"شارەوانییەکان ناوەندی سەرەکی خزمەتکردنی گەلن"

سەرۆکی پێشووی شارەوانی هەڵەبجە پیرۆزبایی سەرکەوتنی دەم پارتی لە باکووری کوردستان دەکات و دەڵێت: پێگەی شارەوانییەکان پێگەیەکی هەستیارە و لە باکووری کوردستانیش سیستمی هاوسەرۆکایەتی جێگەی بایەخ و گرنگی پێدانە.

میهرەبان سەلام کاکەیی

 

هەڵەبجە- ٣١ی ئادار لە باکووری کوردستان و تورکیا هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەڕێوەچوو، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی سێ شاری گەورە، ٧ شار و بە گشتی زیاتر لە ٧٥ شارەوانی بەدەستهێنا، کە بە سیستمی هاوسەرۆکایەتی بەڕێوەیان دەبات.

 

لە میانەی دەستبەکاربوونی هاوسەرۆکانی شارەوانییەکان، ڕایانگەیاند، کە شارەوانییەکان بۆ خزمەتی گەلن و هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی شارەوانییەکانەوە ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک بۆ خەڵک دەستەبەر بکەن.

 

سەرکەوتنی دەم پارتی لە باکووری کوردستان، بووە جێگەی سەرنجی کوردان لە کوردستان و جیهان، لە باشووری کوردستان، گەل خاوەن لە باکووری کوردستان دەرکەوت و پیرۆزبایی سەرکەوتنیان بەسەر فاشیزمدا لە گەلی باکووری کوردستان کرد.

 

"سیستمی هاوسەرۆکایەتی جێگەی بایەخ و گرنگی پێدانە"

لە هەڵبژاردنی باکووری کوردستاندا ژنان توانیان زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنن و بە هاوسەرۆکایەتی بچنە ناو شارەوانییەکان، لەو بارەیەوە کوێستان ئەکرەم، سەرۆکی پێشووی شارەوانی هەڵەبجە، پیرۆزبایی لەو سەرکەوتنە گەورەیەی باکووری کوردستان کرد و وتی: پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنە گەورەیە دەکەم، ژنان دەتوانن پێگەی دیاریان هەبێت، چونکە پێگەی شارەوانییەکان پێگەیەکی هەستیارە و لە باکووری کوردستانیش سیستمی هاوسەرۆکایەتی جێگەی بایەخ و گرنگی پێدانە.

 

کوێستان ئەکرەم لە سەرۆکی پێشووی شارەوانی هەڵەبجە بوو، باس لە گرنگی و ڕۆڵی شارەوانییەکان دەکات لە خزمەتکردن بە خەڵک و وتی: بە پێی ئەزموونی خۆم کە سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە بووم، شارەوانییەکان و جێبەجێکردنی سیستمی هاوسەرۆکایەتی باشترین بژاردەیە، بە مەرجێک هاوسەنگی تەواو هەبێت لە نێون تاکەکاندا و ئەوەی لە باکووری کوردستان پەیڕەو دەکرێت، یەکێکە لە سیستمە سەرکەوتووەکان.

 

کوێستان ئەکرەم باس لە ئەزمونی خۆی دەکات، کە ئەو خزمەتگوزارییانەی ژن دەیکات وردترە و لە خزمەتی گەلدایە، "هەندێک کار هەیە ژنان بیری لێدەکەنەوە و پیاو بیری لێناکەتەوە و بە پێچەوانەشەوە ڕاستە، بۆیە دەبن بە تەواوکەری یەکتر و سیستمی هاوسەرۆکی خزمەت بە هاوڵاتیان دەکات.

 

پێگەی سەرۆکی شارەوانی پێگەیەکی هەستیارە

کوێستان ئەکرەم لە بارەی ڕۆڵی شارەوانییەکانەوە وتی: لە هەندێک وڵات سەرۆکی شارەوانی دوای ئەرکەکەی دەبێتە سەرۆک کۆمار و چەندین نمونەش هەیە، ئەمە ئەوە دەگەیەنێت سەرۆکی شارەوانی هەستیارە و لە سەرجەم جومگەکاندا کاریگەری هەیە.

 

هەروەها باس لە بیرەوەری خۆی دەکات، کاتێک سەرۆکی شارەوانی بووە سەردانی ئامەدی باکووری کوردستانی کردووە و لەلایەن سەلاحەدین دەمیرتاشەوە بانگهێشت کراوە، بینیویەتی کە شارەوانییەکان ڕۆڵیان هەیە لە سەرجەم بوارەکانی هونەر و وەرزش و کولتوور و ڕۆشنبیری و ...هتد، بوونی ژنانیش دەتوانێت ڕۆڵەکە کاراتر بکات.