ڕەعنا خانی ڕەزا بەگی محەمەد پاشای جاف

 ڕەعنا خانی ڕەزا بەگی محەمەد پاشای جاف لە ساڵی ١٩٣١ لە شارۆچکەی کەلار چاوی بە دنیا ھەڵھێناوە، لە کەلار خوێندنی سەرەتایی تەواو کردووە، لەبەر ئەوەی باوکی، ڕەزا بەگ، یەکێک بووە لە خوێندەوارەکانی ئەو سەردەمە و شارەزایی زۆری ھەبووە لە ئەدەبیاتی کوردی، فارسی، عەرەبی، بۆیە ڕەعنا خان حەزی بۆ خوێندن هەبووە.

 

ڕەعنا خان شارەزایی لە بنەچە و بنەماڵەی ھۆزی جافدا ھاوکاری لەگەڵ براکەیدا، کەریم بەگ، ڕۆڵی کاریگەری گێڕاوە لە نووسینەوەی پەرتوکی "مێژووی ھۆزی جاف".

 

ڕەعنا خان ھەر لە منداڵیەوە خولیای ئەدەب و هۆنەر بووە و دابونەریتی جاف و کوردەواری پەیڕەو کردووە، هۆنراوەی هۆنەرەکانی وەک مەولەوی و بێسارانی لەبەر بووە، ھەروەھا هۆنراوەکانی ئەوڵای حەسەن و داستانی شیرین و فەرھادی زانیوە و فێری زمانی هەورامی بووە.

 

لە ساڵی ١٩٥٥ ژیانی ھاوسەرگیری پێکدەھێناوە، لەگەڵ عەلی بەگی حسێن بەگی محەمەد پاشای جاف و سەرەتا لە ھەڵەبجە نیشتەجێ دەبن و دواتر ڕوو دەکەنە سلێمانی و دەبێتە دایکی چوار کوڕ و سێ کچ.

 

ڕەعنا خانی ڕەزا بەگ ژنێکی ماڵ کراوە و ڕووخۆش و زیرەک بووە، یەکێک بوو لە ژنە کوردپەروەر و ڕۆشنبیرەکانی کورد و ھۆزی جاف و ماڵەکەی هەمیشە بە ڕووی شۆڕشگێڕەکانی ڕۆژھەڵات و باشوور و ڕۆژئاوادا وەکو کوردێکی دڵسۆز بۆ خاک و نیشتیمان کراوە بووە.

 

لە ڕێکەوتی ٦ی شوباتی ٢٠١٦ بەھۆی نەخۆشی درێژخایەن کۆچی دوایی کردووە و لە گردی سەیوان لە شاری سلێمانی بە خاک سپێردراوە.