چەند نیشانەیەک کە دەریدەخەن منداڵ کێشەی دەروونی هەیە

پزیشکی خێزانیی ژیان ئەحمەد جاف چەند نیشانەیەک دەخاتەڕوو، کە دەریدەخەن منداڵ کێشەی دەروونی هەیە و پێویستی بە چارەسەرە.

ناوەندی هەواڵ

 

ژیان ئەحمەد جاف، پزیشکی خێزانی دەرکەوتنی کۆمەڵێك نیشانە لە سروشت و هەڵسوکەوتی منداڵدا ئاماژە پێدەدات، کە بەشێکن لەو نیشانانەی دەریدەخەن منداڵ کێشەیەکی دەروونی هەیە و پێویستی بە وەرگرتنی چارەسەری پێویست هەیە.

 

ئەو پزیشکە خێزانییە، نیشانەکانی بەم شێوەیە پۆلێن کردووە؛

– نەرم و نیان خۆی دەردەخات، بەڵام لەڕاستیدا وانییە و ئەگەر هەلی بۆ بڕەخسێت توند و تیژ دەبێت.

– هەست بە پەشیمانی و ئازار ناکات، کاتێك هەڵەیەك دەکات و خۆپەرستی لە کەسایەتیدا بەدی دەکرێت.

– هۆگری بەکارهێنانی هەندێك یاری دەبێت کە بۆ تەمەنی گونجاو نین.

– بە ئاسانی توڕە دەبێت و وەڵامدانەوەی توندە.

– ناترسێت لە هیچ سزایەك و هەرچی بوێت دەیکات.

– هەست بە ئازاری کەسانی دیکە ناکات و گرنگی بەو شتانە نادات کە لە دەورووبەریدا ڕوودەدەن.

 

پزیشک ژیان ئەحمەد جاف ئاماژە بەوەش دەکات، کە ئەگەر منداڵ ئەم نیشانانەی تیادا بەدیکرا، باشتر وایە پشتگوێ نەخرێت و ببرێت بۆ لای پزیشکی پسپۆڕ لە بواری منداڵان و دەروونیدا، بۆ ئەوەی بە زووترین کات چارەسەری پێویستی بۆ بکرێت.