زیرەکیی دەستکرد چەکێکی نوێ لە دەستی تاوانباراندا
شیرین دیار - نووسەر
لە سەردەمێکدا دەژین کە سنووری نێوان واقیع و جیهانی مەجازی خەریکە نامێنێت، تاوانباران چیتر پێویستیان بە چەقۆ و دەمانچە نییە بۆ بڕینی ماڵەکان و تێکدانی ژیانی تاکەکان، بەڵکو تەنیا بە کلیک و لە پشت شاشەکانەوە دەتوانن بچنە ناو تایبەتمەندترین کایەکانی ژیانی تاکەکەس و خێزانەوە. تاوانە ئەلیکترۆنییەکان لە هەرێمی کوردستان لە دیاردەوە بوونەتە هەڕەشەیەکی راستەقینە کە رۆژانە دەیان قوربانی لە دوای خۆیان بەجێدەهێڵن.
ئەگەر دوێنێ تەنیا هاککردنی ئەکاونتێک مەترسی بووبێت، ئەوا ئێستا مەترسییەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی ترسناکتر. بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای (دیپ فەیک)ی زیرەکی دەستکرد بۆ دروستکردنی دەنگ و رەنگی دەستکرد، بووەتە ئامرازێک بۆ فریودان و هەڕەشەکردن. تاوانباران دەتوانن وێنە یان ڤیدیۆی ئاسایی بگۆڕن بۆ بابەتێکی نەشیاو وەک گوشارێک بۆ وەرگرتنی پارە، ئەمەش زۆرجار قوربانییەکە دەخاتە ناو بارودۆخێکی دەروونیی ئاڵۆزەوە و وای لێدەکات بیر لە خۆکوشتن بکاتەوە.
لە هەرێمی کوردستان، یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن (ژمارە ٦ی ساڵی ٢٠٠٨ هەیە بۆ لێپێچینەوە و سزادانی ئەو کەسانەی لە رێگەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانەوە تاوان دەکەن، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە لەلای پسپۆڕانی یاسایی ئەوەیە: ئایا یاسایەک کە ١٧ ساڵ لەمەوبەر نووسراوە، دەتوانێت رووبەڕووی تاوانە پێشکەوتووەکانی سەردەمی زیرەکی دەستکرد ببێتەوە؟ زۆرێک لە یاساناسان پێیانوایە پێویستمان بە هەموارکردنەوەی یاساکان یان دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بە (تاوانە تەکنۆلۆژییەکان) هەیە بۆئەوەی هیچ تاوانبارێک لە سزا دەربازی نەبێت.
یەکێک لە گەورەترین کێشەکان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، ترسی قوربانییە لە ناوزڕاندن، زۆرێک لەو کچ و کوڕانەی دەبنە قوربانیی هەڕەشە ئەلیکترۆنییەکان، لە ترسی کاردانەوەی خێزان و کۆمەڵگە، پەنا بۆ پۆلیس نابەن و بێدەنگ دەبن، ئەم بێدەنگییەش دەبێتە سووتەمەنی بۆ تاوانباران تا زیاتر بەردەوام بن. لێرەدا رۆڵی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاکان دێتە پێشەوە بۆ گۆڕینی ئەم تێڕوانینە و هاندانی خەڵک کە داواکردنی ماف عەیبە نییە.
پسپۆڕانی ئاسایشی دیجیتاڵی جەخت لە چەند خاڵێکی سەرەکی دەکەنەوە بۆ پاراستنی تاکەکان لەوانە:
١-کاراکردنی بەرگریی دوو قۆناغی پشتڕاستکردنەوە بۆ سەرجەم هەژمارەکان، لە کاتی چوونەژوورەوە بۆ هەر هەژمارێکی کەسی.
٢-متمانە نەکردن بەو کەسانەی لە پشت شاشەکانەوە بە ناسنامەی نادیارەوە پەیوەندیت پێوە دەکەن.
٣-دانەگرتنی هیچ لینک و فایلێکی گوماناوی کە لە رێگەی ئیمەیڵ یان نامەوە نێردراون.
ئاسایشی دیجیتاڵی چیتر پرسێکی لاوەکی نییە، بەڵکو بەشێکی گرنگە لە ئاسایشی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی، پێویستە لایەنی بەرپرس لە حکومەت، دەزگاکانی راگەیاندن و ناوەندەکانی خوێندن پێکەوە، کاربکەن بۆ دروستکردنی نەوەیەکی هۆشیار کە بزانێت چۆن لەم جیهانە نوێیەدا خۆی و خێزانەکەی بپارێزێت لەو چەکە نوێیەی لە دەستی تاوانباراندایە.