کاتێک جەستەی ژن دەبێتە زمانی ناڕەزایەتی
لە مەهاباد لەگەڵ هەر تەقەی مووشەک و هەر نالەیەکی بەرگری، مەمکی ژنەکان وشک دەبوونەوە؛ نەک لە بێدەسەڵاتی بەڵکو لە دڵەڕاوکێی شەڕەوە.

ڤیان مێهرپەروەر
مەهاباد- "دووبارەبوونەوەی شەوانەی دەنگی مووشەک و بەرگرییەکان نیگەرانییەکی قوڵی لە مێشکمدا دروستکرد. گەورەترینیان ئەوە بوو کە شتێک بەسەر کۆرپە دوو مانگەکەمدا دێت. شەوانە ناتوانم چاوەکانم لێی لابدەم، بەڵام چیتر ناتوانم شیری پێ بدەم. لە سەرەتای شەڕەوە مەمکەکانم وشک بوون...."
ئه مانه قسه ی سیران خه یره تی، ژنێکی گه نجه که له م دواییانه دا بووه به دایک. نیگەرانی و دڵەڕاوکێ بە تایبەت لە کاتی شەڕدا نیشانەی جەستەیی لە خۆی و سەدان ژنی دیکەی ئێران لەم ڕۆژانەدا و بە درێژایی مێژوو دروست کردووە. ئەو نیشانانەی کە جەستە و بە تایبەتی سکی ژنانیان کردووە بە یادەوەرییەکی مێژوویی- بۆماوەیی. بەهەمان شێوە شەڕ کاریگەری حاشا هەڵنەگری لەسەر ئەو ئۆرگانە هەیە کە هەڵگری نەوەی داهاتوون و ڕۆڵیان هەیە لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسی کۆمەڵگاکاندا، بەڵام ئەوەی بەسەریاندا دێت بەهۆی هەژموونی تابۆ و پیاوسالاری سانسۆر دەکرێت. ژنان، بە ناڕێکییە بایۆلۆژییەکانیان بەڵام سیاسییەکانیان، بەدوای ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە شەڕ و نیشاندانی بوونی خۆیان لە بوارەکانی بیناسازی و گەیشتن بە یادەوەرییەکی مێژوویی مێینەن. هەروەها گێڕانەوەی ژنان و تیۆری ڕۆشنبیران و ڕاستییە زانستییەکان بەڵگەن لەسەر ئەم ڕاستییە.
گێڕانەوەی تەواو مێینە
دوای دەستپێکردنی هێرشە مووشەکییەکان، دڵەڕاوکێ سێبەری لەسەر خەڵک دانا و گۆڕانکاری لە جەستەی ژناندا دروستکرد. سامە مەروانی (ناوی ساختە)، ژنێکی خەڵکی شاری مەهاباد، سەرەڕای ئەوەی دەیگوت کۆنتڕۆڵی دڵەڕاوکێی خۆمم کردووە، بەڵام تووشی سوڕی مانگانەی پێشوەختە بووە. سەبارەت بەم بابەتە دەڵێت: "دەمزانی دڵەڕاوکێ کاریگەری لەسەر سوڕی مانگانە دەبێت، بەڵام پێم وا نەبوو ئەمە بەسەرمدا بێت، نزیکەی کەس باسی ئەو بابەتانە ناکات، بەتایبەتی نەوە بەئەزموونەکانی ڕابردوو، ئەوان بە تابووی دەزانن". ژنانی دیکەش وەک بەهارێ ئەزموونێکی هاوشێوەیان هەیە. بەهارە دەڵێت: "پەڵە پەڵەکردنم زووتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا دەستی پێکرد، سەرەتا تەنانەت گومانم هەبوو کە سوڕی مانگانەم بێت، بەڵام پێموایە جەستەم بەم شێوەیە دەڵێت نەخێر بۆ شەڕ." پەروانە هەروەها دەگێڕێتەوە: سووڕی مانگانەم درەنگە و دوای بینینی پزیشک، بۆم دەرکەوت کە لە بارودۆخی وەک شەڕدا ئەگەری ئەوە هەیە سوڕی مانگانە دواکەوتوو یان پچڕان بێت.
وەک سیران دەگێڕێتەوە، بۆ هەندێک لە ژنان، بەتایبەت ئەوانەی تازە منداڵیان بووە، ناڕێکی فۆرمێکی جیاواز وەردەگرێت. ژنێکی دیکە بە ناوی ماریا هەروەها دەڵێت: کاتێک دەبیتە دایک، غەریزەیەک ناچارت دەکات کە زیاتر ئاگاداری بیت، من منداڵێکی یەک مانگەم هەیە کە هەرچەندە شیرەکەم بەشی خۆراکدانی بۆ بکات، بەڵام ئێستا چەند ڕۆژێکە کەم دەبێتەوە، بەپێی ئەزموونی دایکم لە ململانێکانی دوای شۆڕش لە ڕۆژهەڵات و ئەزموونی هاوڕێکانم لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٤٠١، ئەمە ڕوودەدات دایکان”.
هۆرمۆن و گۆڕانکاری لە جەستەی ژنان لە شەڕدا
بەپێی دۆزینەوە زانستییەکان جەستەی مرۆڤ تووشی فشاری درێژخایەن دەبێت لە بارودۆخی شەڕدا. ئەم فشارانە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر سیستەمی هۆرمۆنی ئافرەتان هەیە. زیادبوونی کۆرتیزۆڵ (هۆرمۆنی سترێس) هاوسەنگی هۆرمۆنەکانی سێکسی وەکو ئیسترۆجین و پرۆجسترۆن تێکدەدات. ئەم گۆڕانکاریانە دەبنە هۆی ئەوەی سوڕی مانگانە زووتر یان درەنگتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا ڕووبدات، یان تەنانەت بوەستێت (ئامێنۆریا). لەم جۆرە بارودۆخانەدا، کاتێک مێشک هەست بە مەترسی دەکات، پەیام دەنێرێت بۆ پاراستنی وزە و دوورکەوتنەوە لە دووگیانی، هەروەها دووگیانی بەهۆی ناڕێکی یان وەستانی هێلکەدان تێکدەچێت. هەروەها هۆرمۆنی "پرۆلاکتین" کە بەرپرسە لە بەرهەمهێنانی شیر لە خانماندا، ڕەنگە بەهۆی فشاری دەروونی زۆرەوە کەم ببێتەوە.
جەستە؛ لە بواری سیاسەتەوە بۆ ئاشتی
شەڕ خۆی هۆکارێکە بۆ دەستدرێژی، کۆیلایەتی سێکسی، بێبەشکردنی دامەزراوە تەندروستی و پزیشکییەکان، بێ ماڵ و حاڵ و توندوتیژیی پێکهاتەیی دژی ژنان لە چوارچێوەی پیاوسالاریدا. ئەم هۆکارانە بەسە بۆ ئەوەی تێبگەین کە بۆچی شیکردنەوەی شەڕ بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەگەز ناتەواو و ناڕەوایە، ڕەنگە لەبەر ئەوەی سوڕی مانگانە یان شیرپێدان کە دەرکەوتەی سروشتی جەستەی مێینەن، دەبنە نیشانەی ئازار و خۆڕاگری و ئاگادارکردنەوە لە کاتی قەیرانەکاندا. بۆ نموونە وەک ئەوە وایە جەستەی مێینە، بە وەستاندنی سوڕی مانگانە، کاردانەوەی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە توندوتیژی و نائەمنی نیشان بدات؛ کاردانەوەیەکی تەواو سیاسی.
ژنە بیرمەندەکان تیۆری بەنرخیان هەیە سەبارەت بە کاریگەری شەڕ لەسەر نەزمی بایۆلۆژی ژنان. سیندیا ئینلۆی لە یەکێک لە کتێبەکانیدا باس لەوە دەکات کە ژنان لە شەڕەکاندا بە دایک، پەرستار، قوربانی دەستدرێژی یان کارمەندی خزمەتگوزاری پێناسە دەکرێن، نەک بابەتی سیاسی سەربەخۆ؛ کاتێک جەستەی ژن تووشی قەیران و نائارامی دەبێت، پێویستە وەک ڕەنگدانەوەی فشارەکانی پێکهاتەی سیاسی و سەربازی سەیر بکرێت نەک تەنها نیشانەیەکی جەستەیی. ئەو پێی وایە شەڕ و ئەو دڵەڕاوکێیەی کە دروستی دەکات، تەنانەت کاتێک هیچ فیشەکێک نەتەقێنرێت، جەستە و مێشکی ژنان دەگرێتەوە. جودیت باتلەر هەروەها دەڵێت دڵەڕاوکێی ژنان لە قەیرانەکاندا دەرئەنجامی نایەکسانی پێکهاتەیی و توندوتیژییە و تێکچوونی بایۆلۆژیش دەتوانن فۆرمەکانی ناڕەزایەتی سیاسیش بن. هەروەک نەوال سەعداوی باسیشی کردووە، شەڕ نەک تەنها بە توندوتیژی جەستەیی بەڵکو بە فشارە دەروونییەکان و ترس و نائەمنی جەستەی ژنان زاڵ دەکات و بەبێ ئەوەی چارەسەری ئەم ئازارانە بکات، هیچ ڕێگایەک بۆ ئاشتی ڕاستەقینە نییە. وەک چۆن بۆ هەموو لایەک ئاشکرایە کە ڕێگای ئازادی و ئاشتی بە ژنانەوە بەستراوەتەوە، گرنگیدان بەم نیشانە بۆماوەییانەی کە گوزارشتە لە داواکاری ژنان و دایکان بۆ ڕاگرتنی شەڕە خوێناوییەکانی ڕابردوو و داهاتوو.