مەلیکە فاسی؛ دەنگی ژنێک کە بۆ سەربەخۆیی مەغریب خەباتی کرد

لە نێوان ڕۆژنامەگەری و چالاکییە نهێنییەکان و خەباتی کۆمەڵایەتیدا، مەلیکە فاسی ڕێگایەکی ناوازەی دروستکرد کە کاریگەرییەکانی لە یادەوەری بەکۆمەڵی مەغریبدا چەسپاوە.  

ناوەندی هەواڵ

 

لە سەردەمێکدا کە سیاسەت بۆ پیاوان بوو، مەلیکە فاسی بە پێنوسەکەی و هۆشیارییەکەیەوە لە شاری فاسەوە سەریهەڵدا بۆ ئەوەی مێژوویەکی خەباتی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی بنووسێت، بووە تاکە ژن کە لە ساڵی ١٩٤٤دا ئەو بەڵگەنامەیەی کە داوای سەربەخۆیی مەغریب دەکات واژۆ بکات، لەگەڵ ٦٥ پیاو.

 

لە ساڵی ١٩١٩ لە خێزانی فاسی لەدایک بووە، ماڵی فێربوون و چالاکی لەوێ لەگەڵ زانایانی دیاری زانکۆی قەرەویین دادەنیشت و لە کۆبوونەوە نهێنییەکانی ناو ماڵەکەیدا گوێی لە چرپەی شۆڕش دەگرت، لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا پەیوەندی بە بزووتنەوەی نەتەوەییەوە کردووە و لە خانەی نهێنی " الطائفة"دا بەشداری کردووە.

 

لە ساڵانی ١٩٣٠دا کاری ڕۆژنامەگەری کردووە، بە ناوی خوازراوی وەک "فتاة المدينة" و"کچی شار" و "باحثة المدينة" "توێژەری شار" نووسیویەتی، ئەو نادادپەروەرییانەی ئاشکرا کردووە کە بەسەر ژناندا دەسەپێندرێت و بەرگری لە مافی خوێندن و بەشداری سیاسییان کردووە، یەکەم ژنی مەغریبی بوو کە کەوتە ناو ڕۆژنامەگەرییەوە، لە کاتێکدا نووسیویەتی کە دەنگی ژنان بێدەنگ کرابوون.

 

کاتێک ڕێگری لێکرا بچێتە زانکۆ، باوکی ماڵەکەیانی کردە قوتابخانەیەکی تایبەوت بۆی، دوای چەند ساڵێک بانگەشە بۆ کردنەوەی زانکۆی قەرەویین بەڕووی ژناندا دەکات و داواکەی جێبەجێ کرا، بەمەش بووە یەکەم کەس کە ڕێگە خۆش بکات بۆ خوێندنی زانکۆی ژنان لە مەغریب.

 

یەکەم کۆمەڵەی ژنانی لە مەغریب بەناوی "أخوات الصفاء" "خوشکەکانی پاکی" دامەزراند و سەرکردایەتی هەڵمەتەکانی دژی نەخوێندەواری کرد، بەتایبەتی لەنێو ژناندا. هاوکات کۆمەڵەی "المساواة" "یەکسانی"ی دامەزراند بۆ پاڵپشتیکردنی ئەو کەسانەی کە پێویستیان پێیەتی و وەک دەنگێکی بەهێز بۆ ژنانی ناو پارتی سەربەخۆیی مایەوە.

 

لەلایەن یونسکۆ و کۆمەڵەی پەروەردەی مەغریبەوە ڕێزی لێگیرا، خەڵاتی دۆستایەتیی لەلایەن حکومەتی ڕووسیا پێ بەخشرا و لە ساڵی ٢٠٠٥ خەڵاتی تەختی تەختی پلەی یەکەمی پێبەخشرا، ئەمەش وەک ڕێزلێنانێک بۆ ڕۆڵی لە سەربەخۆیی گەلدا.

 

مەلیکە فاسی لە ١٢ی ئایاری ٢٠٠٧ کۆچی دوایی کرد، لە ڕبات بە خاک سپێردراو میراسێکی خەبات و ناوێکی بەجێهێشت کە لە یادەوەری گەلدا چەسپاوە وەک سیمبولی ژنە خۆڕاگرەکە، ئەو نووسەر و پەروەردەکارە کە پێیوابوو ئازادی لە پەروەردەوە دەستپێدەکات.