ماتەمینی ڕەحا لە ساڵیادی ٢٤ی نیساندا دەنگی ژنان زیندوو دەکاتەوە

یادەوەری ٢٤ی نیسانی ١٩١٥ هێشتا بە زیندوویی ماوە و ژنان لە ڕێگەی فۆلکلۆر و گۆرانییەوە وەک «Urfa’nın Etrafı Dumanlı Dağla» ئەم ئازار و ئاوارەییە پارێزگاری لێ دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

بۆ چەندین سەدە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکانی دەوروبەری شاهیدی شەپۆلی یەک لە دوای یەک لە توندوتیژی و کوشتن بوون کە پەیوەستن بە ناسنامە و بیروباوەڕ و پەیوەندییە جیاوازەکانەوە، لە ناوەڕاستی ئەم ململانێیانەدا ژیانی بێکۆتا لەدەستچوو، لە کاتێکدا ڕزگاربووان برینی قووڵی دەروونی و کۆمەڵایەتییان هەڵگرتبوو کە کاریگەرییەکانیان لە یادەوەری بەکۆمەڵدا چەسپاون، لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر دەگوازرێنەوە.

 

سەرەڕای چەندین جار بانگەوازی "پێکەوە ژیان"، ڕاستییە مێژووییەکان ئاشکرای دەکەن کە دیواری ڕق و کینە و نکۆڵیکردن لە دژی ئەم بنەمایە دانراون، ئەو تاوانانەی کە بێ چارەسەر و بێ ڕووبەڕووبوونەوە دەڕۆن، نامێنن، بەڵکو دەبنە زەمینەیەکی بەپیت بۆ بەردەوامبوونی خولەکانی توندوتیژی و ململانێ لە ئێستادا.

 

٢٤ی نیسانی ١٩١٥ ساتێکی سەرەکییە لە مێژووی سەردەمی و تا ئێستاش وەک بابەتێکی گفتوگۆیاوی بەرفراوان دەمێنێتەوە، لەو قۆناغە پڕ لە گێژاوەدا، ئەرمەنییەکان وەک تۆوی هەنار بەسەر جیهاندا پەرش و بڵاو بوون و ئەو تاڵانەی پێکەوە ژیان کە بۆ چەندین سەدە بە کەسانی دیکەوە بەستبوویانەوە، پچڕان و برینی قووڵیان بەجێهێشت کە بە درێژایی نەوەکان ئازاریانیدا، لە نێوان ساڵانی ١٩١٥ بۆ ١٩١٦ سەدان هەزار کەس کوژران و ملیۆنان کەسیش بە زۆر ئاوارە بوون، بە تایبەتی ژنان ڕووبەڕووی جۆرە ترسناکەکانی توندوتیژی بوونەتەوە. دەستدرێژی سێکسی وەک چەکێکی سیستماتیکی بەکاردەهێنرا و زۆرێکیان لە کاتی ڕێپێوانەکانی دیپۆرتکردنەوە یان لە بازاڕەکاندا دەکرانە کۆیلە، لە گەشتەکەیاندا بۆ دەربەدەربوون، هەزاران ژن و منداڵ بردرانە بیابانەکانی سووریا، لەوێ لە بارودۆخێکی نامرۆڤانە و سەختدا خەباتیان دەکرد بۆ ئەوەی بژین.

 

”ڕق و کینە بەردەوامە”

پرسی بەرپرسیارێتی یاسایی و مێژوویی لەم ڕووداوانە تا ئەمڕۆش بە بێ چارەسەر ماوەتەوە، داننان بەم جینۆسایدە دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ پێداچوونەوەی یاسایی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. لە تورکیا، بەکارهێنانی دەستەواژەی "جینۆساید" بۆ پێناسەکردنی ئەم ڕووداوانە، هێشتا تاوانباران بەرەوڕووی لێپێچینەوەی یاسایی دەکاتەوە، کێشەیەک کە یەکێکە لە بەربەستە هەرە بەرچاوەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕابردوو، لەم نێوەندەدا قسەی ڕقاوی و جیاکاری لە ڕێگەی هێرشکردنە سەر ناسنامە جیاوازەکانەوە بەردەوامە.

 

”هەوڵی ژنان بۆ دادپەروەری و ڕاستی”

لە سەرانسەری جیهاندا دایکان کە هەمیشە باجی ئازارەکانیان لە ئەستۆ گرتووە، لە کاتی جینۆسایدی ساڵی ١٩١٥دا بەرگەی توندترین ئازاریان گرتووە، لای دایکان گەورەترین ناخۆشی لەدەستدانی منداڵ و ئازیزانیان بوو و بەدرێژایی ساڵان ئەم ئازارە شێوەی ماتەمینی گرتووە کە هەرگیز لێویان بەجێ نەهێشتووە.

 

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی دامەزراوەیVerjine” Svazlian" ”ڤێرجینێ سڤازلیان”، گریانی ژنان بە زمانەکانی ئەرمەنی و تورکی وەک بەشێکی گرنگی مێژووی زارەکی ئەو سەردەمە تۆمارکرا، لە نێو بەناوبانگترین ئەو هاوار و گیریانە تورکانەدا کە تا ئێستاش لە ئێوارانی مۆسیقای نەریتی ڕەحادا بە شێوەی نەریتی خۆیان پێشکەش دەکرێن، گۆرانی  "Urfa’nın Etrafı Dumanlı Dağla"هەیە، هاگۆپ جیۆرسیان، لە ساڵی ١٩٢٧ لە شاری ڕۆدۆستۆ نور ئەتاچ لە پارێزگای تەکیرداغ لەدایک بووە، بەشداری لە پاراستنی ئەم میراسەدا کردووە، زەمینەی تۆمارکردن و بەڵگەنامەکردنی ئەم گۆرانییە لە ساڵی ١٩٨٥دا داناوە.

 

سەرەڕای تاریکی ئەم بەستێنە مێژووییە، خەباتی ژنان بۆ دادپەروەری و حەقیقەت بەردەوامە، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ میراسی تاریکی ڕابردوو، تەنها بەدواداچوونەوە نییە بۆ ڕووداوە دوورەکان، بەڵکو هەوڵێکی پێویستە بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هەمان کارەساتەکان لە داهاتوودا و دڵنیابوون لەوەی ئازارەکانی نەوەکانی پێشوو نەبن بە چارەنووسێک کە بەردەوام بن.