ڕوپاک ئەحمەد: ژن هەیە لەسەر بیڕوڕای ئازاد دەستگیرکراوە و خێزانەکەشی لێی بێدەنگن

ڕوپاک ئەحمەد، پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات کە چەندین ژن بەبێ هۆکار لە زینداندا ڕاگیراون و لەسەر بیروڕای ئازاد بە زیندانی کردن سزادراون، دەشڵێت: "ماوەی ڕاگرتنی ژنان نایاساییە و دەبێت لە ١٥ ڕۆژدا دادوەر بیبینێت"، ئەمەش لەکاتێکدا ژن هەیە زیاتر لە سالێکە راگیراوە.

 

لاڤە کوردە

ناوەندی هەواڵ- لە چاکسازییەکانی هەولێر و سلێمانی سەدان ژن بە نایاسایی ڕاگیراون و ئەوانەشی دادگایی کراون و سزایان بۆ بڕاوەتەوە لەسەر تۆمەتی بێ بنەما و بیروڕای ئازاد بووە، کە سزاکەیان تا ٦ ساڵ زیندانی کردنە، ژنانی ڕاگیراو و سزادراو لە لایەکی دیکەوە ناحەقیان بەرامبەر دەکرێت کە خیزانەکانیان بەرامبەر دەستگیرکردنیان بێدەنگن و تەنانەت ناچنە زیندانەکان بۆ سەردانیکردنی ئەو ژنانە، ڕوپاک ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە بۆ ئاژانسی نوژنها دوا.

 

"ڕەوشی ژنانی زیندانی کراو هیچ باش نییە"

ڕوپاک ئەحمەد، باسی لەوەکرد لەسەر بیروڕای ئازاد ژن هەیە دەستگیرکراوە و دەڵێت: "بەدواداچوونیم کردووە بۆ ئەوانەی بە نایاسایی دەستگیرکراون و ڕاگیراوان، ژن هەیە کە ماوەیەکی زۆرە لە زیندان ڕاگیراون و کاتی دادگایی کردنیان بۆ دانانرێت، چووین سەردانی چاکسازییەکانی ژنانمان کردووە، هاوپیشەم، بەدریە ئیسماعیل لە سلێمانی و دواتریش لەگەڵ من لە هەولێر سەردانی ژنانی زیندانیکراومان کردووە، ڕەوشی ژنانی زیندانیکراو هیچ باش نییە".

 

ئەوەشی ڕوونکردەوە کە بەپێی یاسا ماوەی ڕاگرتن نابێت لە ١٥ ڕۆژ زیاتر بێت لە خراپترین بارودۆخیشدا ئەگەر بەڵگەی پێویست لەبەردەست نەبێت، نابێت لە ٦ مانگ زیاتر بێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان ژن هەیە ساڵێک و ٦ مانگە لە چاکسازی ڕاگیراوە بەبێ ئەوەی سزا درابێت یان دادگایی کرابێت و دادوەری بیبینێت، وتی: "ئەمەش پێچەوانەی سەرجەم ماددە یاساییەکان و یاساکانی سزادانانە، دەبێت هەرکەسێک بەهەر تۆمەتێک دەستگیرکرا لەماوەی ١٥ ڕۆژدا کەیسەکەی بگوازرێتەوە بۆ دادگا و دادوەری لێکۆڵینەوە".

 

"ژن هەیە لەسەر لایک و کۆمێنت دەستگیرکراوە و لە زیندان تووشی نەخۆشی بووە"

ئەو پەرلەمانتارە خستیەڕوو، "ژن هەیە لەسەر بیروڕای ئازاد دەستگیرکراوە و سزا دراوە، هەیە لە سلێمانی لەسەر یەک لایک و کۆمێنت چەندین ساڵ سزا دراوە و لە زیندانیش تووشی چەندین نەخۆشی بووە، سزادراومان هەیە چەند مانگێکی کەم بووە هاوسەرگیری کردووە بەداخەوە لەسەر لایک و کۆمێنت ٥ بۆ ٦ ساڵ بە زیندانی کردن سزا دراوە، سزادراو هەیە ئێستاش لە شۆکدایە پێی سەیرە کە بەهۆی بیروڕای ئازادەوە دەستگیرکراوە، ئەو ژنانە تووشی نەخۆشی بوون و پێویستییان بە چارەسەرە، بە هەوڵ توانرا مانگی ڕابردوو بە ڕاپۆرتی پزیشکی ژنێک بەر لێبوردنی تایبەت بکەوێت و لە زیندان بهێنرێتە دەرەوە".

 

ئاماژەی بەوەشکرد کە لە زیندانییەکانی دیکەش سزادراو هەیە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە، یاخود نەخۆشی درێژخایەنی ڕەبۆی هەیە ناتوانن لە چاکسازییەکان چارەسەر وەرنگرن. وتیشی: "تا ئێستا چەندین جار هەوڵمانداوە بەر لێبوردنی تایبەت بکەون و ئەو ماوەیەی لە ژیان ماویانە لەناو خانەوادەیان بەسەری ببەن، زیندانیکراومان هەیە نزیکەی ٢٠ ساڵە لە چاکسازییە بەڵام لەبەرئەوەی زیندانی تاهەتاییە بەر هیچ لێبوردنێک نەکەوتووە".

 

"سزادراو هەبووە کە پزیشک چووە بینیویەتی مۆڵەتی ١٠ ڕۆژی بۆ داناوە کە دەژی بەڵام بەداخەوە لایەنە پەیوەندیدارەکان نەچوون بەدەمیەوە و سەرئەنجام گیانی لەدەستداوە، چەندان کەیسی تراژیدی تر هەیە کە بەڕاستی لایەنی پەیوەندیدار لێی بێخەمە و لێی بێئاگایە، ئێمە دەستەی مافی مرۆڤ و لیژنەکانی پەرلەمان و پەرلەمانتارمان هەیە، وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیمان هەیە دەتوانن بەدوادواچوون بۆ دۆزی زیندانیانی ژن بکەن، چونکە کێشەی ژنانی زیندانیکراو لەبەر عورفی کۆمەڵگە لە زیندانیانی پیاو زیاترە".

 

"کەسوکاری ئەو ژنانە بێدەنگن و لێکترازانی خێزانیی دروست دەبێت"

بەشێکی زۆری کەسوکاری ژنانی زیندانی بێدەنگن، لەوبارەیەوە ڕوپاک وتی: "تا ئێمە نەچینە زیندانەکان نازانین کەیسی لەو جۆرە هەیە، هەرکەسێک کە بە زوڵم و نایاسایی دەستگیرکرا پێویستە کە کەسوکارەکەی بێنەدەنگ، چونکە قبوڵکردنی زوڵم وادەکات کە کەسوکارەکەشی بەشدار بن لەو ناحەقیەی بەرامبەر ئەو ژنە دەکرێت، لە کوێی مافی ژناندا هاتووە لەسەر لایک و کۆمێنت و بیروڕای ئازاد چەند ساڵ سزا بدرێت و بێ دادگایی ڕابگیرێت، ژنانی زیندانیکراو شیرازەی خێزانییان تێکچووە، هاوژینەکانیان لەبەر عورفی کۆمەڵگە ئەوەی پێ قبوڵ نەبووە کە هاوژینەکەی لە زیندان بێت و جیابوونەتەوە، بەشێکی زۆریان هەیە ساڵ دەبێت کە منداڵەکانی نەبینیوە.

 

ژمارەیەکی زۆر منداڵ لە زیندانەکان لەگەڵ دایکیانن

ئەو پەرلەمانتارە سەبارەت بە منداڵی ئەو ژنانە وتی: "حاڵەتێکی تر کە زۆر بۆی بەداخین ئەوەیە ڕێژەی ژن چەند بێت، نیوە زیاتری منداڵە لە زینداندا، منداڵ هەیە لەگەڵ دایکیەتی کەس نییە لە دەرەوەی زیندان بەخێوی بکات، لە چاکسازی سلێمانی ٧٠ منداڵ هەن لێرەدا چاکسازیش دەلێت 'من چاکسازیم بۆ ژنان و نەوجەوان کردوەتەوە نەک منداڵان' هەروەها لە ڕووی پەروەردەوە ئەو منداڵانە زیانیان بەردەکەوێت ئەو منداڵانە کاتیک چاودەکەنەوە دەبینن لە زیندان گەورەبوون بێ ئەوەی دەرەوە ببینن، ئەوەش پێشێلکردنی مافی منداڵە".

 

ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو منداڵانە ئەگەر لە دەرەوەش کەسێک نەبێت بەخێویان بکات دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان شوێنێک دابینبکات و خانەیەکی چاکسازی بۆ ئەو منداڵانە بکاتەوە کە دایکیان زیندانیکراون و داڵدەیان بدات، چونکە ئەو منداڵانە لە ڕووی پەروەردەیی و سۆزەوە پێشێلکارییان بەرامبەر دەکرێت.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا ڕوپاک ئەحمەد، پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەکرد کە ژنانی زیندانیکراو رێگەیان پێنادرێت لە زیندانەوە پەیوەندی لەگەڵ کەسوکاریان ئەنجامبدەن و ڕێگەش نادەن پارێزەر بیانبینێت، وتیشی: "ئەمە مامەڵەیەکی ناتەندروستە چونکە پارێزەر یان ڕاگیراو هەرکات بیانەوێت دەتوانن چاوپیکەوتن ئەنجامبدەن لەسەر ئەو دۆسیەی هەیە و لەسەر ڕۆژی دادگایی کردن دەبێت قسە و گفتوگۆ لەگەڵ یەکتری بکەن، دەبێت پاریزەر بزانێت ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵ راگیراو چییە و چۆن بەرگری لێبکات، ئەوە مافێکە لە هەموو دنیا جێبەجێدەلرێت".

 

ت.پ