ژیاننامەی ئەمڕۆ: ئەو ژنەی تا ئازادی وڵاتەکەی پێناکەنێت

هونەرمەندی لوبنانی فەیروز چوار ساڵە بۆ ڕاگەیاندنەکان قسە ناکات و خاوەنی بەڵینی پێنەکەنینە لەسەر ستەیج تا ئازادی نیشتیمانەکەی، تا ئێستا گۆرانی بۆ هیچ سەرۆکێک نەگوتووە و زۆربەی سەرۆکەکان بەشداری کۆنسێرتەکانی بوون، لە پێداگری مانەوەی لە وڵاتەکەیدا کچێکی بۆتە قوربانی جەنگی لوبنان.

ناوەندی هەواڵ

 

٨٤ ساڵ لەمەوبەر لە ٢١ تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٣٥ کچێکی لوبنانی بە ناوی "نوهاد رزق وەدیع حەداد" لە کۆڵانی "زقاق ئلبڵات"ی بەیروتی پایتەختی لوبناندا لە دایکبووە. باوکی ناوی وەدیع حەدادە لە چاپخانەی ڕۆژنامەی "لوریون" کاری کردووە، دایکی ناوی لیزا ئەلبوستانی بووە، ئەو ڕۆژەی فەیروز گۆرانی "یاجارە الوادی" تۆمار کردووە دایکی کۆچی دوای کردووە.

 

فەیروز لە تەمەنی ٦ ساڵی لە ئاهەنگێکی خوێندنگاکەیدا گۆرانی دەڵێت، یەکێک  لە مامۆستاکانی بە ناوی "محەمەد فلیفل"ەوە بە دەنگی نوهاد سەرسام دەبێت داوا لە باوکی دەکات ڕێگە بدات نوهاد گۆرانی بڵێت، باوکی بە مەرجێک ڕازی دەبێت کە تەنها گۆرانی نیشتمانی بڵێت.

 

کاتێک پەیوەندی دەکات بە کۆڕالی ڕادیۆی لوبنانەوە "حەلیم ڕومیی" باوکی ماجدە ڕومی نازناوی فەیروزی پێدەبەخشێت لە ساڵی ١٩٥٢، فەیروز بەهۆی ئەو دەنگ و بەهرەیەی کە هەیبووە بووەتە ئەستێرەیەکی دیاری وڵاتی لوبنان و وڵاتانی عەرەب، خۆشویستنی خەڵک بۆ فەیروز وای کرد نازناوی (دراوسێی مانگ، نوێنەری ئەستێرەکان، چۆلەکەی ڕۆژهەڵات، داری سدری لوبنان) پێ ببەخشرێت.

فەیروز لەسەرەتای ساڵانی پەنجا لەگەڵ "عاسی ڕەحبانی" کە ئاوازدانەر و شانۆکار و ئەکتەری لوبنانییە هاوسەرگیری کرد و بوونە خاوەنی چوار منداڵ بە ناوەکانی (زیاد، لەیال، ڕیما و هالبی) کە ڕەحبانی ئاوازی گۆرانیەکانی بۆ فەیروز دادەنا.

 

لە زمانی عەرەبیدا فەیروز ناوی یەکێک لە بەردە گران بەهاکانە و ڕەنگەکەی پیرۆزەییە. خۆشی هێندە دەنگی دڵگیرە سنوری وڵاتان و نەوەکانی تێپەڕاندووە، هەروەها گۆرانی بێژان و ئاوازدانەران لەستایشکردنیدا پڕ هەستترین وشە لەبارەیەوە دەڵێن.

 

گۆرانییەکانی فەیروزە لای بیانییەکان بەناوبانگ بووە

بەکار هێنانی ئاواز و گۆرانیەکانی فەیروز و وتنەوەی لەلایەن گۆرانی بێژانی بیانیی بەڵگەن لەسەر ئەوەی کە دەنگی فەیروز سنوری وڵاتانی بڕیووە، لەوانە گۆرانی "لەهاویندا خۆشمویستی" کە گۆرانیبێژی فەڕەنسی "دالیدا" کردویەتی بە فەڕەنسی، هەروەها گۆرانی بێژی کۆڵۆمبی ئاوازی گۆرانی "ببارێ ئەی دنیا"ی بەکارهێناوە.

 

لە ڕووی شێوازی دەنگیەوە ستایلی فەیروز میزو-سۆپرانۆ یە. دەنگی فەیروز و ئاوازی ڕەحبانی شۆڕشێکی گەورەیان لەبواری میوزیکی عەرەبیدا بەرپاکرد، فەیروز لە بوارەکانی خۆشەویستی، منداڵان، خۆشی، ناخۆشی، نیشتیمان، دایک و کێشەی فەڵەستینەوە گۆرانی وتووە.

 

دوای مردنی عاسی ڕەحبانی لە ساڵی ١٩٨٦، زیادی کوڕە گەورەی سەرپەرشتی هەموو کارە هونەریەکانی دایکی دەکات. فەیروز بووەتە خاوەنی ٦٥ ئەلبومی گۆرانی. وە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی و جیهانیش ئاهەنگ و فیسیڤاڵی گەورەی  بۆ شەیدایانی دەنگی ساز کردووە.

 

 

فەیروز کەسێکی دوورە پەرێز بووە لە چاوی میدیا بەڵام لەکاری هونەریدا بەم جۆرە نەبووە. جگە لە گۆرانی لە سێ فلیمی سینەمایدا بەشداری کردووە لە ساڵەکانی ١٩٦٥-١٩٦٧-١٩٦٨ هەروەها لە ١٥ شانۆگەریدا بەشداری کردووە.

 

سەرۆک و سەرکردەکان لە کۆنسێرتەکانی ئامادەبوون

ئەو هونەرمەندە هەرگیز گۆرانی بۆ هیچ سەرۆک و سەرکردەیەکی عەرەب نەوتووە، بەڵام بە پێچەوانەوە زۆر لە سەرۆک و سەرکردەکانی جیهان ئامادەی کۆنسێرتەکانی بوون وە گۆرانی بۆ زۆربەی پایتەختە عەرەبیەکان وتووە، جەنگی لوبنان کە لە ساڵی ١٩٧٥ دەستی پێکرد و تا ساڵی ١٩٩٠ بەردەوام بوو، فەیروز ڕەتیکردەوە وڵاتەکەی جێبهێڵێت. لەگەڵ ئەوەی لە بۆردومانی ماڵەکەیدا لەیالی کچی لەدەستدا.

 

تا ئێستا سێ بەڵگە فلیم لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی فەیروز بەرهەم هێنراون. لە٢٢ی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٧ دا  ئەلبومێکی نوێی بەناوی "ببالی" بڵاوکردەوە کە پێکهاتبوو لە ١٠ گۆرانی، فەیروز ئەو هونەرمەندەیە کە لە مێژوودا بەو بەڵێنەی دەناسرێت کە لەسەر ستەیچ پێناکەنێت تا ئەو کاتەی وڵاتەکەی ئازاد نەبێت. لە دوای کۆتا ئالبومیشیەوە بۆ هیچ ڕاگەیاندنێک لێدوان نادات.

 

ت.پ