رەحمی کۆچ و دادگاییکردنی ئەقڵی شۆڤێنی
کەژاڵ ئەحمەد- شاعیرو نووسەر
سەبارەت بە نوکتە بێ تامە حەیابەرەکەی رەحمی کۆچ -ی بازرگان و یەکێ لە هەرە سەرمایەدارە ناودارەکانی تورکیا، کە ساڵی ١٩٣٠ لە ئەنقەرە لە دایکبووە، هەموو کۆمەڵگەی کوردی و بەتایبەتی ژنانی باکووری کوردستانی پەست و نیگەران کردووە و چەندین ناڕەزایینامە و سکاڵای یاساییش لە دژی ئەم خاوەن کۆمپانیا و مۆزەخانەیە بەرزکراوەتەوە . ئەگەرچی رەحمی بە رەسمی داوای لێبووردنیشی کردووە، بەڵام چەندین سەندیکا و ناوەندی وڵاتەکە سکاڵای یاساییان لە دژی تۆمارکردووە بە تۆمەتی رەگەزپەرستی و بێڕێزییکردن تۆمەتبارکراوە. ئەمە بۆ خۆی هەنگاوێکی گرنگە بەرەو رزگارکردنی کۆمەڵگەی تورکیی لە کەسانی شۆڤێنی و تێکدەرانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و بێ بایەخ کردنی ژن.
بابەتەکە کاتێک روویدا کە ئەم بازرگانە لە ئەزمیر نەخۆشخانەیەکی کردەوە، لە کاتی رێوڕەسمەکەدا نوکتەیەکی گێڕایەوە لەسەر ژنێکی کورد کە گوایە «دکتۆر پێی دەڵێت جلەکانت داکەنە- دەیەوێت پشکینی بۆ بکات، ژنەکەش دەڵێت دکتۆر سەرەتا تۆ جلەکانت دابکەنە!!» لە یەکێ لە کاردانەوەکانی شەرمەزارکردنی نوکتەکەی ئەو پیرەپیاوەدا، کۆمیتەی ژنانی نووسەری پێنی کوردی لە بەیاننامەیەکدا دەڵێن: «ئەو قسانەی رەحمی کۆچ نەک هەر سوکایەتیکردنن، بەڵکو تاوانێکن دژی کەرامەتی ژنان. قەدەغەکردنی زمانی کوردی و نەبوونی مەرجی پێویست بۆ ئەوەی ژنانی کورد بتوانن بە زمانی خۆیان لە نەخۆشخانەکانی تورکیادا نەخۆشییەکانیان باس بکەن، پێشێلکردنی مافی مرۆڤە. تەنیا لەبەرئەوەی ژنی کورد زمانی تۆ نازانێت مانای ئەوە نییە گەمژەیە.»
هەر بەهۆی ئەو نوکتەیەوە، گەورە بەرپرسانی وڵاتەکە هاتوونەتە سەر خەت و وادیارە رەحمی سامانەکەی بەهانایەوە نایەت، چونکە سەردەمەکە لەناکاو گۆڕاوە بۆ دادگایی کردنی ئەقڵی شۆڤێنی و هەموو بۆچوونێک کە روانینی رەگەزپەرستانە بە بیری جیهان بهێنێتەوە. بۆئەوەی تورکیا لە هاوپەیمانێتی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بێت هەم کۆمەڵگەیەکی دەنگهەڵبڕ بەرامبەر بە سووکایەتی و جیاکاریی دەبینین کە رەخنە گوێلێگیراو دەبێت، هەم حوکمڕانانی بەتەنگەوە هاتووی ئاهو ناڵەی کوردی مەزڵوم و تاکتیکی لەدەستنەدانی تەواوی قەڵەمڕەوییەکەیانن. گۆڕانکارییەکە باشە و وەک قسەکردنی سەرۆک وەزیرانی پێشوو داود ئۆغلو شایەنی چەپڵەبارانە، چونکە سەردەمانێک کوڕێکی گەنج لەسەر گۆرانیی وتن بەکوردیی، دەکوژرا. زۆر چیرۆکی تفت و تاڵی تر کە لەم قۆناغی هەوڵدان بۆ چەسپاندنی ئاشتییەدا برینەکان نەکولێنینەوە باشترە، با ئەو رۆژانە بڕۆن و هەرگیز نەیانبینینەوە. ئێستا گرنگە لەوە تێبگەین کە ئەو وڵاتانە لەپێناوی پاراستنی کیانی خۆیاندا چۆن هەموو شتێک دەکەن و قەناعەتەکانی دوێنێیان دەخەنەلاوە، کەواتە با بپرسین ئەی کورد بەنیازە چی بکات؟ ئەمە پرسیارێکی قورس نییە وەڵامەکەش ئاسانە، کورد دەبێت زۆر وریابێت گورگانخواردوو نەکرێت و قەوارەکەی بە رۆح و بەگیان بێگومان بە بەکارهێنانی مێشکیش بپارێزێت، چونکە پاراستنی هەرێمەکەمان زامنی ئایندەی هەموومانە.