پەرلەمانتاری بێ پەرلەمان

ڕووبار مەجید- مامۆستای زانکۆ

لە سیستمی دیموکراسیدا، ئەسڵ ئەوەیە کە ئەندامێتێ پەرلەمانتار بەندە بە بوونی پەرلەمانەوە وەک دامەزراوەیەکی دەستووری کە هەڵبژاردن بۆ ئەندامێتیی ئەو کراوە نەک لەسەر بنەمای تایبەت و کەسیی ئەو وەسفە درابێتە پاڵ کەسێک کە پەرلەمانتار بێت تەنیا لەبەر ئەوەی هەڵبژاردنی بۆ کراوە و حزبەکەی کردوویەتی بە نوێنەری خۆی لە پەرلەمان. 


لەبەر ئەوە ناکرێت گریمانەی ئەوە بکرێت کە سیفەتی پەرلەمانیی بەردەوام بێت بەبێ بوونی دامەزراوەیەکی دەستووری کە ئەندامێتییەکەی لەخۆ بگرێت، تەنها لە بارودۆخێکدا نەبێت کە بە یاسا، یان دەستوور، یان هیچ نەبێت عورفێکی دەستووری وەکو سەرچاوەیەک شەرعییەت بدرێت بە مانەوەی وەسفی پەرلەمانتاری بە پەرلەمانتارەکانمان، سەرەڕای نەبوونی پەرلەمان، چونکە پەرلەمان وەک خێزانێکی دەستووری وایە و ئێستا ئەندامەکانی بێ خێزان و سەر لێ شێواون، بە هۆکارێک کە راستە لە دەست خۆیاندا نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامبوون لەسەر ئەو ریتمە پێشینەیەکی دەستووریی چاولێکراو دروست دەکات کە رەنگە لە داهاتوودا ئەو شێوازە بە ئاسایی سەیر بکرێت و دووبارە ببێتەوە، چونکە پێداویستییەکی هەنووکەیی و تایبەت و هۆکاری سیاسی بۆتە هۆکاری مانەوەی پەرلەمانتارەکان کە ناکرێت ئەم زەڕوورەتە بکرێت بە سەرچاوەی شەرعییەت، بەڵکو دەبێت سەنەدێکی دەستووری و یاسایی هەبێت، چونکە پەرلەمان تەنها کۆمەڵە کەسێکی تێدا نییە کە ناویان پەرلەمانتار بێت، بەڵکو سەر بە دامەزراوەیەکن کە ویلایەت و دەسەڵات و تایبەتمەندی و کارەکانیانی لێوە وەردەگرن بەپێی دەستوور و یاسا، چونکە سەرچاوەی هەڵبژاردنیان دەستووریە لەبەر ئەوە پێویستە مانەوەشیان وەک پەرلەمانتار سەرەڕای نەبوونی پەرلەمان بە سەندێکی دەستووری و یاسایی هەبێت لە غیابی دامەزراوەی پەرلەماندا وەک سەنەدێکی دامەزراوەیی، چونکە زەرورەتی سیاسی و هەنووکەیی بۆ بەردەوامبوونی پەرلەمانتاران لە وەسفکردنیان بە پەرلەمانتار ناکرێت ببێت بە جێگرەوەی سەنەدی دامەزراوەیی یان دەستووری و یاسایی، چونکە پەرلەمانتاری واتە ئەرک و بەرپرسیارێتی واتە دەوامکردن و وتووێژ و بڕیار و یاسادانان و دیاریکردنی ئالیەتی کارکردن، بۆیە پێویستە چارەسەرێک بۆ ئەم چەقبەستووییە دابنرێت، چونکە لە داهاتوودا کاتێک ساڵی ٢٠٢٨خولی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان تەواو دەبێت، هەروەکو چۆن ساڵی ٢٠٢٢ خولی پەرلەمان درێژکرایەوە و دادگای فیدراڵی ساڵی ٢٠٢٣ بڕیاری دەرکرد بە نا دەستووری بوونی درێژکردنەوەی تەمەن و خولی  پەرلەمانی هەرێمی کوردستان. 


ئالێرەدا کێشەکە گەورە تر دەبێت، چونکە دادگای فیدراڵی ئەو کاتە توندتر دەبێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم بابەتەدا، چونکە هەروەکو چۆن پەرلەمانتاران بە دەنگی خەڵک هەڵدەبژێردرێن، بە هەمان شێوە دەبێت لە کاتی درێژکردنەوەی خول، یان نەبوونی سەنەدی دامەزراوەیی، یان دەستووری و یاسایی بۆ پەرلەمان، پرس بە خەڵک وەک سەرچاوەی شەرعییەتی پەرلەمانتاران بکرێت و رایان وەربگیرێت سەبارەت بەوەی کە چارەسەر چی بێت؟ ئایا دەنگدەر بەو بارودۆخە رازی دەبێت کە سەرەڕای ئەوەی کە دەنگیداوە، بەڵام دەنگەکەی نەخراوەتە کار و کار ناکات؟ بۆیە لێرەدا دەبێت دەنگدەر چاودێر بێت بەسەر دەنگ پێدراوەکەیەوە، هەروەک چۆن لە سیستمی دیموکراسیی نیمچە راستەوخۆدا لە سویسرا پەیڕەو دەکرێت کە دەنگدەر تا کۆتایی چاودێرە بەسەر پەرلەمان و دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە، بەڵام بە داخەوە لە هەرێمی کوردستان کەلێنی سیاسی کراوە بە پاساو بۆ دروستبوونی کەلێنی دەستووری و یاسایی کە هیچیان بە هیچیان پڕ ناکرێنەوە، بەڵکو پێویستە رێگه چارەی گونجاو بگیرێتە بەر.