پرۆسەی ئاشتی لە قۆناغێکی نوێدا؛ یاسای چوارچێوەو مشتومڕەکانی
سەرەڕای ئەوەی کە یاسای چوارچێوە بە هەنگاوێکی یەکەم بەرەو گواستنەوەی ڕێڕەوی چارەسەر لە چوارچێوەی سیاسییەوە بۆ سەر زەمینەیەکی یاسایی هەژمار دەکرێت، بەڵام سنوورداری ماددەکانی و نەبوونی دڵنیایی ڕوون دەربارەی میکانیزمەکانی جێبەجێکردن پرسیار دروست دەکەن.
مەمیهان هیلبین زەیدان
وان ـ زیاتر لە ساڵێک بەسەر ئەو ڕێڕەوەدا تێپەڕیوە کە لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ەوە دەستی پێکرد بە "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" کە لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە ڕاگەیاندرا، دوای هەنگاوی گرنگ کە لەلایەن لایەنی کوردییەوە نران بە ئامانجی پێشخستنی ڕێڕەوەکە بەرەو پێشەوە، لە ٥ی ئابدا پێشنیاری "یاسای بەهێزکردنی پێکەوەیی نیشتمانی و ئەنتیگراسیۆنی کۆمەڵایەتی" پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمانی تورکیا کرا و بە فەرمی ڕاگەیاندرا.
لەگەڵ پەسەندکردنی یاساکە لە پەرلەمان، ڕێڕەوەکە هاندەرێکی بەدەستهێنا و گواسترایەوە بۆ قۆناغێکی نوێ، کوردەکان بە "یاسای دەستپێک" دەیژمێرن، بە ئاماژەکردن بۆ ئەوەی کە ڕێگا دەكاتەوە لەبەردەم ئەو هەنگاوانەی کە لە قۆناغی داهاتوودا دەنرێن.
"کێشەی کوردی ئێستا لە ناو زەمینەیەکی ڕەوادایە"
مەهتاب ئیشیک، ئەندامی لقی وان لە کۆمەڵەی پارێزەران لە پێناو ئازادیدا (ÖHD)، ڕایگەیاند، کە یاسای چوارچێوە بە شێوەیەکی ئەرێنی هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت لەلایەن یاساناسانەوە وەک یەکەم هەنگاو بەرەو چارەسەرکردنی کێشەیەکی سەدەیک وتی: ئێمە وەک داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ، یاسای چوارچێوە بە گرنگ دەزانین، چونکە دەبێتە هۆی شەرعیەتدان بە دۆخەکە، چەند سەدەیەک نکوڵی لە بوونی کورد دەکرێت، بەڵام ئیتر ناتوانرێت نکۆڵی لەوە بکرێت. ئێمە ئێستا لە قۆناغێکداین کە دەتوانرێت لەسەر بنەمایەکی شەرعیتر ئەم پرسە گفتوگۆ بکرێت، دوای داننان بە بوونی و پێویستی چارەسەرکردنی، یاسای چوارچێوە دەتوانێت دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی (MGK) بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
"یاساکە هەمووان ناگرێتەوە"
مەهتاب ئیشیک ئاماژەی بە بوونی لایەنی ئەرێنی و نەرێنی کرد لە یاساکەدا، وتی: مەیدانێک دەبێت کە گفتوگۆکانی تیادا ئەنجام بدرێت لەناو زەمینەیەکی ڕەوا و یاساییدا، کاری تیادا بکرێت بۆ مسۆگەریکردنی مافەکان بە شێوەیەکی گەورەتر، یاسای چوارچێوە مەیدان دەكاتەوە لەبەردەم کۆتاییهاتنی توندوتیژی، پێشکەوتنی مەیدانی سیاسی، گفتوگۆکردنی کێشەی کوردی لە هەردووی لایەنە یاسایی و سیاسییەکانەوە.
خستەیە ڕوو، ئەوانەی کە پێش ساڵی ٢٠٠٥ سزای هەتاییان بەسەردا سەپێنراوە سود لە یاساکە نابینن، هەروەها ئەو سزادراوانەی سزای هەتایی توندیان بەسەردا سەپێنراوە، ئەوانەی دادگایی کراون بە تۆمەتی ”کوشتنی مرۆڤ و هەوڵدان بۆ کوشتنی مرۆڤ”، لەم ڕوانگەیەوە ئێمە پێمان وایە یاسای چوارچێوە زۆر دادپەروەر نییە، بە شێوەیەکی بێلایەن جێبەجێ ناکرێت.
دۆسیەی ئەوانەی بەپێی یاسای ژمارە ٣٧١٣ دادگایی کراون دەوەستێت دوا بە دوای ئەنجامدانی پشکنین و سەلماندن بەپێی یاساکە وتی: ئەم یاسایە پێویستە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و جێبەجێ بکرێت بە شێوەیەکی گشتگیر، هەروەها یاساکە ماددە لەخۆناگرێت کە پەیوەندییان هەبێت بە لابردنی بەربەستەکان لەبەردەم بەکارهێنانی زمانی دایک، یان کێشەی کۆنەکان لەسەر شارەوانییەکان یان یەکسانی لە هاوڵاتیبووندا.
ڕوونیکردەوە، بەو وتەیەی، یاسای چوارچێوە بە هەنگاوێک دەبینین کە ڕێگا دەکاتەوە لەبەردەم گۆڕانی دیموکراتی، ڕەنگە ئەم شتانە لە یاساکەدا نەبن، بەڵام ئەو ماددانەن کە دەتوانن لە قۆناغەکانی دواتروە بێن لەناو کەشوهەوایەکدا کە لەمەودوا دروست دەبێت، لە قۆناغی یەکەمدا، چاوەڕوان دەکرێت کۆتایی بە دۆسیەکانی لێکۆڵینەوە و دادگایی و کەیسە دادوەرییەکان بهێنرێت، هەموو ئەوەی کە پەیوەندی بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە هەیە، دوای ئەوە دەتوانرێت بگوازرێتەوە بۆ قۆناغی دووەم و سێیەم، کە دەتوانین بیانناسین بەو قۆناغە پەیوەندیدارانەی بە مافە کۆمەڵایەتییەکان.
"سیاسەتە ئەمنییەکان بەردەوامن"
مەهتاب ئیشیک ئەوەشی دووپات کردەوە، کە هێشتنەوەی یاسای چوارچێوە لەلای لیژنەی لاوەکی چاودێری و سەلماندن دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئاشکرای دەکات کە پرۆسەکە بەپێی سیاسەتە ئەمنییەکان بەڕێوەدەچێت، وتی: ناتوانرێت کێشەی کوردی و نە کێشەی زمانی دایک چارەسەر بکرێت لە ڕێگەی سیاسەتە ئەمنییەکانەوە، ناردنی لیژنەی لاوەکی چاودێری و سەلماندن بۆ ڕەزامەندی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی، هەروەها ڕەزامەندی و رۆڵی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی (MİT)، ڕێڕەوەکە نائارام دەکات، بە وردی نازانین چۆن پشکنین و سەلماندن ئەنجام دەدرێت، هیچ ڕوونییەک نییە دەربارەی ئەوەی ئایا دامەزراوەکانی تر چاودێری پرۆسەکە دەکەن، ئایا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ئەنجام دەدرێت، لە یاساکەشدا هیچ ڕوونییەک لەم بارەیەوە نییە.
سەبارەت بەو قسەیەی کە ئایا ئەوە لە ماوەیەکی کورتدا جێبەجێ دەکرێت یان بەجێهێشتنی بابەتەکە بە تەواوی بۆ متمانەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی دەبێتە هۆی درێژکردنەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ و دواخستنی ڕێڕەوەکە دەردەکەوێت وتی: ئەم بابەتانە لە ناوچەیەکی خۆڵەمێشیدا بەجێهێندراون، کاتێک بابەتەکان لە ناوچەیەکی خۆڵەمێشیدا بەجێدەهێڵرێن، لای خەڵکیش کێشەی متمانە دەردەکەوێت بەرامبەر بە ڕێڕەوەکە و بەرامبەر بە پرۆسەی گۆڕان بۆ سەر ڕێڕەوێکی کۆمەڵایەتی.
"پێشڕەویی ڕێڕەوەکە لە لایەنێکەوە پرسیار دەوروژێنێت"
مەهتاب ئیشیک ئاماژەی بەوەشکرد نەبوونی ڕوونی دەربارەی میکانیزمی کاری ئەو لیژنە لاوەکیانەی کە بەپێی یاسای چوارچێوە دروست دەکرێن متمانەی بە یاساکە هەژاند، وتی: باشتر دەبێت کە دەستکاری لە یاساکاندا بکرێت پێش ئەوەی یاسای چوارچێوە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ناوچە خۆڵەمێشییەکان ڕوون بكرێنەوە و بۆچونی گشتی پێیان ئاگادار بکرێتەوە، دواتر یاساکە لەسەر ئەو بنەمایە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەمە زەمینەیەکی یاسایی باشتر دروست دەکات و ڕێگا و میکانیزمێکی باشتر دابین دەکات.
وتیشی: هیچ ڕێکخراوێکی مەدەنی نییە، کەس لەو دەستەیەی کە پێی دەوترێت دەستەی چاودێری بوونی نییە و کەواتە پێویستە بەشێک لەو دەستەیەش بوونی هەبێت کە لە بۆچونی گشتیدا دروست بووە، ئەگەر کەموکوڕییەک هەبێت، لانیکەم پێویستە ئەوان باسی بکەن، پرۆسەکە بەو شێوەیە بە شێوەیەکی هاوبەش بەڕێوەببرێت، پێشڕەویی ڕێڕەوەکە لە لایەنێکەوە پرسیار دەوروژێنێت لەلای خەڵکدا.
"بوونی عەبدوڵا ئۆجالان لەو لیژنانەدا زۆر گرنگە"
مەهتاب ئیشیک جەختی لەوە کردەوە، کە یەکێک لە لایەنەکانی دانوستان لە ڕێڕەوەکەدا ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە، بوونی ئەو لەو لێژنانەدا زۆر گرنگ دەبێت وتی: لەپێناو ئەنجامدانی گفتوگۆکان لەسەر زەمینەیەکی هاوبەشدا، پێویستە بارودۆخی بەڕێز ئۆجالان باشتر بکرێت، پێمان وا نییە کە دانوستانەکان بە شێوەیەکی باش لە دوورگەی ئیمراڵی بەڕێوەبچن، کە تیایدا چاوپێکەوتنەکان و دەرفەتەکان زۆر سنووردارن بۆیە پێویستە لە بارودۆخێکی ئازادتردا ئەنجام بدرێن.
ئەگەر ژینگەیەک بۆ پشکنین و سەلماندن و چەکدانان دروست بکرێت، ئەوا دەبێت هەروەک وتەبێژەکەمان دەیخاتە ڕوو بارودۆخی ڕێبەر ئۆجالان باشتر بکرێت وتی: پێویستە ئەو دەرفەتانەی بۆ دابین بکرێت کە ڕێگەی پێبدەن بە شێوەیەکی ئازادتر لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکاندا باس لە بابەتەکان بکات، تاوەکو ڕێڕەوەکە بە شێوەیەکی تەندروست بەڕێوەبچێت، ئەگەرنا ئێمە لەبەردەم ڕێڕەوێکدا دەبین کە تیایدا تەنها یەک لایەن بڕیاردەرە، بڕیارەکانی تەنها یەک لایەن تیایدا جێبەجێ دەکرێن، ئەمەش زیان بە ڕێڕەوەکە دەگەیەنێت.
"پێویستی بە دانپێدانانێکی یاسایی فراوانتر هەیە"
مەهتاب ئیشیک تیشکی خستە سەر گرنگی کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی توندوتیژی لە ڕێگەی ئەو یاسایەی کە پەسەند کرا، چارەسەرکردنی کێشەی کوردی کە لە چەندین سەدەوە بەردەوامە بە شێوەیەکی ئاشتیانە و بەردەوام لە ڕێگەی هەنگاوی یاساییەوە، وتی: یاساکە بە شێوەی ئێستای، دەتوانرێت وەکو تێپەڕبوون بەسەر تێپەڕگایەکی گرنگدا هەژمار بکرێت، پێشتریش شایەتحاڵی ڕێڕەوی چارەسەر و دانوستان بووین، بەڵام نەگوێزرانەوە بۆ ڕەهەندی یاسایی، هیچ یاسایەک یان یاسایەکی چوارچێوە یان شێوازێکی هاوشێوە بۆیان دانەنرا، کاتێک ئەم شتانە دەستەبەر نابن، هیچ دڵنیاییەکی تەواو بۆ ئاسایش و متمانە لە ڕێڕەوەکەدا بوونی نابێت.
لە کۆتاییدا، مەهتاب ئیشیک، ئەندامی لقی وان لە کۆمەڵەی پارێزەران لە پێناو ئازادیدا (ÖHD)، وتی: لەو قۆناغەدا، بوونی یاسایەکی چوارچێوە، بەستنەوەی ڕێڕەوەکە بە یاسایەوە و گۆڕینی بۆ یاسایەکی کارپێکراو، دەردەخات کە پرۆسەکە بە متمانەیەکی یاسایی گەورەترەوە پێشڕەوی دەکات، بەڵام دانپێدانان بە گەلی کورد و زمان و کولتوور و ناسنامەکەی پێویستی بە دانپێدانانێکی یاسایی فراوانتر هەیە.