"ڕاگەیاندنی ئازاد پردی پەیوەندی نێوان گەل و شۆڕشە"

لەگەڵ ئەو تێکۆشانە بێ وێنەیەی کە دەکرێت، هێرشێکیش هەیە بۆ سەر ڕاگەیاندنکاران کە لەناو دەزگا میدیاییە ئازادەکاندا کار دەکەن، لە هەر چوار پارچەی کوردستان بوونی هەیە، ڕۆژنامەنووسێکیش دەڵێت: ژنان پێشەنگایەتیش دەکەن و بە ئامانجیش دەگیرێن.

بانە ڕۆز

 

سلێمانی- ڕاگەیاندن یاخود ڕۆژنامەگەری ئازاد، ڕەوتێکە بۆ بەرژەوەندی گەل و تاکەکانی کۆمەڵ کار دەکات، لە کوردستانیشدا ڕاگەیاندنی ئازاد مەیدانێکە بۆ شۆڕشی فکری و بەرەنگار بوونەوەی هەر لایەنێک کە لە دژی گەل کار دەکات و ئامانجی چەوساندنەوە و داگیرکاریە بۆ سەر خاک و کولتوور و زمان و نەتەوەی کورد، لە ڕاگەیاندنی ئازادەوە هێز بۆ نیشتیمان دروست دەکرێت و بەو بوێریەی ڕۆژنامەنووسانی ئازاد و میدیاکارانی ئازاد هەیانە، گەل دێتەوە سەر ئاڕاستەی بەرخۆدان، گرنگترین جۆری بەرەنگاری داگیرکاری و چەوساندنەوە، بەرەنگاریە لە ڕێی پێنووسەوە، چونکە لە ڕێی ڕۆژنامەگەری و میدیاوە تاکەکانی کۆمەڵ تەنها بەرەو شۆڕشی چەکداری پاڵنانرێن، بەڵکو بەرەو شۆڕشێکی فکریش پاڵ دەنرێن.

 

هەوار محەمەد، ڕۆژنامەنووس، لە باسی مێژووی ڕاگەیاندنی ئازاددا دەڵێت: لەگەڵ دامەزراندنی تەڤگەری ئازادی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٨دا، ڕاگەیاندنی ئازادیش لەگەڵ ئەودا دامەزرا، لە ڕۆژنامەی سەرخۆ بوونەوە دەستپێدەکات و لە دوایەوە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤاری تر دەبن بە زمانحاڵی ئەم تەڤگەرە، پاشان لە ساڵی ١٩٩٥ مەد تیڤی دروست دەبێت، کە کەناڵێکە بە هەر شێوازێک خزمەت بە کوردستان دەکات، وەکو یەکەم دەزگای ڕاگەیاندن. لێرەوە ڕاگەیاندنی کوردی ئاوەدان دەبێتەوە، ڕاگەیاندنی ئازاد دروستکردنی پەیوەندیە لە نێوان گەل و ئەو شۆڕشەی بەر لە پەنجا ساڵ لە کوردستاندا پەیڕەو کراوە.

 

هەوار محەمەد ئاماژەی بەوەشدا، کە لە ئێستادا لە چوار پارچەی کوردستان و لە دەرەوەی وڵاتیش ڕاگەیاندنی ئازاد بووە بە زمانحاڵی خەڵکی کوردستان، وە لە ڕێگای ڕاگەیاندنی ئازادەوە، داگیرکاری فاشیستان و هەوڵەکانی کولتووری پیاوسالاری بۆ بێ ڕۆڵکردنی ژنانی کورد و پلانگێڕیەکانی سیستمی سەرمایەداری بۆ تێکدانی ئیکۆلۆژی و دەروونی تاک، بۆ خەڵك دەخرێتە ڕوو.

 

"ژنان لە ناو ڕاگەیاندنی ئازاددا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەیە"

هەوار محەمەد، ئاماژەی بەوەشکرد کە، ڕاگەیاندی ئازاد دەنگێکە بۆ ژنانی کورد و ژنانی ئازاد، کار لەسەر دەرخستنی ڕاستیەکانی ژنی کورد دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا مێژووی ڕەسەنی ژنانی کورد دەردەخات، چونکە لە لایەنەکانی ترەوە دەبینین کە مێژووی ژنی کورد لە ڕاستی داماڵراوە و بۆچوونێکی پیاوسالاری نوسراوەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ژنان لەناو ڕاگەیاندنی ئازاددا ڕۆڵێکی هەرە بەرچاویان بینیوە، بەجۆرێک لەلایەن سیستمەوە هەوڵی قۆرخکردنی خێزان و کۆمەڵگە و هەموو دامودەزگاکانی تر دەدرێت، بە مەبەستی ون کردنی ڕەنجی ژنان و بچووک کردنەوەی ژنان، بەڵام میدیای ئازاد دەرگای بۆ ژنان کردووەتەوە کە بە وردی کار لەسەر ئەمە بکەن و دەرفەت دەدرێت کە ژنی ئازاد دروست ببێت، لەبەرچاویشە کە لە ڕاگەیاندنی ئازاددا ژنان جێگا و پێگەیەکی زۆر باشیان قایم کردووە.

 

"ژنان کە پێشەنگایەتی دەکەن، بە ئامانجیش دەگیرێن"

هەوار محەمەد، لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، کە لەگەڵ ئەو تێکۆشانە بێ وێنەیەی کە دەکرێت، هێرشێکیش هەیە بۆ سەر ڕاگەیاندنکاران کە لەناو دەزگا میدیاییە ئازادەکاندا کار دەکەن، لە هەر چوار پارچەی کوردستان لەلایەن داگیرکەران و فاشیستانەوە بوونی هەیە، لە ناو ئەم هێڵەشدا کە ژنان پێشەنگایەتی دەکەن، بە ئامانجیش دەگیرێن. نموونەی شەهید نوژیان ئارهان لە شەنگال و ژنانی شەهیدی دیکەمان هەیە کە بەوپەڕی ڕێزەوە یادیان دەکەینەوە، وتیشی: چەندین نموونەی تریشمان هەیە لە باکووری کوردستان کە بە دەیان ڕۆژنامەنووسی ژن لە زیندانن و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهەمان شێوە.

 

هەوار محەمەد باسی لە تێکۆشانی ژنانی کورد کرد، کە لەناو تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کورد و هێڵی ڕاگەیاندندا ژنان ئیرادەیەکیان لە خۆیاندا سەوز کردووە کە تێکۆشانیان بەردەوام دەکات، ژنانی ئازاد دەزانن بۆچی تێدەکۆشن و لە دژی چ سیستمێک تێدەکۆشن و ڕووبەڕووی چ مەترسیەک دەبنەوە و بەر لە هەرشتێک خۆیان ئامادە کردووە بۆ بەرەنگاری هەر توندوتیژیەک و تیرۆرێک و دەستدرێژیەک.

 

لە کۆتاییدا وتی: لە باشووری کوردستان ئەو میدیایانەی کە لە خزمەتی دەسەڵاتدا کار دەکەن، دەرفەت ناڕەخسێنن کە ژنان شوێن بگرن و وزەی نەبڕاوەی خۆیان لە خەباتی فکری و کۆمەڵایەتیدا بەکاربهێنن، هەرچەندە بەشداریان هەیە بەڵام بە پێی پێویست نیە و بە بۆچوونێکی پیاوسالاریە، دەبینین کە دەسەڵات شەڕی تایبەت دروست دەکات بەرامبەر ڕۆژنامەنووسانی ژن، لە ڕێگای مووچە و ڕاکێشان و دەرکردنیان لە ڕاگەیاندنی ئازاددا، بەڵام هێشتا ژنان لە ڕاگەیاندنی ئازاددا لە تێکۆشان نەکەوتوون و بەردەوامن.