ژیاننامەی ئەمڕۆ: ژیلا حوسەینی، نووسەر و هۆنەر

ژیلا حوسەینی وەک هۆنەر و نووسەر لە بواری هۆنراوەی نوێی کوردیدا ناوی دەرکردووە، ژنێکی چالاکوان بووە و چەندین هۆنراوە و وتاری نوویسوە لە دیارترینیان "بربادرفتە"یە.

ناوەندی هەواڵ

 

ژیلا حوسەینی هۆنەر و نوسەرێکی کوردە، لە ساڵی ١٩٦٤ لە شاری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بنەماڵەیەکی نیشتیمان پەروەر لەدایکبووە، ژیلا زیاتر لە بواری هۆنراوەی نوێی کوردی نووسیوە، لە بواری ئەدەبیاتیشدا نووسینی هەیە.

 

وەک یەکەم ژن ناودەبرێت کە هۆنراوەی نوێی کوردی هۆنیبێتەوە، لە قۆناغی یەکی ناوەندیدا واز لە خوێندن دەهێنێت و هاوسەرگیری دەکات، بەڵام دواتر لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا و پێنج ساڵ دوای هاوسەرگیرییەکەی جیادەبێتەوە خاوەنی کچێکە بە ناوی "بەهار"، ژیلا خاوەنی چەندین چالاکی و نووسینی هۆنراوەیە، لە ڕادیۆی سنە کاریکردووە و بەشداری لە بەرنامەی "ئێمە و گوێگران" کردووە.

 

یەکەم بەرهەمی ئەم هۆنەرە چیرۆکێک بوو بە ناوی"بربادرفتە" بە زمانی فارسی نووسیویەتی،  ژیلا خۆی زۆر تامەزرۆی چاپکردنی نەبوو چونکە یەکەمین بەرھەمەکانی ژیلا بە زمانی فارسی بوون، هەروەها چەندین وتاری جیاجیای نووسیوە و بەشداری چەندین چالاکی و کۆڕ و کۆبونەوەی کردووە بەتایبەت کۆڕ و کۆبوونەوەکانی شاری سنە و سەقز.

 

دیوانە شیعری "گەشەی ئەوین" یەکەم بەرهەمییەتی کەلە ساڵی ١٩٩٥ چاپکراوە، خاوەنی چیرۆکێکە بە ناوی "قەڵای ڕاز" لە ساڵی ١٩٩٩ لە دوای کۆچی دواییەکەی چاپکراوە، کە لە سێ بەش پێکهاتووە، بریتین لە پاشماوەی شیعرە کوردییەکانی، هەڵبژێردراوی کورتیلە چیرۆکە کوردییەکانی، کۆمەڵە شیعرێک بە زمانی فارسی بە ناوی "باران"، هەروەها وەرگێڕانی کردووە بۆ چیرۆکی "تەلەبەی مەعریفەت" لە نووسینی سادقی هیدایەت، کەلە گۆڤاری ڕاماندا لە هەولێر بڵاوبووەتەوە، جگە لەمانەش وەرگێڕانی ڕۆمانی "دزیرە"ی لە فارسییەوە بۆ کوردی کردووە.

 

کۆتا بەرهەمی ژینا حوسەینی نووسینی وتارێک بوو کەلە کۆنگرەی مەولەوی کورددا بەشداری پێکرد، هەروەها لە کۆنگرەی فەرزانەکان کەلە شاری سنە بەڕێوەچوو بەشداری کرد و ڕوانگەی نوێخوازیانەی سوارەی ئیلخانی زادەی لە وتارێکیدا باس کردبوو کە نەیانهێشت لەلایەن خۆیەوە بخوێندرێتەوە بەڵکو درا بە هاوڕێیەکی بە ناوی کەلسوومی عوسمانپوور و پێشکەشی کرد.

 

لە ٢٧ ئەیلوولی ١٩٩٦دا و لەو کاتەی دەیانویست لەگەڵ بنەماڵەکەی سەردانی شێرکۆ بێکەس بکەن لە شاری تارانی پایتەختی ئێران توشی ڕووداوی هاتوچۆ بوو و بەو هۆیەشەوە گیانی لەدەست دا و لەتەمنی ٣٢ ساڵیدا ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

 

هەرچەند لەو سەردەمەدا پێشکەوتنێکی زۆر لە ڕاگەیاندندا نەبوو، بەڵام هەواڵی مەرگی ژیلا زۆر بە خێرای بڵاوبۆوە بە ناوچەکانی سنە و سەقزدا، پرسەکەی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە ئەنجوومەنی فەرهەنگی ئەدەبی مەولەوی کوردی لە شاری سەقز بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە ئەدیبانی ئەو سەردەمە و لە ناوچە جیاجیاکاندا بەڕێوەچوو، هەروەها تەرمەکەیان بە خاک سپارد لە گۆڕستانی دۆغەرە لە ڕۆژهەڵاتی شاری سەقز لە تەنیشت گۆڕی بنەمەڵەکەیەوە.

 

ت.پ