خراپی چاودێری پزیشکی کاریگەری لەسەر تەندروستی دایک و کۆرپەلەکەی دەبێت

کامپەکان شایەتحاڵی سەختی ژیان و بارودۆخی تەندروستین، کە بە هەژاری و نەبوونی پاکوخاوێنی تایبەتمەندن، ئازارەکان لەگەڵ سەختی دەستکەوتنی چاودێری پزیشکیدا زیادیان کردووە، بەتایبەتی بۆ ژنانی دووگیان.

هەدیل عومەر

 

ئیدلیب-ژنانی دووگیان لە کامپەکاندا تووشی چەندین کێشەی تەندروستی دەبن، لەوانە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی دووگیانی و نەخۆشییە گواستراوەکان لەناو دانیشتوانی ناو کەمپەکاندا، ئەمەش بەهۆی نەبوونی ڕێکاری پێویست بۆ خۆپارێزی.

 

 فادیە ئەلحەمدان تەمەن ٣٦ ساڵ، دوای ئەوەی بە سەختی گەیشتە ناوەندەکانی چاودێری پزیشکی، دووبارە منداڵی لەبارچوو، وتی: ئەوە سێیەم جار بووە کە کۆرپەکەی لەبارچووە بەبێ ئەوەی هۆکاری ڕاستەوخۆی بزانێت، پزیشکەکەی پێی وتووە دواکەوتنی گەیشتن بە ناوەندەکانی چارەسەرکردن هۆکارێکە بۆ لەبارچوونەکە.

 

فادیە ئەلحەمدان لەو کامپانە دەژی کە دەکەونە باکووری شارۆچکەی کفر دەریان، کە بەدەست کەمی خزمەتگوزاری تەندروستی و سەختی دەستڕاگەیشتن بە چارەسەرەوە دەناڵێنن بەهۆی نەبوونی سەنتەری پزیشکی لە ناوچەکە، ئەمەش تەحەددایەکی گەورە بۆ ئەو و بۆ ژنانی دووگیان وتی: لەناکاو هەستم بە ئازاری بەشی خوارەوەی پشتم کرد و نەمتوانی بچمە نەخۆشخانەیەک، چونکە دوور بوو لە کامپەکە و ئۆتۆمبێل نەبوو بمباتە یەکێک لە کلینیکەکانی ژنان، کاتێک درەنگ گەیشتم کۆرپەکەم لەدەستدابوو.

 

ڕوونیشیکردەوە،نەک تەنها بەدەست نەبوونی چاودێری تەندروستیەوە دەناڵێنێت، بەڵکو بەدەست نەبوونی ئاسوودەیی و نەبوونی خواردن و دەرمان و ئەو مەترسییە بەردەوامانەی لە ئەنجامی ژیان لە کامپەکاندا دروست دەبێت دەناڵێنێت.

 

خزمەتگوزاری پاکوخاوێنی پێویست بۆ پاراستنی منداڵی تازەلەدایکبوو نییە

ڕوبا حاج یونس، تەمەن ٣١ ساڵ، بە ئەزموونی دووگیانی و منداڵبووندا تێپەڕیوە لە کامپەکانی مەشهەد ڕوحین لە باکووری ئیدلب ئاماژەی بەوەدا، ئەوە سەختترین قۆناغ بووە لە ژیانیدا و ئاڵۆزترین قۆناغە لە سێ لەدایکبوونی پێشووی پێش ئاوارەبوون، لەگەڵ زیادبوونی مەترسییەکانی دووگیانی و منداڵبوون بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری پاکوخاوێنی پێویست بۆ پاراستنی منداڵی تازەلەدایکبوو، سەختی بەکارهێنانی حەمامە هاوبەشەکان، و نەبوونی ئاسوودەیی و تایبەتمەندی.

 

بەهۆی دواخستنی سەردانی پزیشک مەترسی لەسەرە

سولەف ئەلکەرمۆ، تەمەنی ٢٩ ساڵە، تووشی بەرزی فشاری خوێنی دووگیانی بووە و پێویستی بە چارەسەری بەدواداچوونی بەردەوام هەیە، بەتایبەتی کە لە مانگی شەشەمی دووگیانیدایە، بەڵام ڕووبەڕووی کێشەی زۆر دەبێتەوە لە دەستگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان، دەبێت دوو هەفتە جارێک سەردانی پزیشکەکەی بکات بۆ پشکنینی باری کۆرپەلە و پێوانەکردنی پەستانی خوێن و دڵنیابوون لەوەی کە دووگیانیەکە بە ئاسانی بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ ئەوەشدا دووری ئەو ناوچەیەی کە خزمەتگوزاری پزیشکی لێیە لە کامپەکەیانەوە لە پەراوێزی شارۆچکەی بابسقە وای لێدەکات سەردانی پزیشکەکان بۆ ماوەیەکی زۆر دوابخات، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دەبێت.

 

"بەدەستهێنانی خۆراک و ڤیتامینە پێویستەکان دایک و کۆرپەلە دەپارێزێت"

عائیشە ئەلبەکور، پزیشکی ئافرەتان ڕایگەیاند، بەدەستهێنانی خۆراک و ڤیتامینە پێویستەکان و بەدواداچوون بۆ دووگیانی و بەدەستهێنانی چارەسەری خێرا و کوتان و هۆشیاری تەندروستی، دایک و کۆرپەلە لە چەندین ئاڵۆزی تەندروستی دەپارێزێت.

 

هۆشداریشیدا لە نەبوونی خزمەتگوزارییە پزیشکییە بەردەستەکان و ئەو فشارانەی کە لە ئەنجامی زیادبوونی دانیشتووانی هەرێمەکە و کەمبوونەوەی ژمارەی پزیشکی پسپۆڕەوە دروست دەبێت، ئەمەش وایکردووە ژنانی دووگیان ئەو کارانە بگرنەبەر کە زیان بە تەندروستیان دەگەیەنن، وەک دواخستنی سەردانەکانی چاودێری سەرەتایی و وازهێنان لە خواردنی دەرمان، کە کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی ئەو ژنانەی دووگیانن و لە کامپەکاندا نیشتەجێن هەیە.