۆسی ڕۆتا لە ناوچەی ورمێ کرد و وتی: تا ئێستا هیچ بارێکی کوتانی ڕۆتاڤایرۆسمان پێنەگەیشتووە، تەنها ئەو کۆگا سنووردارەی کە هەمانبوو بۆ حاڵەتە تایبەتەکان و ئەو کۆرپانەت کە سیستەمی بەرگرییان لاوازە بەکارهێناوە، بەڵام ئێستا تەنانەت ئەو کۆگایە تەواو بووە، هەرچەندە بە وتەی بەرپرسان، لە ٢٣ی ئاب دەست بە دابەشکردنی دەکرێت، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی تەندروستی کوتانی ئەنجام نەداوە.
”پێویستە کۆرپە پێش تەمەنی هەشت مانگی ئەم کوتانە وەربگرێت”
شەیدا کەمالی جەختی لە گرنگی کوتان کردەوە و وتی: ئەم کوتانە سنووری تەمەنی هەیە، کۆرپە دوای تەمەنی هەشت مانگ مافی وەرگرتنی لەدەست دەدات، مەبەست لە کوتانەکە ڕێگریکردنە لە سکچوونی توند و لەدەستدانی شلەی زیادە.
”تەنها جارێک کوتانەکەمان وەرگرتووە”
ئەم دۆخە ئاستەنگی جددی بۆ دایک و باوک دروست کردووە، هەدیە ش.، کە لە شاری مهاباد دەژی و منداڵێکی تەمەن شەش مانگی هەیە، سەبارەت بە نەبوونی کوتانەکان وتی: تا ئێستا ڕوون نییە بۆچی کوتانەکان دابەش نەکراون، تەنها توانیم یەک کوتان بەدەست بهێنم کە بڕیار بوو لە دوو مانگدا بدرێت، هەرچەندە هەفتەیەک دواکەوت، بەڵام لە ڕێگەی خزمێکەوە لە بنکەیەکی تەندروستی گوندێکدا بەدواداچوونم بۆ ئەو بابەتە کرد بڕیارە لە هەمان ڕۆژدا بنکەی تەندروستی ناوخۆیی دایکان ئاگادار بکاتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچ شتێک نەوتراوە.
کێشەی کوتان تەنانەت پێش جەنگیش هەبووە
هەرچەندە دەسەڵاتداران هۆکاری نەبوونی کوتان دەگەڕێننەوە بۆ ئەو سزا و سەختییە ژینگەییانەی کە دوای ”جەنگی ٤٠ ڕۆژە” هاتبوون، بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە ئەم کێشانە تەنانەت پێش جەنگیش هەبوون، هۆکارە بنەڕەتییەکانی کێشەکانی دابینکردن ڕوون نین و نیگەرانییەکانی گشتی سەبارەت بە بەردەستبوونی ڤاکسینی ستانداردی بەتەمەم، وەک پێنج ڤاکسینی کۆرپە و تەنانەت ڤاکسینی سورێژە، بەردەوامە.
ڤایرۆسی ڕۆتا باوترین هۆکارە بۆ تووشبوون بە سکچوونی توند لە کۆرپە و منداڵان لەو وڵاتانەی کە کوتانیان بەردەست نییە، لە سەرانسەری جیهاندا ساڵانە دەبێتە هۆی زیاتر لە ٢٥ ملیۆن سەردانی نەخۆشخانەی دەرەوە و دوو ملیۆن خەواندن لە نەخۆشخانە و نزیکەی ٤٤٠ هەزار مردن لە منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵدا، بەپێی ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێران، ساڵانە لانیکەم ١٠ هەزار حاڵەتی تووشبوون بە سکچوونی توند لەو وڵاتەدا هەیە کە پێویستیان بە خەواندن لە نەخۆشخانە هەیە و لە ئەنجامدا مردنی لێدەکەوێتەوە.