لە ئازارەوە بۆ بەڵگەنامە... پەرتوکی "ماڵی ژنانی مردوو"

پەرتوکی "ماڵی ژنانی مردوو"ی بورچە باهادر، لە ڕێگەی شایەتحاڵی ڕەسەنەوە کە هاوبەشی دەوڵەت و کۆمەڵگە لە ئاساییکردنەوەی ئەم توندوتیژییە ئاشکرا دەکات،توندوتیژی سیستماتیکی دژ بە ژنان لە تورکیا و جیهاندا ئاشکرا دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

پەرتوکی "ماڵی ژنانی مردوو"ی بورچە باهادر نیشانی دەدات کە چۆن سەرەتاییترین مافەکانی ژنان بۆ ژیان لە تورکیا و لە سەرانسەری جیهاندا گۆڕدراون بۆ شێوازێک لە بەرخۆدانی سیاسی لە دژی سیستەمێکی پیاوسالاری بێدەنگ و پیاوکوژ.

 

نووسەر چاوپێکەوتنی جوڵاو لەگەڵ دوو ژن ئەنجام دەدات، کە بە تاوانی کوشتنی ئەو پیاوەی لەگەڵیدا ژیاون و سێ پیاو کە ژنەکانیان کوشتووە و کەسوکاری قوربانییەکان، بورچە باهادر لە ڕێگەی ئەم چاوپێکەوتنانەوە وێنەیەکی پانۆراما دەبەستێتەوە کە نەک هەر کارەساتە تاکەکەسییەکان، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەی کێشە قووڵە کۆمەڵایەتییەکانی دەوروبەری ئەم چیرۆکانەش ئاشکرا دەکات.

 

"ماڵی ژنانی مردوو" بە هێزەوە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ژنکوژی ناتوانرێت کورت بکرێتەوە بۆ "توڕەیی تاکەکەسی" یان "ناکۆکییەکانی خێزان"، بەڵکو دەبێت وەک جۆرێک لە توندوتیژی سیاسی ڕێکخراو تێبگەین، لە پشت هەر ژنێکەوە کە دەکوژرێت، سیستەمێکی پیاوسالاری هەیە کە بە بێدەنگی پیرۆزی پێدەبەخشێت، کۆمەڵگەیەک کە عەقڵیەتێکی هاوبەش دەگرێتەبەر کە قوربانییەکە بە "شایستەی ئەوە" پێناسە دەکات، دەوڵەت بە هەموو دامودەزگاکانییەوە، بەشدارە لە پەرەسەندنی ئەم توندوتیژییە، تەنانەت تا ئاستی کوشتنیش، ئەمەش وا دەکات تاوانەکە زیاتر ڕەنگدانەوەی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی نەخۆش بێت نەک ڕووداوێکی گۆشەگیر.

 

بورچە باهادر لە ڕێگەی "ماڵی ژنانی مردوو" دەمانباتە گەشتێکی پڕ لە ئازارەوە، لە هەر چیرۆکێکدا ئاشکرای دەکات کە خوێنی ژن تەنها تاوانێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو تاوانێکی بەکۆمەڵە کە دەوڵەت و کۆمەڵگە و دەسەڵاتی دادوەری و راگەیاندن و تەنانەت بێدەنگی خۆمان تێیدا تێوەگلاون، هەر چیرۆکێک هاوبەشی سیستماتیکی ئاشکرا دەکات و زەنگی ئاگادارکردنەوە لەبارەی تەواوی سیستەمێکەوە بەرز دەکاتەوە کە بەشدارە لە بەردەوامبوونی ئەم توندوتیژییە.

 

لە سەردەمی پەرەسەندنی شەڕ و نائارامییەکاندا، ژنان لە هەموو شوێنێکدا، ڕۆژانە شەڕێک دەکەن بۆ سەرەتاییترین مافەکانیان، ئەویش مافی ژیانە، کردەوەی بەڕواڵەت ئاسایی وەک ڕۆیشتن بە شەقام و خۆشەویستی و ژیان بەبێ ترس گۆڕاون بۆ جۆرەکانی بەرخۆدانی سیاسی.

 

"ماڵی ژنانانی مردوو" ڕەگ و ڕیشەی قووڵی ئەم بەرەنگارییە ئاشکرا دەکات، نیشانی دەدات کە چۆن بیرکردنەوەیەکی پیاوسالاری وردە وردە و بێ وەستان کۆمەڵگەیەکی چەسپاندووە کە توندوتیژی دژی ژنان تێیدا ئاسایی دەکرێتەوە و یاسای پێ دەدرێت و تەنانەت هاندەدرێت، تاوەکو دەبێتە ڕاستیەکی قبوڵکراو.

 

لە یەکێک لە بڕگەکانی پەرتوکەکەدا بورچە باهادر لە ژنێک بە ناوی "حەوا" دەپرسێت "لە کۆتاییدا چی دەڵێیت؟" حەوا سەیری چاوەکانی کردم، بەڵام ئەمجارەیان توڕە نەبوو، وەک ڕووبەڕووبوونەوەی چەناگەی بەرز نەکردەوە و دەستەکانی لە هەڵچونەوە نەلەرزین، بەڵکو خۆی بەدەستەوەدابوو، قورسای ئازاری لەسەر بوو، لە تەنهای و بێدەسەڵاتیدا نوقم ببوو، پاشان بە دەنگێکی نزمەوە، کە بە تاڵیی ئەزموونەکانەوە گرێدرابوو، وتی: ئەگەر پیاوێک بە ژنێک بڵێت کە دەیکوژم، ئەوا دەبێت باوەڕ بکات، قسەکانی هاوارێکی بێدەنگ بوون، کورتکردنەوەی ڕاستیەکی ترسناک بوو کە نەدەکرا پشتگوێ بخرێت.